مەسرور بارزانی: گرێبەستەکان دەرفەتە بۆ خەڵک و لە بەرژەوەندی عێراقیش دایە

22 كاتژمێر لەمەوپێش



 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکانی دوێنێ لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە، بەڵام هەر کەسێک دژایەتی هەوڵەکان بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت هەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا: کاتی ئەوەیە بەیەکەوە بتوانین کارێک بکەین زیاتر ئاشتی و بووژانەوەی ئابووری لە وڵاتەکەمان هەبێت، کە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە.

وتیشى: بە داخەوە ئاراستەیەکی دیکە لەنێو خودی عێراق، هەندێک لێکدانەوەی بۆ ڕێککەوتنەکانی دوێنێ کرد، ئەو کارانەش بە هیچ جۆرێک ڕەوا نییە، ئەوەی هەرێمی کوردستان کردوویەتی دەگونجێت لەگەڵ ئەو مافە دەستوورییانەی کە دەستووری فیدراڵی عێراق بە هەرێمەکەی داوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، لە جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانمان بەردەوام دەبین. گوتیشی: لە ئەمەریکا پێشوازییەکی زۆر لەم هەوڵانە دەکرێت کە مەبەست لێی پێشخستنی کەرتی وزە و بووژانەوەی ئابوورییە.

ئەوەش دەخاتەڕوو ڕێککەوتنەکان دەرفەتە بۆ خەڵکی ناوچەکە و لە بەرژەوەندی عێراقیش دایە, هەر کەسێک دژایەتی هەوڵەکان بکات، ئەوا پرۆژەیەکی سیاسییە و نایەوێت هەرێمەکە پیادەی دەسەڵاتی دەستووریی خۆی بکات لە پێشخستنی کەرتی وزە هەم لە هەرێمەکە هەم لە عێراقیش.

ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025،  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بواری وزەدا کرد.

هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی HKN Energy و وێستێرن زاگرۆس WesternZagros، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگ لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزا کرد، کە بەهای ڕێککەوتننەکان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار