ئەو راپۆرتەی بوەهۆی بڕینی موچە حکومەتی هەرێم خۆی واژۆی کردوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەو راپۆرتەی بوەهۆی بڕینی موچەی فەرمانبەران، حکومەتی هەرێم خۆی واژۆی کردوە و بەغدادیش داوای داهاتی سێ ساڵی فرۆشی نەوت دەکات.
سەرکردەیەکی باڵای عێراق کە ناوى ئاشکرا نەکردوە، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای راپۆرتێک موچەی فەرمانبەرانی راگرتوە، کە واژۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، کاتێک ناوەڕاستی ساڵی رابردو گرفت بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستبو، لیژنەیەکی باڵا لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق هاتنە هەرێمی کوردستان و بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لە هەولێر سەرقاڵی وردبینی لە لیست و ناو و زانیاری کەسی فەرمانبەران و داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان بون، دواتر راپۆرتێکی هاوبەش لەنێوان هەردو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵ ئامادەکرا و واژۆی ئەندامانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستانیشی لەسەرە، بەپشت بەستن بەو راپۆرتە ناردنی پارە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم راگیراوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو راپۆرتەی بردوەتە ناو کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کۆک بون لەسەر ئەوەی گرفتەکان لە بنچینەوە چارەسەربکرێن و تا ئەو کاتەش موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رابگیرێت.
لەبارەی ناوەڕۆکی راپۆرتەکە، سەرچاوەکە وتی: حکومەتی هەرێم بە وردی داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی بەغداد کردوە، بەجۆرێک تەنها لەساڵی 2023ـدا داهاتی نەوتی لە فرۆشی نەوت کە حکومەتی هەرێم دەستیکەوتوە زیاتر لە چوار ترلیۆن دینار بوە و واژۆی لەسەر ئەو راستی و دروست ئەو داتایانە کردوە.
باسی لەوەشکرد، عێراق هیچ لێخۆشبونێک بۆ حکومەتی هەرێم دەرناکات، داهاتی نەوتی لەو سێ ساڵەدا هەرچەند بو، لەکۆی گشتی بودجەی سێ ساڵە دەریدەکات و بەوشێوەیەش رەنگە هەرێمی کوردستان قەرزار بێت.
سەبارەت بە چارەسەری گرفتەکە سەرچاوەکە دەڵێت: دەبێت حکومەتی هەرێم بچێتە ژێر باری کۆمەڵێک داواکاری بەغدادەوە یەکێک لەوانە بەزوترین کات هەناردەکردنەوەی نەوت و دەرکردنی ئەو پارەیە لە بودجە کە لە داهاتی نەوت دەستیکەوتوە، چونکە ئێستاشی لەسەر بێت حکومەتی هەرێم رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت.
