ئیسلامییەکان دڵیان بۆ «پڕۆژە سڕبووەکە» لێدەدات

لایەنە ئیسلامییەکان دەڵێن بەردەوام دەبن لە ھەوڵەکانیان بۆ کاری پێکەوەیی و پێدەچێت ئەنجامی ھەڵبژاردن دۆخێکی تازەیان بۆ بهێنێتە کایەوە

6 ساڵ لەمەوپێش




هاوڵاتی

 

لایەنە ئیسلامییەکانی ھەرێمی کوردستان ھێشتا دڵیان لای پڕۆژەی کاری ھاوبەش و پێکەوەییە، دوای دەرکەوتنی ئەنجامی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٣٠ی ئەیلولی ئەمساڵ کە گۆڕانکاریی لە ڕیزبەندی لایەنە ئیسلامییەکان ھێنایە کایەوە و چاوەڕواندەکرێت دۆخێکی تازە لەنێوانیان بھێنێتە کایەوە.

لەدوو ساڵی ڕابردوودا بەدەستپێشخەریی سەڵاحەدین بەھادین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، پڕۆژەی کاری ھاوبەشی ئیسلامی ڕاگەیەنراو دوای چەندین کۆبونەوە لیژنەیەکی کاری ھاوبەش لەنێوان ھەر سێ لایەنی کۆمەڵ و یەکگرتوو و بزوتنەوە و چەند ڕێکخراوێکی دیکەی ئیسلامی پێکھێنرا.

ئامانج لەو پڕۆژەیە یەکخستنی گوتاری ئیسلامییەکان و لێک نزیکبونەوەیان بوو، بەڵام پێش ھەردوو ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراق و ٣٠ی ئەیلولی پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەکە وەستاو تا ئێستا دیار نییە کەی ئەو لیژنە ھاوبەشە جارێکی تر کۆدەبێتەوە.

ئەو ھەوڵە ھاوبەشە نەبووە ھۆی دروستبوونی لیستێکی ئیسلامی بەبەشداری ھەر سێ لایەنە سەرەکییەکە بۆ ھەردوو ھەڵبژاردنەکە ھەرچەندە ھەوڵی بۆ درا، بەھۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانەوە کۆمەڵی ئیسلامی بەجیا و ھەریەکە لە یەکگرتوو و بزوتنەوەی ئیسلامی بە لیستی ھاوبەش بەشداری ھەردوو ھەڵبژاردنەکەیان کرد.

ئەنجامی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٣٠ی ئەیلول گۆڕانکاری لەدەنگی ئەو لایەنانە دروستکرد، کە پێدەچێت کاریگەری لەسەر ھەوڵەکانی داھاتوویان بۆ کاری ھاوبەش و لێک نزیکبونەوەیان هەبێت، بەپێی ئەنجامەکە ھەرچەندە ھەر سێ لایەنەکە دەنگەکانیان کەمیکردووە، بەڵام کۆمەڵی ئیسلامی کورسییەکی لە پەرلەمان زیادکردووە لەشەش کورسییەوە بووەتە خاوەنی حەوت کورسی، لەکاتێکدا یەکگرتوو کە لەگەڵ بزوتنەوە بەشداری ھەڵبژاردنی کرد کورسییەکانی لە ١٠ کورسییەوە بۆ پێنج کوری کەمیکردووە.

نەسرەدین سەعید ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی بە هاوڵاتی وت «کاری پێکەوەیی ئیسلامییەکان لەلای ئێمە پێویست و گرنگە، ئەوەش پەیوەست نییە بەکاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت پەلەی لێ بکرێت».

باسی لەوەشکرد، کە دەبێت لایەنە ئیسلامییەکان زیاتر ھەوڵبدەن بۆ ھاوھەڵوێستی و بوونی متمانە بەیەکتر، تا بتوانن ھەنگاوی زیاتر بنێن بۆ نزیکبونەوەیان و بوونی یەک گوتاری ھاوبەش.

نەسرەدین سەعید ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا دیار نییە کەی بەکرداریی ھەوڵەکان بۆ برایەتی و کاری پێکەوەیی ئیسلامی دەستپێدەکاتەوە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی ئێستا یەکگرتوو سەرقاڵی گۆرانکاریی ناوخۆیییە بەھۆی پاشەکشەی دەنگەکانییەوە.

لەدوای ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٣٠ی ئەیلولی ھەرێمی کوردستانەوە، لایەنە ئیسلامییەکان چەند کۆبونەوەیەکیان کردووە، کە دیارترینیان کۆبونەوەی نێوان سەڵاحەدین بەھادین ئەمینداری یەکگرتوو و عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵ بوو، کە ھەرچەندە جەختیان لە کاری پێکەوەیی کردووەتەوە، بەڵام بەدیاریکراوی ئاماژەیان بە ھەنگاوی کرداریی بۆ دەستپێکردنەوە بە ھەوڵەکانیان لەو بارەیەوە نەکردووە.

کۆمەڵی ئیسلامی پێش ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان ڕەتیکردەوە لەگەڵ دوو لایەنە ئیسلامییەکەی (یەکگرتوو و بزوتنەوەی ئیسلامی) بەیەک لیستی ھاوبەش بەشداری ھەڵبژاردن بکات، بە پاساوی ئەوەی ھەڵوێستی سیاسیی لەسەر ڕووداوەکان لەگەڵ ئەو دوو لایەنە جیاوازە.

تا ئێستا دیار نییە کۆمەڵ بەفەرمی لە ئێستادا ھەڵوێستی چی دەبێت لەسەر پڕۆژەی کاری ھاوبەشی ئیسلامییەکان، بەتایبەت کە بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێش یەکگرتووی ئیسلامی کەوتووە و بووەتە گەورەترین لایەنی ئیسلامی لەسەر ئاستی ھەرێم.

مەڕوان گەڵاڵی ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان وتی «کۆمەڵ بەپێی ئەوە مامەڵە لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەکان ناکات کە کورسییەکی کەمیکردووە، دەنگی ئیسلامییەکان ھەموویان کەمیکردووە و ئێمە لەگەڵ کاری پێکەوەییداین».

وتیشی «من لەگەڵ ئەوەدام کە ھەر سێ لایەنە ئیسلامییەکە ببن بەیەک و لە ژێر چەترێکدا کۆبنەوە، بۆ ئەوەی یەک گوتاری ھاوبەشمان ھەبێت و چیتر بەم شێوەیە پەرتەوازە نەبین».

مەڕوان گەلاڵی پێیوایە، ئەگەر ئیرادە ھەبێت یەکگرتنی سێ حزبە ئیسلامییەکی کارێکی قورس نییە، جەختیشیکردەوە ھەڵوێستی کۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی پێویستی کاری پێکەوەییەوە نەگۆڕاوە.

لەبارەی ئەوەی بۆچی کۆمەڵ پێشتر ئامادەنەبوو بچێتە ناو لیستی ھاوبەشەوە لەگەڵ بزوتنەوە و یەکگرتوو، ئەو بەرپرسەی کۆمەڵ وتی «پێمان وابوو کە ناکرێت لەیەک لیستدا کۆبینەوە لەکاتێکدا لە ھەڵوێستە سیاسییەکانماندا جیاوازین».

بزوتنەوەی ئیسلامی کە بەدایکی بزوتنەوە ئیسلامییەکانی کوردستان دادەنرێت و لەم ھەڵبژاردنەدا ھیچ کورسییەکی پەرلەمانی بەدەستنەھێناوە، لەگەڵ بەردەوامیدانە بە کاری ھاوبەشی لایەنە ئیسلامییەکان، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بەھێزتر دەربکەون و کاریگەرییان ھەبێت.

کامیل مەحمود وتەبێژی بزوتنەوە جەختیکردەوە، کاری پێکەوەیی لایەنە ئیسلامییەکان پێویستە و ھیچ لایەنێکی ئیسلامی نییە کە دژی بێت، بەڵام رەنگە ئەنجامی ھەڵبژاردن کاریگەریی لەسەر گفتوگۆ و ھەوڵەکان لەو بارەیەوە دروستبکات.

وتیشی  «سورین لەسەر بەردەوامیدان بەو ھەوڵە، ئەوەش پێویستی بە پڕۆژەی ھاوبەش ھەیە بۆ ئەوەی لایەنەکان لەسەری بڕۆن و دیگای خۆمانی تێدا بخەینەڕوو.

بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئیسلامییەکان پێکەوە خاوەنی ١٢ کورسی پەرلەمانن لەکۆی ١١١ کورسی، لەکاتێکدا پێشتر خاوەنی ١٧ کورسی پەرلەمان بوون، واتە پێنج کورسی کەمیانکردووە.

ئەبوبەکر عەلی چاودێری سیاسی پێیوایە، پڕۆژەی کاری پێکەوەیی ئیسلامی لە ئێستادا «لە دۆخی متبون و سڕبونێکی تەواودایە»، رەنگە دەستپێکردنەوەی لەم کاتەدا ئەگەرێکی دووربێت، بەو پێیەی ھێشتا لایەنەکان لە شۆکی ئەنجامی ھەڵبژاردن دەرنەچوون.

ھەروەھا بۆ هاوڵاتی باسی لەوەکرد، دەستپێکردنەوەی پرۆژەکە لە ئێستادا کەوتووەتە سەر ھەڵوێستی کۆمەڵی ئیسلامی، کە پێشتر ئامادەنەبوو بچێتە ناو لیستی ئیسلامی یەوە «ئەگەر کۆمەڵ و یەکگرتوو پێکەوە ببنە ئۆپۆزسیۆن کارەکە ئاسانتر دەبێت».

ئەبوبەکر عەلی بە پێویستی دەزانێت ھێزە ئیسلامییەکان نەک تەنها لەناوخۆیاندا بەڵکو لەچوارچێوەی پڕۆژەیەکی نیشتمانی ریفۆرمخواز کۆبنەوە ئەوەش لەبەرچاو بگرن کە ئەوانەی پێشتر رابەرایەتییان کردوون، توانای رابەرایەتیکردنیان لاواز بووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار