فوئاد حوسێن: مەترسیی داعش لە عێراق دووبارە سەریهەڵداوەتەوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، بەغدا نایەوێت شەڕ لە ناوچەکەدا پەرەبسەنێت و شەڕ لە خۆی دوور دەخاتەوە، دەشڵێت: مەترسیی داعش لە عێراق دووبارە سەریهەڵداوەتەوە.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا بە سکای نیوزی عەرەبی، ڕاگەیاند "پەیوەندیی نێوان ئەمەریکا و عێراق لەسەر چەند بنەمایەک دامەزراوە، لەوانەش ڕێککەوتنی ستراتیجی، هەروەها هەڵوێستی هاوبەشمان هەیە، بەتایبەت سەبارەت بە شەڕی تیرۆری داعش."
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، گفتوگۆی ستراتیجی لە نێوان عێراق و ئەمەریکادا هەیە، دەشڵێت: بەم زووانە گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان دەکرێت.
ڕوونیشیکردەوە، ڕێکخراوی داعش کار بۆ گەڕانەوە و بەدەستهێنانی چەک دەکات، هەوڵیش دەدات پلانی هێرش کردنی بۆ سەر زیندانەکانی سووریا کە چەکدارانی داعشی تیدا زیندانی کراوە هەیە.
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەش کرد، گفتوگۆ هەیەکە گرووپە چەکدارەکان بەسەردامەزراوەکانی دەوڵەت لە عێراق دابەش بکرێن، بۆ ئەوەی عێراق لە شەڕ دوور بخرێتەوە، هۆشداریشیدا "لە شەڕێکی هەرێمی لە ناوچەکەدا، کە کاردانەوەی مەترسیداری دەبێت".
سەبارەت بە پەیوەندییە هەرێمییەکان، فوئاد حوسێن، گوتی: گفتوگۆ لەگەڵ سووریا و وڵاتانی دراوسێی بەردەوامە لەسەر دۆخی ئەمنیی، دەشڵێت: سەقامگیری سووریا بۆ عێراق گرنگە.
فوئاد حوسێن، گوتیشی: لەگەڵ سووریا جەختمان لەسەر دامەزراندنی ناوەندێکی هاوبەش کردووتەوە، بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری دەربارەی داعش.
سەبارەت بە ئێرانیش جەختی لەوە کردەوە، بەغدا لێکۆڵینەوە لەسەر دۆخی ناوچەکە و پەیوەندی نێوان واشنتن و تاران دەکات و پاڵپشتی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا دەکات، چونکە ڕێکنەکەوتن بۆ ناوچەکە مەترسیدارە، بەتایبەتی ئەگەر بابەتەکە بگاتە ئاستی شەڕ.
