لە جەرەمانای دیمەشق تائیستا 20 کەس کوژراون

6 كاتژمێر لەمەوپێش



 

پێکدادانی نێوان گرووپە چەکدارەکان لە ناوەوە و دەرەوەی ناوچەی جەرەمانا لە گوندەواری دیمەشق کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە، بەپێى زانیاریەکان نزیکەی 20 کەس کوژراون لەنێویاندا ئەندامانی ئاسایشی گشتی هەن.

هاوکات هەر ئەمڕۆ پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازییە جیاوازەکانی پارێزگای سویدە کۆبوونەوەیەکی فراوانکراویان ئەنجامدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکانی ئەم دواییەی شاری جەرەمانا.

میدیاکانی سوریا بڵاویانکردەوە، ئامادەبووان ڕێککەوتوون لەسەر ئاگربەستێکی هەمەلایەنە، لەنێویاندا جەرەمانا و ناوچەکانی دیکە، هاوکات جەختیان لەسەر گرنگی خۆگرتن و دانانی ئەولەویەتدان بە دیالۆگ بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی دۆخەکە.

لە دوێنێوە پێکدادانەکان لە گەڕەکی جەرەمانا لە گوندەواری دیمەشق بەردەوامن، سەرچاوە خۆجێییەکانیش باس لە کوژرانی نزیکەی 20 کەس لە هێزەکانی ئاسایشی گشتی و ئەو گرووپانە دەکەن، کە هێرشیان کردووەتە سەر جەرەمانا و گرووپە درووزەکانی ئەو ناوچەیە.

وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاندووە، "ناوچەی جەرەمانا پێکدادانی پچڕپچڕی بەخۆیەوە بینیوە لەنێوان گرووپە چەکدارەکان، لە ناوەوە و دەرەوەی ناوچەکە، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندین کەس، لەنێویاندا ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش هەن."
 
بەپێی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە، یەکەکانی هێزەکانی ئاسایشی گشتی بە پشتیوانی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری چوونەتە ناوچەکە بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان، گەمارۆیەکی ئەمنی بە دەوری ناوچەکەدا سەپێندراوە بۆ رێگریکردن لە رووداوی هاوشێوە.
 
وەزارەتەکە جەختی لەسەر پەرۆشیی خۆی کردەوە، بۆ بەدواداچوونی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە پێکدادانەکان و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بەپێی یاسا، دووپاتیشیکردەوە کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی خاوەنی ئەو تۆمارە دەنگییەی سووکایەتی بە پێغەمبەر محەمەد (د.خ) دەکات، کە دراوەتە پاڵ کەسێکی درووز، ئەمەش بووەتە هۆی گرژی ئەمنی لە دیمەشق و دەوروبەری و هێرشکردنە سەر ئەو ناوچەیەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی درووزن."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار