پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات و هەرێم 12 یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد

12 كاتژمێر لەمەوپێش



لە دووەمین رۆژی سێیەمین گەڕی کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگارەکانی سنە، ورمێ و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان و 4 پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، 12 یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی بازرگانی، گەشتیاری، زانستی و کولتووری واژۆکران.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی ئایاری 2025، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە هاوبەشەکە لە شاری سنە، ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "دوای چەندین کۆبوونەوە و دیدار لەنێوان پارێزگارەکانی سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و هەولێر بە ئامادەبوونی ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەران-تەمەرچین، ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران واژۆکران."
 
ئۆمێد خۆشناو جەختی لە پەیوەندیی قووڵ و مێژوویی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: "هیوادارین ئەم رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە ببنە نەخشەرێگایەک بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە هەموو رەهەندەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئایینی، سنووری، ئەمنی و کولتووری لەخۆدەگرێت."
 
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "دڵخۆشین بەو بڕگە و بابەتانەی لە رێککەوتنەکاندا ئەنجامماندان و هیوادارین ببنە هەنگاوی دیکەی گرنگ لە داهاتوودا. لە رابردووشدا ئەزموونی سەرکەوتوومان هەبووە، ئەو رێککەوتنانەی لەنێوان پارێزگارەکاندا هەبووە، بە قازانجی هاووڵاتییانی هەردوو وڵات بووە."
 
پارێزگاری هەولێر سوپاسی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پارێزگای سنەی کرد بۆ رێکخستن و میوانداریکردنی سێیەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "بڕیارە کۆبوونەوەی چوارەمی پارێزگارەکان لە هەرێمی کوردستان و لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت."
 
بە گوتەی ئۆمێد خۆشناو، ئەمڕۆ کۆبوونەوە فەرمییەکانی نێوان هەردوولا دوای واژۆکردنی ئەو یاداشتانە تەواو دەبن؛ جەختیشی کردەوە کە "بەیانیش شاندەکەمان دەچێتە تاران و لەوێش بە دڵنیاییەوە کۆبوونەوەی گرنگمان دەبێت."
 
پارێزگاری هەولێر ئامادەیی پارێزگارانی هەرێمی کوردستانیشی پیشاندا بۆ هەر ئاسانکارییەک لە پەیوەندییەکان لەگەڵ سێ پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و گوتی: "ئێمە جەختی لێ دەکەینەوە و خوازیاریشین. ئەوەی لە تواناماندا بێت لە هەردوولایەنەوە ئاسانکاری زیاتر دەکەین بۆ قازانجی هاووڵاتییانمان، بە تایبەتی لە بواری ئابووریدا و هیوادارین جێبەجێکردنی پرۆژەکان بە تایبەت لە رێگەوبانەکان ببێتە هۆکاری زیاتر خزمەتگەیاندن بە بازرگانان."
  
ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە لە سەرەتای قسەکانیدا سوپاسی ئامادەبوونی پارێزگارانی هەرێمی کوردستان لە سێیەمین کۆبوونەوەی پارێزگاکان کرد، هەروەها دەستخۆشی لە هەوڵەکانی فەرامەرز ئەسەدی، سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر و محەممەد مەحموودیان، سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی بۆ بەڕێوەچوون و سەرخستنی کۆبوونەوەکە لە شاری سنە کرد.
 
ئارەش لهۆنی رایگەیاند، بەهۆی سەردانی ساڵی رابردووی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران و دیداری لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و دواتر سەردانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، بەڕێوەچوونی سێیەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگا سنوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار