قەرەیلان و جەمیل بایک پەیامێکى هاوبەش بڵاودەکەنەوە

7 كاتژمێر لەمەوپێش



 

جەمیل بایک و هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە و موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە رایانگەیاند، دیالۆگى عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا درێژەى هەیە و ئەوان بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ کردووە.

ئەو وتانەى قەرەیلان و جەمیل بایک رۆژى شەممە لە پەیامێکى هاوبەشدا هات کە ئاڕاستەى کۆنگرەی نائاسایی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) یان کرد کە لەهۆڵەندا بەڕێوەدەچێت.

لەبەشێکى پەیامەکەیاندا هاتووە: ڕۆژهەڵاتی ناوین پێی ناوەتە ناو سەردەمێکی نوێوە کە کوردستانیش دەگرێتەوە و پێشهاتی خێرا ڕوودەدەن. تابێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هاوسەنگی هێز و پەیوەندی نوێ دێنەئاراوە، گەلی کوردیش هەوڵدەدات وەک کارەکتەرێکی چالاک بەشداری ئەم پرۆسەیە بێت.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە:

"ئەندامان، دۆست و هەڤاڵانی هێژا؛

سەرەتا سڵاو لە دیوانی کۆنگرە، هەموو دۆست و هەڤاڵانی بەشداربوو دەکەین و بەو هیوایەیین کۆنگرەی گشتی کەنەکە بۆ وڵات و گەلەکەمان سودمەند بێت.

دەمانویست ئێمەیش لە کۆنگرەی گشتیی کەنەکەدا ئامادەبین، بە ئەندامێتی ئەم دامەزراوە سەنگینە سەربڵندین. بەڵام لەبەر ئەوە هۆکارانەی کە ئێوەیش دەیزانن، نەمانتوانی لەگەڵتاندا بین و بەشداربین. دەومانەوێت باوەڕ بەوەبکەن کە هەرچەندە دووریشبین و نەتوانین لە کۆنگرەکەدا بەشداربین ئەوا ئەرکەکانمان بە گوێرەی ئامانجەکانی کەنەکە جێبەجێ دەکەین.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) کە ماوەی ٢٦ ساڵە بەبێ وەستان درێژە بە خەباتەکانی دەدات، لە دامەزراندنی خۆیەوە ئەم یەکێتییە نەتەوەییەیی کوردانی کردووەتە رۆژەڤی سەرەکی خۆی و لەپێناو ئەم ئامانجەشدا چەندین کۆنفرانس و کۆبوونەوەی ئەنجام داوە، کار و خەباتی بەڕێوەبردووە. بووە بە نوێنەری دیبلۆماسی گەلی کورد لە دەرەوەی وڵات. بە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان کوردان، پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان پارت، ڕێکخستن، دامەزراوە و دەزگا مەدەنییەکان و کەسایەتییە سیاسیەکانی کوردەوە؛ ئافراندنی ئایدیا و ستراتیژێکی هاوبەش بووە بە ئامانجی بنەڕەتی کەنەکە کە ئێمەیش ئەندامێکین تێیدا. گەر لەمڕۆدا لە پەیوەندییەکانی نێوان کورداندا دیالۆگ و یەکگرتنی هاوبەش لە ئارادایە، ئەوا کەنەکە بۆئەوە بووە بە بناغە و پلاتفۆڕمی سەرەکی.

هەڤاڵانی هێژا؛

ڕۆژهەڵاتی ناوین پێی ناوەتە ناو سەردەمێکی نوێوە کە کوردستانیش دەگرێتەوە و پێشهاتی خێرا ڕوودەدەن. تابێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هاوسەنگی هێز و پەیوەندی نوێ دێنەئاراوە، گەلی کوردیش هەوڵدەدات وەک کارەکتەرێکی چالاک بەشداری ئەم پرۆسەیە بێت. بۆئەمەش بێگومان شتی گرنگ و بنەڕەتی ئەوەیە کورد پەرە بە ستراتیژی هاوبەش بدات. ستراتیژی هاوبەش ئەو پێویستییە دەسەپێنێت کە پارت، ڕێکخستن، دامەزراوە و کەسانی کورد لە هەرچوارپارچەی وڵات و لە دەرەوەی وڵاتیشدا گفتوگۆی هاوبەش بکەن. لەم قۆناغەدا کەنەکە کارێکی گرنگ بە بێ کەموکوڕی پێکدەهێنێت و گەیشتووە بەو ئاستەی بتوانێت باشترین تێکۆشان بکات. بە تەواوی لەوباوەڕەداین کۆنگرەیش بۆ ئەم ئامانجە بڕیاری بەهێز بدات و پلانڕێژی کردبێت.

وەک ئاشکرایە، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی بەناوی تەڤگەرمانەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا لە دیالۆگدایە. ئەم پرۆسەیە هێشتا درێژەی هەیە. ئامانجی ئێمەیش لەم پرۆسەیەدا بۆ ئەوەیە لە ڕێگەی دیالۆگەوە بۆ پرسی کورد ڕێگەی چارەسەری بدۆزینەوە. وەک تەڤگەر لەوباوەڕەداین لەم قۆناغەدا لە هەموو شتێک زیاتر بەرپرسیارێتی خۆمان بەجێ گەیاندووە. ئێستا کاتی لایەنەکەی دیکەیە. بەو هیوایەین لایەنی بەرانبەریش ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بگەین بە دەرنجامێک.

بانگەوازی ٢٧ـی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ و پێشکەوتنەکانی دواتر، ڕاستەخۆ کاریگەری لەسەر سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستاندا کردووە و هەروەها بناغەی یەكێتی لە نێوان کورداندا بەهێز کرد. ئەم بانگەوازییە مێژوویە و سیاسەتەکان کە دواتر پەرەیان پێدرا، گونجاوترین زەمینەی بۆ کوردستان هێنایە ئاراوە تائەوەی لەسەر پلاتفۆڕمی هاوبەش لەسەر بنەمای بەرژوەندییە کورت، مامناوەند و درێژخایەنەکانی گەلەکەمان یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیک بونیاد بنێن. بەڕاستیش لەبەرئەوەی دەستکەوت و ناسنامەی گەلەکەمان وردە وردە لە دەرەوەی وڵاتەکەمان لە ژیر فشار و هەڕەشەدایە، تێکۆشان بۆ پاراستنیان و بەدەستخستنی مافە نەتەوەیی و دیموکراتیکییەکان هەمیشە بەردەوام بووە و بەردەوامیش دەبێت. هەروەها ئەم تێکۆشانە وابکات ڕێگە بەڕووی هەموو گەلانی دیکەدا بکاتەوە کە لە وڵاتەکەماندا پێکەوە دەژین تائەوەی بگەین مافەکانی خۆمان. هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە، بە تایبەتی ژن و گەنجان، دینمایکی سەرەکی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەن. بەشداری و پشتگریییان دۆزی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک بە‌‌هێز دەکات.

ئەم بانگەوازییە هەروەها پەرەدان بە پەیوەندی نوێ لەگەڵ هێزە نێونەتەوەییەکان، هێزە هەرێمییەکان، گەلانی هەرێمەکە و کارەکتەری سیاسی دەسەپێنێت. کاتێک کوردان لەگەڵ هێزە نێونەتەوەییەکان و کارەکتەری هەرمێیدا پەرە بە پەیوەندی نوێ دەدەن، دەبێت لە ناخۆی خۆییدا پەیوەندی نزیکتربوونەوە بونیاد بنێن و یەکێتی بەرفراوان و بەهێز بئافرێنن. گەلەکەمان لە هەرچوار بەشی وڵاتەکەمان گەیشتووە بە ئاستێکی زۆر گرنگی ڕێکخستنبوون و هۆشمەندی ئازادی. ئیدی لە دۆخی بێ پێشەنگی، بێ ڕیکخستنی و بێ ئیرادەی سەدساڵی ڕابردوو خۆی ڕزگار کردووە. بەڵام گەر ئەم ماتەوز و ئاڤانتاژەی خۆی بە تێگەشتنێکی هاوبەش و ستراتیژی هاوبەشەو بکات ئەوا دەتوانێت مافەکانی خۆی و ستراتیژیی خۆی بە دەستبخات. کەنەکە یەکێکە لە گرنگترین لایەنەکانی ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتییە.

ڕۆڵ و ئەرک لە دامەزراندنی کەنەکەدا لەم پرۆسەیەدا زۆر زیاتر بووە. کوردان هێشتا بەتەواوەتی یەکێتی خۆیان بونیاد نەناوە. بابەتی یەکێتی نەتەوەیی ئەرکێکی گرنگی پێشمانە. ڕێبەر ئاپۆ لە کۆتا دیداری خۆییدا جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکات و داوا لە هەموو کەسێک دەکات ئەرکی خۆییان جێبەجێ بکەن. لە کۆنفرانسی لۆزاندا، بڕیار درا کۆنفرانسێکی نەتەوەیی ئەنجام بدرێت. پێویستە کەنەکە لەم ڕووەوە زۆرتر هەوڵبدات و لە چوارچێوەیەکی کاریگەردا بتوانێت کۆنفرانسێکی نەتەوەیی ڕێکبخات.

لە ماوەکانی داهاتوودا، وەک ئەندامی تەڤگەر و هاوکات وەک ئەندامی کەنەکە درێژە بە خەباتەکانمان دەدەین بۆ یەکێتی نەتەوەیی کوردان و ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆمان جێبەجێی دەکەین.

بەم باوەڕ و بڕیاردارییەوە سڵاو لە کۆنگرەی گشتی دەکەین و هیوای سەرکەوتن بۆ ئیدارەی نوێی هەڵبژێردراو دەخوازین."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار