وەزیری بەرگریی عێراق: سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا پارێزراوە

13 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری بەرگریی عێراق دەڵێت، لەگەڵ سووریا بەرێژەی ٪99 سنوورەکانی عێراق پارێزراوە و ئەو 1٪ەی ماوە، تەنیا بۆ ئەگەری روودانی دزەکردنی چەکدار و هەڵەی سەربازیی دیاریکراوە.
سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە دیمانەیەکدا لەبارەی سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا رایگەیاندووە، لەپاش کەوتنی دەسەڵاتی ئەسەد، وەک پێویست مامەڵە لەگەڵ ئەو سنوورانە کراوە و هێزی ئەمنی و تایبەتی تیادا بڵاوکراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سنوورەکانەوە جوڵەی داعش بەدیکراوە بەتایبەتی لە بیابانی تەدموور و ناوچەکانی بەرامبەری لە عێراق، وەکخۆی دەڵێت، جگە لەوەی لە سووریاوە هێزی تایبەت رەوانەی ئەو ناوچانە کراوە، بەڵام ئەو جوڵانە کۆنترۆڵکراون و لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەماهەنگیدان.
وەزیری بەرگریی عێراق ئاشکراشیکردووە، لە ئەمساڵدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی داعش کوژراون کە بەشێکیان والی و فەرماندەی ناسراوی ئەو رێکخراوە بوون.
لەبارەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، سابت عەباسی دەڵێت، لە دانوستانەکاندا بەشێوەیەکی راستەوخۆ باس لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق نەکراوە، چونکە ئەوە بە کێشەیەکی ناوخۆیی عێراق دادەنرێت.
دەشڵێت، بەشێکی زۆری ئەو گرووپانە لەژێر کۆنترۆڵی دەستەی حەشدی شەعبیدان، بۆ بەشەکەی دیکەشی، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقدا، بەردەوامن لە گفتوگۆکردن و فشاری زیاتر بۆ چەکداماڵین و کۆکردنەوەی چەک لەچوارچێوەی دەوڵەتدا.
