ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەکاتە بیتکۆین

دراوە گریمانەییەکان لەگەڵ فەلسەفەی ئۆجەلاندا یەکدەگرێتەوە

6 ساڵ لەمەوپێش



یاد قوربانی

کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بیر لەبەکارهێنانی دراوە گریمانەییەکان (بیتکۆین، ئیتیریەم، هتد...) دەکەنەوە وەک جێگرەوەیەکی دراوی لیرەی سوری کە لەئێستادا تێچووی ئاڵوگۆڕپێکردن و حەواڵەی پارە زۆر لەسەریان دەکەوێت و بەرپرسێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت کەبەکارهێنانی ئەم دراوە ئەلکترۆنیە نوێیە لەگەڵ بیروباوەڕی ئۆجەلاندا یەکدەگرێتەوە. 

ڕۆژئاوای کوردستان کە لەئێستادا لەسێ کانتۆندا کۆبۆتەوە تائێستا دراوی لیرەی سوری بەکاردێنێت، ئەمەش دراوی ئەو ڕژێمەیە کەساڵانێکی زۆر بەرهەڵستی دژی کردووە. ئەرسەلان سەردەم، بەڕێوەبەری پرۆگرامی گەشەپێدانی تەکنەلۆجیای ڕۆژئاوای کوردستان، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مەڵپەڕی (کۆیندێسک)ی تایبەت بەهەواڵی دراوە گریمانەییەکان دەڵێت کەدراوە گریمانەییەکان بەشێکی گرنگی فیکرو هزری سۆسیالیستین کە بەندە لەسەر بەخەسارنەبردنی سەرچاوەکان، کەفەلسەفەی کارکردنی ئەوانە. 
ئەو دەڵێت: «تۆ تەکنەلۆجیات پێویستە تاکەمتر ئاو بەکاربخەیت، تا پەیوەندیەکی پتەوترت لەگەڵ سروشتدا هەبێت و تەکنەلۆجیات پێویستە بۆ بەکارهێنانی دراوە گریمانەییەکان کەتۆڕێکی دارایی عەمەلیە کەکۆمەڵگا دەتوانێت سودی لێ ببینێت». 

عامر تاکی، کەیەکێکە لەگەریلاکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل، هەڵگری ناسنامەی بەریتانیەو لەئەسڵدا ئێرانیە. ئەو لەساڵی ٢٠١٥وە پەیوەندی بەهێزەکانی یەپەگەوە کردوە بەڵام ساڵانێکی زۆر لەدروستبوونی دراوی بیتکۆیندا کاری کردوەو ناوێکی تەواو ناسراوە وەک یەکەمین پەرەپێدەرەکانی ئەو دراوە. 

ئەو بەماڵپەڕەکە ڕادەگەیەنێت کە بە بەکارهێنانی دراوە گریمانەییەکان دەتوانن ڕێژەی ئاڵوگۆڕی دراو تەواو کەمبکەنەوە کە بەهۆی پەیوەندی ئاڵۆزەوە لەگەڵ وڵاتە دراوسێکاندا زۆر لەسەر هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەوێت، دەڵێت: «تێچووی هەر حەواڵەیەکی دراو لەگەڵ ئیستەنبوڵدا ١٠% لەسەرمان دەکەوێت. لەو باوەڕەداین گەر دەستبکەین بە بەکارهێنانی دراوە گریمانەییەکان ئەم ڕێژەیە بۆ ٢% داببەزێت بۆ سەرانسەری جیهان نەوەک تەنها بۆ ئیستەنبوڵ».

کوردانی ڕۆژئاوا لەبیری دانانی سیستەمێکی بەرفراوانی دراوی گریمانەیین کەیارمەتی گەشەی ئابورییان بدات. سەردەم لەکۆتاییدا دەڵێت: «بەبەکارهێنانی دراوە گریمانەییەکان دۆخێکی خۆبەڕێوەبەری دروستدەکەین و ڕۆڵە جیاوازەکان لەکۆمەڵگەدا دابەشدەکەین. ڕۆژئاوای کوردستان هەلێکی باشە تا ببینین سیستەمی بەکارهێنانی دراوە گریمانەییەکان سەرکەوتوو دەبێت یاخود نا.»  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار