کابینەی ئیسرائیل فراوانکردنی هێرشەکانی سەر غەززە پەسەند دەکات

3 مانگ لەمەوپێش



 

ڕادیۆی کان، کەناڵی گشتی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاند، کابینەی ئەمنی بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر فراوانکردنی وردە وردەی هێرش بۆ سەر حەماس لە غەززە.

ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئییال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە ئێستاوە دەستیکردووە بە دەرکردنی دەیان هەزار بانگەواز بۆ هێزە یەدەگەکان بۆ فراوانکردنی هەڵمەتی سەربازی لە غەززە. 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، زەمیر بە هێزەکانی ڕاگەیاندووە، "بە ئامانجی وەرگرتنەوەی گەلەکەمان (بارمتەکان) و شکستپێهێنانی حەماس، فشارەکان زیاتر دەکەین".

لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە دوێنێ لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکرایەوە، دوای چەند کاتژمێرێک لە کەوتنەخوارەوەی مووشەکێک کە لەلایەن گروپی حوسییەکانەوە لە یەمەنەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی سەرەکی بن گوریۆن لە ئیسرائیل کەوتبوو، نەتانیاهۆ ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنی خۆی بانگهێشت دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر "قۆناغی داهاتوو"ی شەڕی غەززە.

ئیسرائیل لە مانگی ئاداری ڕابردوودا ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی لە غەززە دەستپێکردەوە، دوای شکستى ڕێککەوتننامەی ئاگربەست کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرا و شەڕەکانی بۆ ماوەی دوو مانگ ڕاگرت.

ماڵپەڕی هەواڵی ئیسرائیلی ینێت ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، کابینەی ئەمنیش پلانێکی نوێی بۆ دابەشکردنی هاوکارییەکان لە غەززە پەسەندکردووە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە کەی پێداویستییەکان دەگەیەنرێتە ئەو خاکە.

ئیسرائیل لە ئێستاوە نزیکەی یەک لەسەر سێی کەرتی غەززەی کۆنتڕۆڵکردووە، بەڵام ڕووبەڕووی فشاری نێودەوڵەتی زیاتر دەبێتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هاتنە ناوەوەی هاوکارییەکان، کە لە مانگی ئازارەوە ڕێگری لێکردووە.

ئیسرائیل بەرگری لە گەمارۆکە دەکات و ڕایگەیاندووە، حەماس ئەو هاوکارییانە لادەبات کە مەبەست لێی خەڵکی مەدەنیە و بۆ چەکدارەکانی دەیهێڵێتەوە یان دەیفرۆشێت، ئەو تۆمەتانەش بزووتنەوەکە ڕەتیدەکاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار