رۆیتەرز: کۆمپانیا نەوتییەکان بە بەهای 110 ملیار دۆلار رێککەوتنیان لەگەڵ هەرێم واژۆکرد

16 كاتژمێر لەمەوپێش



 

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی واژۆکردنی دوو رێککەوتننامەی لە بواری وزە لە واشنتن کردووە، میدیا جیهانییەکانیش دەڵێن، بەهای رێککەوتنەکان 110 ملیار دۆلارە.

بەیان سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، یەکێک لە رێککەوتنەکان تایبەتە بە کێڵگەی گازی میران، کە هەشت تریلیۆن پێ سێجا گازی سروشتیی تێدایە، جگەلەوەی پەرەدەرێت بە بە کێڵگەى تۆپخانە-کوردەمیر کە پێنج تریلیۆن پێ سێجا گاز و 900 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە و دەتوانرێت لەو رێگەیەوە کارەبا بۆ دەیان ملیۆن کەس لە هەرێمى کوردستان و عێراق دابینبکرێت.

هاوکات ماڵپەڕی ئۆیل پرایسی جیهانی بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای ناکۆکیی یاسایی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو رێککەوتنی فەرمیی لەگەڵ دوو کۆمپانیاى ئەمریکی واژۆکردووە، کە بڕەکەی 110 ملیار دۆلارە، بەڵام وردەکاریی رێککەوتنەکان نەخراوەتەڕوو.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەپاش واژۆکردنی رێککەوتننامەکە لەگەڵ دوو کۆمپانیا، کە بە ئەمریکی ناوی بردووە، لەبواری وزە، رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ بۆ پەرەپێدانی ئابووریی لە ناوچەکە.

مەسرور بارزانی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکاندا تۆمارکراوە، رێککەوتنەکان بە گرنگ ناودەبات و دەڵێت، رێککەوتنەکان بەهایان دەیان ملیار دۆلارە و خۆی بەتایبەتی چووەتە ئەمریکا بۆ چاودێریککردنى واژۆکردنیان.

باسی لەوەشکردووە هەر دوو کۆمپانیای ئێچ کەى ئێن و وێستێرن زاگرۆس، چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستانن و هاوکاریی زۆری کوردستان و خەڵکەکەیان کردووە، جگەلە سوودی ئەوان بۆ عێراق و وڵاتی خۆیان.

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەتنەکانەوە گوتی، "سوپاسی ژووی بازرگانیی ئەمریکا دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم بۆنەیە و رێوڕەسمی واژۆکردنی دوو رێککەوتنی گرنگ لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی، ئەم رێککەوتنانە، کە بەهایان ملیاران دۆلارە، جەخت لە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە بە ئاشتی و پێشکەوتن لەڕێگەی پەرەپێدانی ئابوورییەوە، خۆشحاڵم کە دووبارە لە واشنتنم، بەتایبەتی بۆ چاودێرێکردنی واژۆکردنی ئەم رێککەوتنانە، هەردوو کۆمپانیای HKN و وێستێرن زاگرۆس'ـی ئەمریکی، چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و هاوکاریی زۆری کوردستان و خەڵکەکەیان کردووە، جگەلە سوودیان بۆ عێراق و وڵاتی خۆیان، بۆیە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و عێراق دەکەم بۆ ئەم سەرکەوتنە و سوپاسی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکەم بۆ بەشدارییان لەم هاوبەشییە گرنگە، کە بڕوام وایە دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە پەرەپێدانی ناوچەکە بە تەواوەتی".

لەبەرامبەردا، رۆس پیرۆت سەرمایەدار و بازرگان کە لایەنێکى سەرەکیی رێککەوتنەکەیە، دەڵێت 18 ساڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن و 81%ـی کارمەندەکانیان کوردن و لەبارەی رێککەوتننەکەشەوە رایگەیاندووە، دەبێتە وەرچەرخانی هەرێمی کوردستان لە فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا.

هەروەها رۆس پیرۆت سەرمایەدار و بازرگان لەبارەی رێککەوتنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان گوتی، "شانازیی دەکەین، کە 18 ساڵە ئێمە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەین و شەرەفێکی گەورەیە بۆ من کە لە کوردستان ئەم کارەمان بنیادناوە و 81%ـی کارمەندەکانمان کوردن، ئەمە پاڵنەر دەبێت بۆ وەرچەرخانی هەرێمی کوردستان لە فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنانی وزە و کارەبا لە ناوچەکە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار