ئێستا چی دەگوزەرێ لە سوریا .!؟

دوێنێ
خەبات کوردە
چاوەڕێ دەکرا هەفتەی ڕابردوو جەنەڕاڵە بێ داڵەکەی کوردان بە هەوڵی ئەمەریکیەکان بگاتە ئەنقەرە و دیدارێ لە گەڵ ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وەکو نیاز پاکیەک ئەنجام بدات .!
بەڵام لە پڕ هەموو ڕێوڕەسمەکان هەڵگەڕانەوە و ئەحمەد ئەلشەڕع لە ئەستەنبوڵ باوەشی بە ئەردۆگاندا کرد و بە کۆبونەوەیەکی نهێنی هەموو هەوڵەکان گەڕانەوە سەر خاڵی سفر .!
دوا بە دوای دیدارەکە ئەلشەڕع و سەفیری ئەمەریکا لە تورکیا کە نێردەی تایبەتی دۆناڵد تڕەمپە و سەرپەرشتی هەوڵەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ ئاشتی ناو سوریا ، جەنابی سەفیر شەکرێکی شکاند و ڕایگەیاند : ئەمەریکا لە ناوچەکە هەڵەکانی پەیماننامەی سیڤەر دوبارە ناکاتەوە .!
هەر چەندە ئەو لێدوانە دوو لایەنەیە و سیاسیانەیە ، بەڵام ئەوەی کە ئێستا لە سوریا ڕوودەدات ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە تورکیا سەر لەنوێ لە سوریا کەوتۆتەوە جوڵە و داشەکانی دەجوڵێنێ .!
لە لایەکی تریشەوە دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیان بڕیاری لادانی سزا سەپێندراوەکانیان لە سەر سوریا و سەرکردە باڵاکانیان دا بۆ ماوەیەکی کاتی و کۆمپانیا جیهانیەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕی ئەگەر باری ئارامی و ئاسایشی سوریا لە بار بێ لە زوترین کاتدا دەستبە ئاوەدانکردنەوە دەکەن و بارەگاکانیان لە سوریا دەکەنەوە .!
دوای سەردانەکەی شەڕع بۆ ئەستەمبوڵ جوڵەکانی داعش لە بادیەی دێرزور و لە هەر دوو بەری ڕوباری فوڕات چالاکیەکانیان لە زیاد بووندایە و ڕۆژانە پەلاماری هێزەکانی ئاسایش و هەسەدە دەدەن .!
لە بەرامبەریشدا بە هاوکاری هاوپەیمانان هێزەکانی هەسەدەش گورزی کەمەر شکێنیان تێدەسرەوێنن .!
لە ئێستادا هەڵمەتێکی گەورە دژی هەسەدە و مەسەدە لە میدیاکان ڕووی لە زیاد بون دایە و بە ئاشکرا دیارە کە دەستی دەستی چ دەزگایەکی جاسوسی لە پشتە .!
لە سەر دەریا پەلاماری بنکەی ڕوسەکان درا و دوو سەربازیان کوژرا .!
لە بەرامبەریشدا ڕوسەکان پەلاماردەرەکانیان کوشت و بە فڕۆکەکانیشیان لە ئیدلیب گورزێکی کاریگەریان لە سەربازگەیەکی چەکدارە توندڕەوە بیانیەکان دا و لە قامیشلۆش بنەکە سەربازیەکەیان لە ناو فڕۆکەخانەکەی شارەکە بە گەڕ خستەوە .!
لە خواروی سوریاش هێرش کرایە سەر پارێزگاری قونەیتەڕە و هێزەکانی ئیسڕائیل بە جوڵە کەوتن و چونە ناو بارەگای پارێزگارەوە .!
لە ڕۆژهەڵاتی حەڵەب چەند پلەدارێکی سوپای تورک سەردانی فڕۆکەخانەی ( مینغ ) یان کرد و دەنگگۆی پێدانی ٤٠٠ زرێپۆشی تورکی بۆ حکومەتەکەی دەمەشق دەهۆڵی بۆ کوترا .!
لە ڕۆژئاوای بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق هێزە ئەمنەکانی ئەلشەڕع و سوپا شڕەکەی گورزێکی کەمەر شکێنیان بەرکەوت و ئەبو قەسڕەی وەزیری بەرگریش کەوتە هەڕەشە کردن .!
ئیلهام ئەحمەدیش لە ئیتاڵیاوە هاواری لێهەڵسا و ڕایگەیاند کە حکومەتە جاسوسیەکەی دیمەشق ئامادە نیە دان بە مافی دروز و عەلەوی و کوردا بنێت و تەنها وشەی ( العربیە ) ش لە سەر ناوی دەوڵەتە کاتیەکەی سوریاش لا بدەن .!
لە بەرامبەریشدا هەتەشە ڕایگەیاند کە ئێستا هێزەکانی هەسەدە ١٠٠ هەزاری سەربازی ڕاهێنراو و چالاک و بە هێزیان هەیە و لە سەربازگەکانی ڕاهێنانش ٢٠٠ هەزار کچ و کوڕ ڕاهێنانی سەربازی لە سەر نوێترین چەکی ئەمەریکی دەکەن .!
لە هەمان کاتدا وەفدێکی ئەمنی لە سەردانێکیاندا بۆ هەر دوو کەمپی هۆڵ و ڕۆژی ئاوارەکانی داعش بە بێ ڕێککەوتن ویستبویان بچنە ناو کەمپەکەوە و ئاژاوە بنێنەوە ، لە بەرامبەردا هەتا گەیشتنەوە دێرزور چەکەکانیان ڕادەست نەکردنەوە .!
ئەمڕۆش لە حەڵەب هێزە ئاسایشەکانی هەر دوو لا کەوتنە ئازاد کردنی هەندێ دیل و بڕیارە هەتا دوایین بەندکراو پڕۆسەکە ڕۆژانە بەردەوام بێ و بە گەڕانەوەی تەواوی ئاوارە کوردەکانیش دەرگای هەر دوو کەمپەکەی داعش بۆ خێزان و ماڵ و منداڵی ئاوارە سوریەکان بکرێتەوە و بگەڕێنەوە شار و شارۆچکەکانی خۆیان .!
ئەوەی زۆر گرنکە و کە پێویستە لە ئێستادا جێبەجێ بکرێ گۆڕینی دەستورە کاتیەکەیە و داننانە بە مافی کورد و دروز و عەلەویەکان ، بەڵام پێدەچێ لە ئێستادا زەختەکانی ئەردۆگان و سوپاکەی و دەزگا بەدناوە جاسوسیەکەی نەیانەوێ ئارامی باڵ بکێشێ بە سەر سوریادا و وڵاتە کاولبوەکەیان ئاوەدان بکەنەوە .!
لە بەرامبەریشدا هیچ جوڵەکی هاوپەیمانان و بە دیاریکراویش ئەمەریکا نابیندرێ کە بۆ گەرموگوڕ کردنەوە و زەختکردن لە دیمەشق پێشکەوتنێک بەدی بکرێ .!
