باوکى زەکەریا ڕەتی دەکاتەوە کوڕەکەی بەهۆى ژیریی دەستکردەوە مردبێت

5 كاتژمێر لەمەوپێش
دوای ئەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی گەنجێک بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی هەڵە و بەگوێرەی ڕێنمانی زیرەکی دەستکرد بەخێرای سۆشیاڵ میدیا داگیر دەکات، کەسوکاری ئەو گەنجە نیگەرانن لەبەرامبەر شێواندنی ڕاستییەکەی.
سەلمان خدر، باوکی ئەو گەنجە ڕاگەیاند، لە زۆرێک لە دەزگا میدیاییەکان نیگەرانین بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری لەسەر مردنی کوڕەکەم، ئەمە وای کردووە دووجار جەرگمان بسووتێت.
ئەو وتى: کوڕەکەم لە منداڵییەوە نەخۆشی دابەزینی فشاری خوێنی لەگەڵ و ئەمجارەش هاوشێوەی هەموو جارێک دووبارە تووشی هەمان دۆخ بووەتەوە و هەموو ئەو هەواڵانە باس لەوە دەکەن کە گوایە، زەکەریا ڕاوێژی بە زیرەکەی دەستکرد کردووە بۆ بەکارهێنانی دەرمان دوورە لە ڕاستییەوە و چەواشەکارییە.
ڕۆژی یەکشەممە، لە چەند دەزگایەکی میدیایی بڵاوکرایەوە، گەنجێکی دەڤەری برادۆست بەهۆی وەرگرتنی ڕێنمای لە زیرەکی دەستکرد خواردنی دەرمانی هەڵە بۆ چارەسەری نەخۆشی گیانی لەدەستداوە و هەواڵەکە بە خێرای لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەوە.
زەکەریا سەلمان، قوتابی قۆناغی دووەمی زانکۆیە و خەڵکی دەڤەری برادۆستە، دوای ئەوەی فشاری خوێنی دادەبەزێت ڕەوانەی نەخۆشخانەی سۆران دەکرێت و دۆخی تەندروستیی بەرەو باشبوون دەچێت، دواتر لەهەمان ڕۆژ جارێکی تر فشاری خوێنی دادەبەزێت بەرلەوەی ڕەوانەی هەولێر بکرێت کۆچی دوای دەکات.
لەلایەکى دیکەوە سامان عەبدوڵلا بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین ڕاگەیاند، زەکەریا سەلمان، قوتابی قۆناغی دووی بەشی ڕووپێوان بوو و نوێنەری قوتابییانی بەشەکەی خۆی بوو لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەددین.
سامان عەبدوڵلا گوتیشی: دوای بەدواداچوون و قسەکردن لەگەڵ 'مام سەلمان خدر' کە باوکی قوتابیەکەیە، ڕەتی کردوە کوڕەکەی لە ئەنجامی ڕاوێژ بە ژیریی دەستکرد و خواردنی دەرمانی هەڵە، کۆچی دوایی کردبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، وێڕای سەرەخۆشیمان لە بنەماڵەی قوتابی زەکەریا سەلمان، پشتڕاستی دەکەینەوە قوتابی ناوبراو بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی هەڵە و ڕێنمایی وەرگرتن لە ژیری دەستکرد کۆچی دوایی نەکردووە.
