شەوی هەڵکردنى گەردەلوول لە سوریا

دوێنێ
کۆمیسیۆنی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسى سوریا رۆژی شەممە هۆشداریدا و رایگەیاند، پەرەسەندنەکانى ئەم دواییە و توندوتیژی و پێکدادان لە نزیک دیمەشق بە قووڵی جێگەی نیگەرانییە.
کۆمسیۆنەکە رایگەیاندووە، بە گوێرەى زانیارییەکان، زانیارییەکان لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییە لە چەند ناوچەیەکی سوریا، بە تایبەتی جەرامانە و ئەشرەفیە سەحنایە، زیاتر لە 100 کەس کوژراون.
لیژنەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەرانسەری خاکی سوریا، مەترسیی زیاتر پارچەپارچەبوون و زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی مەدەنی زیاتر بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڵاوبوونەوەی هاندانی توندوتیژى و قسەی رق و کینە، لە سۆشیال میدیا، سووتەمەنی توندوتیژییە و هەڕەشە لە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی سوریا دەکات و ئەوەش مەترسییەکان زیاد دەکات.
لیژنەکە داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە، دەستبەجێ شەڕەکان رابگرن و هەموو رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی توندووتیژییەکان و گفتوگۆدا بگیرێنە بەر، جەختیشیکردووەتەوە، دەبێت ئەولەویەت بدرێت بە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و دەستەبەرکردنی مافە سەرەتاییەکانیان.
هەروەها کۆمسیۆنەکە روونیکردووەتەوە، دەبێت حکومەتی کاتی لێکۆڵینەوەی خێرا و بێلایەن و شەفاف و سەربەخۆ لەم پێشێلکارییانە بکات، کە لە ناوچە جیاوازەکان کراون.
ئەمە لەکاتێکدایە، سوپاى ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، چەند ناوچەیەکى جیاى سوریاى کردە ئامانج و ئەوەشى بە فەرمى پشتڕاستکردەوە.
