باسم عەوادی: لووتکەی بەغدا دەبێتە یەک لە لووتکە هەرە گرنگەکان

5 كاتژمێر لەمەوپێش
وتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی ڕایگەیاند: ئەو لووتکەیەی بڕیارە لە بەغدا ڕێک بخرێت، دەبێتە یەک لە هەرە گرنگترین لووتکەکانی وڵاتانی عەرەبی، ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەبردنی ئەو لووتکەیە کراوە.
باسم عەوادی دەڵێت: عێراق بە ئاراستەیەکی دروست لە ناوچەکە هەنگاو دەنێت. ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو کێشە و ئالەنگارییەکانی ناوچەکە و وڵاتانی عەرەبی، لە ئەجێندای کارەکانی لووتکەی بەغدایە، ئالەنگارییە گەورەکانی ناوچەکە، زۆر بە وردی لە لووتکەکەدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
وتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند: هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ بەڕێوەبردنی لووتکەکە کردووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، باری ناکاویی لە عێراق ڕاگەیەندراوە، ئەو بارە ناکاوی و ئامادەییەی بۆ سەرجەم هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق دەرکراوە، پەیوەندیی بە پاراستنی ئاسایشی لووتکەی کۆمکاری عەرەبییەوە ههیه کە بڕیارە سبەی یەکشەممە، 11ـی ئەم مانگە لە بەغدا بەڕێوە بچێت.
عەمید مقداد میری بەڕێوبەری بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتى ناوخۆ، ئەمرۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: لیژنەیەکی باڵا هەیە کە تایبەتە بە دەستەبەرکردنی کۆمکارى عەرەبی لە بەغداد و سەرجەم پێداویستییەکانی تەواوکردووە، وتیشی: پلانی فریاگوزاری دانراوە بۆ هەر بارودۆخێکی نائاسایی.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد لیژنەی ئەمنی کە بەرپرسە لە دەستەبەرکردنی لوتکەی بەغدا سەردانی بەحرەینیان کردووە بۆ پێداچوونەوە بە ئەزموونەکانی پێشوو، وتیشی: 600 ئەفسەر و کارمەند هەڵبژێردراون بۆ دابینکردنی پاراستنی کەسی بۆ شاندە باڵاکان.
ئەو بەرپرسەى وەزارەتى ناوخۆ ئەوەشى ڕونکردەوەوە ئەفسەرەكان بە پلەی عەمید هەڵبژێردراون بۆ ئەنجامدانی کاری هەواڵگری، لەگەڵ 100 ئەفسەر كە هەڵبژێردران بۆ بەشداریکردن لە کاروانە ئەمنییەکان بۆ شاندەکان.
