شەرع ئامادەبوونی خۆی لە لوتکەی بەغدا پشتڕاست نەکردۆتەوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



 

ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی ڕوونیکردەوە، سەرۆکایەتی سوریا تا ئێستا ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سوریای لە لوتکەی عەرەبی کە بڕیارە لە عێراق بەڕێوەبچێت، پشتڕاست نەکردۆتەوە.

ئەحمەد ئەبو غەیت، ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی ڕۆژی سێشەممە بە کەناڵى ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاندووە: کۆمکاری عەرەبی دەستوەردان ناکات لە بڕیارەکانی وڵاتان سەبارەت بەو جۆرە پرسانە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە لەسەر ئەو وڵاتانەیە کە میوانداری لوتکەکان دەکەن نەک ئەمینداریەت و تەنها لە ناوی بانگهێشتکراوەکان ئاگادار دەکرێتەوە.

بڕیارە 17ـی مانگی داهاتوو لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا بکرێت. لە کاتی بەشداریکردنی لە دیداری سلێمانی، رۆژی چوارشەممە 2025-04-16 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بانگهێشت دەکرێت بۆ لووتکەکە؟"  گوتی، "بەڵێ، بە فەرمی بانگهێشتنامەمان بۆ ناردووە، بەخێربێت بۆ ئامادەبوون و بەشداریی لە کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبیدا." 

ئەو قسەیەی سوودانی ناڕەزایی بەشێک لە شیعەکانی لێکەوتەوە و داوا دەکەن، بڕیاری دادگە لەبارەی دەستگیرکردنی ئەحمەد شەرع جێبەجێبکرێت.

ئەحمەد ئەبو غەیت ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا کۆمەڵەکە پشتڕاستکردنەوەی سەبارەت بە بەشداریکردنی ئەحمەد شارع لە کۆبوونەوەی لوتکەی بەغدا بەدەست نەگەیشتووە.

دواى نزیکەى 12 ساڵ، کۆمکارى عەرەبی بڕیاری دا لووتکەی داهاتووی لە بەغدا بکات، ئەو بڕیارە لەسەر داواى حکومەتى عێراق بووە. ئەمەش دوای ئەوەی سووریا دەستبەرداری سەرۆکایەتیکردنی لووتکەکە بوو.

کۆمکاری عەرەبی لە ساڵی 1945 دامەزراوە، عێراق یەکێكە لە دامەزرێنەرانی کۆمکارەکە. ژمارەی ئەندامانی کۆمکار 22 ئەندامە، هەر یەک لە هیندستان و ئەریتریا و ڤەنزوێڵاش ئەندامی چاودێرن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار