لیژنەی فەتوا: پەپجیمان بە رەهایی حەرام نەکردوە
کاردانەوەکان بەرامبەر حەرامکردنی یارییەکی ئەلیکترۆنی کە مرۆڤ ئالوودە دەکات، فراوانبوون
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی، کۆچەر فەتاح
بڕیاری حەرامکردنی یارییەک لە لایەن لیژنەی فەتواوە کە چەند مانگێکە بەخێرایی بەناو گەنجاندا بڵاوبۆتەوە، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام لیژنەی فەتوا دەڵێت بە رەهایی یارییەکەیان حەرام نەکردوە، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کە ئالودەبن لە ئەرکەکانیان و دوابکەون حەرام کراوە، یاخود ژن و پیاوێک بەهۆی ئەو یارییەوە لە یەکتری جیاببنەوە.
یاری پەبجی یەکێکه له یاریه ئەلیکترۆنییەکان بەشێوەیەکی خێرا لە جیهاندا بڵاو بووەتەوە و لە ھەرێمی کوردستانیش ئەو یارییە بەکارھێنەرانێکی ئێجگار زۆری هەیە و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان پێوەی سەرقاڵن، بە تایبەتی لە نێو چینی گەنجاندا زۆر بڵاوە.
عیرفان رەشید، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی، بە هاوڵاتی وت « ئێمە لە لیژنەی فەتوا بە رەهایی ئەو یارییەمان حەرامنەکردووە، وتومانە خودی یارییەکە حەرام نییە، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کە ئالودەبن وەک خوێندکارێک بەهۆی ئەو یارییەوە لە خوێندنگا دوابکەوێت یان نمرەکەی کەمبێتەوە، فەرمانبەرێک لە فەرمانگەکەی خۆیدا کاروبارەکانی بەهۆی ئەو یارییەوە نەتوانێت بیکات، ئەوە ئەوکاتە حەرامە یاخود ژن و پیاوێک بەهۆی ئەو یارییەوە لە یەکتری جیاببنەوە».
کاردانەوەی فەتواکە تەنها بەکارهێنەرانی یارییەکەی نەگرتەوە، بەڵکو توێژەرانی بواری ئاینیش ئەم فەتوایەیان بە دەستێوەر دان زانی نەک فەتوایەتکی شەرعی.
هیوا سیوەیلی، نووسەر و رەخنەگر و شارەزای ئاینی، سەبارەت بەو بڕیارەی لیژنەی فەتوا بە هاوڵاتی وت، «ئەمە کاری دین نییە هەر یارییەک یان ئەپلیکەیشنێک زیانی هەبوو خەڵکی سەرقاڵ کرد، بێت فەتوای بۆ دەربکات هەندێک لە وڵاتان بە بڕیاری حکومی شتێک قەدەغە دەکەن. ئەمە سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا نییە موفتی و مەلا بێن بڕیاربدەن ئەمە حەرامە و ئەوە حەڵاڵە».
وتیشی «حەڵاڵ و حەرام کاری خوایە و بڕاوەتەوە، هیچی لێ کەم و زیاد ناکرێت، بۆیە فتواکەیان لە گاڵتەجاری زیاتر هیچی دیکە نییە، پاشان یارییەکە ماوەیەکی کاتییە و دواتر خەڵکی بیریان دەچێتەوە».
سەبارەت بەوەی کە ئەو یارییە زیانی هەیە دەبێت لەو ڕێگەیەوە رێگیری لێبکرێت وتیشی «ڕێگری بە فتوا نابێت بە ئاگادارکردنەوەی خەڵکی، دەبێت لە هەموو لایەکەوە بە فتواکەی ئەوان و باس کردن و زەق کردنەوە و ناوهێنانی ئەو یارییە زیاتر ریکلامی بۆ دەکەن».
یاری پەبجی ئەگەرچی تەمەنێکی کەمی هەیە، بەڵام بەخێرایی بڵاوبوویەوە. یارییەکە لە ساڵی 2017 لەلایەن کۆمپانیایەکی کۆریای باشوورەوە بەرھەم ھێنراوە، باسی ژمارەیەک بەکارھێنەر دەکات، کە لە شوێنێکی فراواندا بەدوای چەک و تەقەمەنیدا دەگەڕێن و زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن جار دابەزینراوەو زیاتر له ٣١ ملیۆن بەکارهێنەری هەیە و رۆژانەش زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس بەکاری دەهێنێت.
لە کوردستان زیاتر گەنجان یارییەکە بەکاردەهێنن، ئەگەرچی ئامارێک لەبەردەستدا نیە کە دەریبخات چەند کەس لە کوردستان بەکاریدەهێنێت، بەڵام چیرۆکی بەکارهێنەرانی دەریدەخات کە چەند ئالودەبونن بە یاریەکەوە.
ژیروان حەسەن، تەمەن ١٨ساڵ باسی لەوە کرد کە تا ئێستا دووجار ئەو یارییەی دابەزاندووەو دواتر سڕیویەتیەوە و بەیەکجاری وازی لێهێناوە.
ژیروان بە هاوڵاتی وت «رۆژانە چوار کاتژمێر زیاتر ئەو یارییەم دەکرد، داواش لە هاوڵاتیان دەکەم کە تائێستا ئەو یارییەیان نەکردووە، خۆیان دووربگرن لەو ڤایرۆسە، چونکە جگە لە زیان هیچ سوودی نییە، هاوڕێی وام هەیە دوای کاتژمێر( ٨)ی شەو تا بەیانی ئەو یارییە دەکات».
دیە رەزا کچێکی تەمەن ١٨ ساڵە، یەکێکی دیکەیە لە بەکارهێنەرانی یاری پەبجی و ماوەی هەشت مانگە سەرقاڵی ئەویاریەیە و رۆژانە سێ بۆ چوار کاتژمێر و شەوانەش تا چواری بەیانی ئەو یارییە دەکات ئەو بە هاوڵاتی وت «من زۆر هۆگر و ئالودەی بووم ناتوانم وازی لێبێنم».
دیە خوێندکاری لە پۆلی ١٢ی ئامادەییە، دەڵێت دەترسێت نەتوانێت وازی لێبێنێت و کاریگەریش بکاتە سەر خوێندنەکەی.
عیرفان رەشید، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی، ئاماژە بەوەدەکات کە هۆکاری بریارەکەی ئەوان لەبارەی حەرامکردنی یاریەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵکە ئالوودەکە پرسیاریان لێ کردوون و ئەوانیش وەکو وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارانە ئەو بڕیارەیان دەرکردوە.
عیرفان رەشید وتی «یاسایەکی شەرعی هەیە کە دەڵێت ئەسڵ لە هەمووشتێکدا رەوایەتییە، فەتوا بۆ کەسێکە کە خەڵکی رووی حەڵاڵی و حەرامی بەباشی نەزانێت، ئەو کەسانەشی کە دەیبەستنەوە بەوەی کە بۆ یانە شەوانەکان و قوماریان حەرام نەکردووە». وتیشی، «ئەوانە خۆیان پێویستیان بە فەتوا نییە، هەر لە بنەڕەتدا حەرامن بەبەڵگەی ئاشکرای قورئان و فەرموودە و پێویستی بە فەتوا نییە، فەتوا بۆ ئەو شتانە دەبێت کە لای خەڵکی روون نییە کە حەرامە یاخود حەڵال».
ئاڵوودەبوون بەو یارییە بە تەنها کاریگەری خراپی نەکردووەتە سەر بەکارهێنەرانی بەڵکو کاریگەری خراپی لەسەر تێکچوونی پەیوەندی خێزانەکان دەدات و باوکان و دایکان گلەییان هەیە لە منداڵەکانیان لەسەر بەکارهێنانی ئەو یارییە.
عومەر عەلی، تەمەن ٤٨ ساڵ دانیشتووی قەزای شارەزوور یەکێک بوو لەو باوکانەی کە بەردەوام لەگەڵ کوڕەکانی لەسەر ئەو یارییە کێشەی هەیە بۆ هاوڵاتی قسەیکرد و وتی «من خۆم لەوکاتەوە مۆبایل هاتوە مۆبایلم پێیە، بەڵام نەک ئەویاریە هیچ یاریەکی ترم نەکردووەتە مۆبایلەکەمەوە، تەنانەت یاری ناوکۆمپوتەرەکەشم سڕیەوە کە کڕیم کە یاری شەریکە بووتیایدا، زۆرجاریش لەگەڵ کوڕەکانم توشی کێشەدەبم ئەوە کەی یارییە».
دووکوڕی عومەر ئەو یارییە دەکەن کە تەمەنیان 17ساڵ و 19ساڵە بەپێی وتەی باوکی، شەو تا بەیانی ناخەون ئەمە جگە لەوەی دووخوشکەزای هەیە بەهەمان شێوە ئەو یاریە دەکەن.
عومەر وتی «من زۆر ڕقم لەو یاریەیە چونکە، هیچ ئەنجامێکی نیە و دەبێتە هۆی چاوکزی وجومگەی پەنجەکان توشی خوران دەکات و بەتەواوەتی مێشک مەشغوڵ دەکات و هیچ سودێکی نیە، بەتایبەت یاری پۆبجی گەورەترین کێشەی بۆخەڵک دروستکردوە، بەشێوەیەکی گشتی من کەمێک زۆرجار کوڕەکانم لەماڵ دەکەمە دەرەوە و خەتەکەیان لێدەکوژێنمەوە لەسەر ئەویاریە».
لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، زۆرشتی نوێی هاتوونەتە ئاراوە کە بەم هۆیەوە رێگاکانی پەیوەندیکردن و نزیکبوونەوەی تاکەکان خێراتر بووەو پەیوەندییەکی راستەوخۆی دروستکردووە. پەپجی ئەگەرچی جۆریکە لە یاری، بەڵام بەکارهێنەر دەتوانێت کەسێک هەڵبژێت و بە شێوەیەکی ئۆنلاین یاری لەگەڵ بکات.
جگە لەوەی هەندێک کەس پێیانوایە کە ئەو یارییانە لە رووی ئاییینەوە حەرامە، هەروەها بەشێکیش پێیانوایە کە رێگایەکی نوێیە جۆرێکە لەبازرگانیکردن کە ئۆنلاینە ئەمڕۆ لە بواری بزنس و مارکێتیندا خەریکە پێش هەموو رێگاکانی دیکەی بازرگانی کەوتووە و سەرچاوەیەکی داهاتە و بۆ دەستکەوتنی پارەش بۆ ئەو کەسانەی کە پێی هەڵدەستن.
نەزاکەت حسێن مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری مارکێتین و ریکلام بۆ هاوڵاتی وتی «ئەو جۆرە یارییانە وەک یەکێک لە رێگاکانی بزنس و پارە پەیداکردن بەکاردێت و بەردەوامیش لەئیستادا لە فراوانبووندایە و بەشێوەیەکی وا دەچێتە ناو ژیانی مرۆڤەوە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەمدەکاتەوە».
وتیشی «ئەمە کاریگەری لەسەر بەفیڕۆدانی کات هەیە، بەڵام هەموو یارییە ئۆنلاینەکان بەگشتی لە خزمەت بزنس و مارکێتیندایە راکیشانی خەڵک بۆ ئەو یارییانە بۆ دەستکەوتنی زۆرترین قازانجە».
جگە لە گەنجان و بە تەمەنەکان، منداڵانیش بەدەرنین لە یارییە ئەلکترۆنییەکان، بەتایبەت یاری پۆبجی تەنانەت منداڵ هەیە بەهۆی ئەو یارییەوە ویستی خوێندنی نەماوە.
محەمەد عومەر، تەمەن ١٢ ساڵە و خوێندکاری ١٢ی بنەڕەتییە و بۆ ئەمساڵی خوێندن دوای تەواو بوونی خوێندنی ساڵی رابردوو دەستی بەو یارییە کردووەو ئیستا رۆژانە بەردەوام سەرقاڵی ئەو یارییە و خولیای خوێندنگای نەماوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کەسوکاری محەمەد و هاوشیوەکانی نیەگرانن لە ئالوودەبوونی مناڵەکانی.
نەسرین عەلی، کە دایکی محەمەدە بۆ هاوڵاتی وتی «کوڕەکەم بەهۆی ئەو یارییەوە ژیانی لێ تاڵ بووەو تاقەتی خوێندنی نەماوە، ئێستا نازانم چیبکەم، بە لاپتۆپەکەی یاری دەکرد، بەڵام لاپتۆپەکەی شکا دوای دوو رۆژ بە زۆر کۆمپیەتەرێکی دیکەی بۆ ئەو یارییە کڕییەوە پێمان».
وتیشی «هیوادارم ئەو یارییە قەدەغەبکرێت تا منداڵەکانی دیکەی کۆمەڵگاش تووشی دابڕانی کۆمەڵگاو ئاڵوودەبوون بەو یارییە نەبن».
هەندێک لەبەکارهێنەران بەهۆی سەرقاڵی رۆژانەیانەوە بە شەوان قسە دەکەن و تا دەرانگانێکی شەو دەمێننەوە.
یادگار نەسرین کە خاوەنی کافتریایەکە و زۆربەی کات گەنجان رووی تێدەکەن دەڵێت، ماوەی سێ مانگە دەستی بە یاری پۆبجی کردووە و شەوانەش سێ بۆ چوار کاتژمێر ئەو یارییە دەکات و بەهۆی سەرقاڵی بە ئیشەکەیەوە ناتوانێت بە رۆژ ئەو یارییە بکات تا رادەیەکی پەیوەندی کردووەتە سەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە جێگەی چات و قسەکردنیشی گرتووەتەوە.