سبەى بزووتنەوەى گۆڕان لە سلێمانى کۆنفرانس ببەستێت

11 كاتژمێر لەمەوپێش



 

بڕیارە سبەى سێیەمین کۆنفرانسى بزووتنەوەى گۆڕان لە سلێمانى بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقیش دەڵێت: پشت بە ژمارەى دامەزرێنەران نابەستن و بەگوێرەى زۆرینەى ئامادەبووان بڕیار دەدەن.

بەگوێرەى راگەیەندراوێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، رۆژى 24ـى ئایارى 2025، بۆ ئەنجامدانى کۆنفرانسى بزووتنەوەى گۆڕان دیاریکراوە.

کۆمیسیۆن ئاماژەى بەوەشکردووە، خۆیان سەرپەرشتیى کۆنفرانسەکەى بزووتنەوەى گۆڕان دەکەن و لە کۆنفرانسەکەدا پشت بە ژمارەى دامەزرێنەران نابەستن و بەگوێرەى زۆرینەى ئامادەبووانى کۆنگرە بڕیار دەدەن.

هاوکات، سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەى گۆڕان- راگەیاند، بە هەموو هێزى خۆیانەوە بەشدارى لە کۆنفرانسەکە دەکەن و دەیانەوێت گۆڕان بخەنەوە سەر رێچکە ئەسڵییەکەى خۆى.

گوتیشى، دەیانەوێت گۆڕان ئەو دەستوورە جێبەجێبکات کە بەدەستى نەوشیروان مستەفا نووسراوە و لەگەڵ ئەوەدان دەستوور بکرێتە بنەماى کارەکانیان و رێکخەرى گشتى و خانەى راپەڕاندن لەلایەن جڤاتى نیشتمانیى بزووتنەوەکەوە هەڵببژێردرێت، ناشیانەوێت لەناو کۆنگرە و کۆنفراسدا رێکخەرى گشتى و خانە هەڵبژێرن.

شاخەوان رەئوف، هەڵسووڕاوى بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند، ئامادەکاریى تەواویان بۆ کۆنفرانسەکە کردووە و بەشدارى لە کۆنفرانسەکەى سبەى دەکەن.

گوتیشى، ئەوان خۆیان خاوەنى گۆڕانن و ئومێد دەکەن پرۆسەکە بەباشى بەڕێوەبچێت.

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان رۆژى 26ـی نیسانى بۆ ئەنجامدانى سێیەمین کۆنفرانسى بزووتنەوەى گۆڕان دیاریکرد کە لە هۆڵى ئاشتى شارى سلێمانى بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆى ئامادەنەبوونى زۆرینەى دامەزرێنەرانى حیزبەکەوە کۆنفرانسەکە رێژەى یاسایى تەواونەکرد و بەکراوەیى بەجێهێڵدرا.

بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009 دامەزراوە و ئێستا بەسەر دوو ئاڕاستەدا دابەشبووە، ئاڕاستەیەک لە گردی زەرگەتە رۆژى 5ـی نیسان کۆنفرانسى ئەنجامدا، بەڵام ئاڕاستەکەی دیکەی بزووتنەوەکە کە بنکەی سەرەکییان لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانییە، بڕیاربوو رۆژى 10ـی نیسان کۆنفرانس ببەستن، بەڵام دواخرا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار