سەیدخان فیلەمێری سەرحەد

3 ڕۆژ لەمەوپێش



 

سەیدخان قارەمانێکی مەزنی شۆڕشی کوردە لە باکووری کوردستان، مالباتی سەیدخان خەڵکی گوندی "قجخ"ن لە نزیک دەشتی مووش، ئەو دەڤەرە ئەمڕۆ پێی دەگوترێ "کێشا سەیدا"

سەیدخان بە چەند ناوێکەوە بانگ کراوە :"سەیدخانا یوسیف سەیدۆ" یان "سەیدخانێ ئوسۆ" هەندێک جاریش بە "سەیدخانی کەڕ" ناوی براوە، بە هۆی ئەوەی گوێی گران بووە.

سەیدخان سەرەتا بە هۆی شەڕی خێڵەکانەوە دەستگیر کراوە و لەزیندان‌دا یوزباشییەک هەبووە ستەمی لە زیندانییەکان کردووە، ئەویش ئەوەی پێ ناخۆش بووە و هێرشی کردووەتە سەری، برینداری کردووە، لەسەر ئەوە کارە ڕەوانەی زیندانی بۆلوو کردووە و سزایەکی قورسیان بەسەری‌دا سەپاندووە. 

لەو سەروەختەی سەیدخان لە زیندان بووە، شێخ سەعیدی پیران جاڕی شۆڕشی دا و نامەی بۆ چەند کەسایەتییەک ناردووە تاوەکوو پشتگیریی بکەن، یەکێک لەوانە سەیدخان بووە. بەڵام نامەکە کەوتۆتە دەستی دەوڵەتی ئەو کاتەی تورکیاوە. لەبەرئەوە ئازادکردنی سەیدخان دوا خراوە، تاوەکوو ساڵی 1927 لە زیندان‌دا ماوەتەوە. دواتر چەند کەسێک لە بنەماڵەکەی چوونەتە لای عەبدولمەجید‌بەگی سیپکی تا داوا لە دەوڵەت بکات لە سەیدخان خۆش بێ. 

عەبدولمەجید‌بەگیش نامەیەک بۆ دەوڵەت دەنێرێت، لەنامەکەدا باس لە قارەمانێتیی بنەماڵەی سەیدخان دەکات کە لە دژی ڕووسیا جەنگاون.  ئیدی دەوڵەت سەرەتای ساڵی 1928 سەیدخان ئازاد دەکات. بەڵام کاتێک لە زیندان ئازاد دەکرێت شۆڕشی شێخ سەعید شکستی هێناوە و خەڵکێکی زۆر لە لایەن دەوڵەتەوە لە سێدارە دراون، خەڵکانێکیش دەربەدەر کراون و دەوڵەت کۆمەڵێک ژەنەڕاڵی خوێنمژی بۆ ناوچە کوردییەکان ناردووە تاوەکوو ئازاری خەڵک بدەن. 

ئەو عەیامە دۆخی کوردان زۆر خراپ بووە، دەوڵەت مۆخی کوردی کردبوو بە ئاو، کوشتوبڕ و لەناودان و تاڵان‌کردن و گوند سووتاندن، بەو چەشنە کەمال ئەتاتورک پووشی دایە دەستی کوردانەوە، ئەوجا دەربەدەری کردن. کوردان ئاوارەی شارە تورک‌نشینەکان کران. ئەو زوڵم و زۆردارییە یەکێک بوو لە هۆکارەکانی هەڵگیرسانی شۆڕشی سەیدخان. 

ئەلیجان بە سی شۆڕشگێڕەوە لە دەوڵەت یاخی بووە و کاتێک هەواڵی پێ دەگات سەیدخان شۆڕشی بەرپا کردووە، خێرا ڕوو لە دەشتی مووش دەکات و لە گوندی هەفتمەخەلۆ دەچێتە نێو گرووپەکەی سەیدخانەوە، و سەیدخان بوو بە سەربلووکی هەردوو هێزەکە. سەرەتای ساڵی  1929 جاڕی شۆڕش دەدەن و دژی دەوڵەت شەڕیان دامەزراندووە.

یەکەم شەڕی سەیدخان و ئەلیجان دژی دەوڵەت لە گوندی مەلەخدر بووە، چوونەتە سەر یەکێک لەو کوردانەی سیخوڕیی بۆ دەوڵەت کردووە. سەیدخان ئامۆژگاریی کردووە ناپاکی لە میللەتەکەی نەکات. لەو کاتەدا دوو دەستە سەربازی دەوڵەت گەمارۆی گوندەکەیان داوە و شەڕ هەڵگیرساوە. 

لەو شەڕەدا سێ سەرباز دەکوژرێن. ئەمە یەکەم شەڕی نێوان هێزەکانی سەیدخان و دەوڵەتی تورکیا بووە. سێ مانگ دوای سەرهەڵدانی شۆڕشەکەیان، دەوڵەت کەوتە خۆی، هێزی خڕ کردەوە، سوپای خوێنمژی تورکان هەڵیانکوتایە سەر ئەو گوندانەی سەیدخان چالاکیی تێ‌دا کردووە و قەتڵوعامی خەڵکەکەیان کرد، ئەو ڕووداوە تۆقێنەر و نامرۆڤانەیە لە مێژوودا بە قەتڵوعامی نەوالا چێلەک ناو دەبرێ. نەوالا چێلەک ناوی نەوالێکە لە گوندی بلاتخێی سەر بە شاری مووش. دواتر سەیدخان لە تۆڵەی قەتڵوعامی نەوالا چێلەک پەلاماری هێزەکانی دەوڵەتی داوە.

سەیدخان زۆر ڕقی لە جاش بووە، بۆ جاشەکان هەمیشە لە بۆسەدا بووە، ئەو پێی وابوو هۆکاری سەرەکیی سەرنەکەوتن و شکستی شۆڕشی کوردان، جاشەکانن.
دوای شەڕی جەمالڤێردی دەوڵەت بۆ گرتنی سەیدخان سەربازێکی زۆر ڕەوانەی ئەرزەڕۆم و مووش و ئاگری دەکات. سەیدخان و هاوڕێکانی دەزانن ڕۆژانێکی سەخت و ناخۆشیان لە پێشە، بۆیە هاوینی ساڵی 1932 لە ڕێگەی باتمانەوە بەرەو ماردین ڕۆیشتوون و کاتێک گەیشتوونەتە نزیکی ماردین ڕووبەڕووی شەڕێکی قورس بوونەتەوە، ئەو دوو هێزەی لە ئامەد و سەمسوورەوە هاتبوون پێشیان پێ گرتوون، ئیدی سەرکڵافەیان ون کردووە، شپرزە و شەپڕێو بوون، بەڵام خۆیان ڕادەست نەکردووە، ئازایانە ڕووبەڕووی سوپای تورک ڕاوەستاون. 

لە ناوچەی سوڵتان شێخ مووس شەڕ لە نێوان سوپای دەوڵەت و سەیدخان و هاوڕێکانی‌دا بەرپا بووە، شەڕێکی زۆر قورس بووە. لەو شەڕەدا کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی سەیدخان شەهید بوون، هەندێکیشیان بریندار بوون، یەکێک لەوانە سولێمان عەلی بووە، کاتێک بریندار بووە سەیدخان گەڕاوەتەوە تاوەکوو ڕزگاری بکات، لەو کاتەدا تەقەیان لێ کردووە و ئەویش بریندار بووە. یەکێک لە پێشمەرگەکان بە سەیدخانی گوتووە ڕزگارت دەکەین. سەیدخانیش گوتوویەتی "ژ بۆ مەرڤەک مری خۆ نەدن کوشتن، ئەز دی مری مە. هون دکارن خوە و برایێ منێ بریندار خەلاس بکەن. بلا زوڕیەتا مە نەقەلە." بە درێژایی میژوو، لە هەموو دنیادا ئەوە هەڵوێستی پیاوی عەگید بووە، کەڵەمێردەکان هەمیشە ڕۆحی خۆیان فیدا کردووە و لە مەرگ نەترساون، لە ئاکامیشدا ترسنۆکەکان هاتوونەتە سەر حازری.

بەڵام فیلەمێری ڕێی ئازادی ئەو کەسایەتییەیە تا دنیا دنیایە ناوی بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە. بەخۆڕایی نییە شاکرۆ و ڕەسۆ و حوسەینۆ و دەنگبێژانی دیکە چیرۆکی سەیدخانیان بەو شێوە جوانە ئاڵدووز کردووە و کردوویانە بە گۆرانی، ئەو پیاوەی تا گیانی تێدا بوو لە دژی دەوڵەتی کەمال شەڕی کردووە.

سەرچاوەی ئەم بابەتە کتێبی گەزمی کەمالە لە نووسینی مەحموود نەجمەدین

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار