كۆمیسیۆن: 187هەزار داواكاریی بۆ كارمەندی سەر سندوق پێشكەشكراوە

19 كاتژمێر لەمەوپێش
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 187 هەزار کەس داواكارییان بۆ كارمەندی سەر سندوقەكانی دەنگدان پێشكەشكردووە، بەڵام پێویستیان بە نزیکەى 250 هەزار کارمەندە.
بەگوێرەى ئەو خشتەیەی کۆمیسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەکان بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو رۆژى 9ـى حوزەیران، 187 هەزار و 861 کەس داواکارییان بۆ کارمەندى سەر سندوقەکانى دەنگدان پێشکەشکردووە، بەڵام بەگوێرەى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، لە رۆژى دەنگداندا پێویستی بە نزیکەی 250 هەزار کارمەند هەیە.
عەلی ساڵح، سەرۆکى لیژنەى هەڵبژاردنى کارمەندانى سەرسندوقەکانى دەنگدان رایگەیاند، داوایان لە نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق کردووە رەزامەندی بدەن لەسەر دەرکردنى نووسراوى سوپاسنامە، بۆ ئەو کەسانەى وەکو کارمەند بەشدارى لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن.
بەگوێرەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، زۆرترین داواکارى بۆ بوون بە کارمەندى سەر سندوقەکانى دەنگدان لە بەسڕە تۆمارکراوە کە ژمارەیان 21 هەزار و 375 کەس بووە و هەروەها کەمترین داواکارییش لە پارێزگاى موسەننا بووە بە تۆمارکردنى سێ هەزار و 485 کەس.
هەر بەگوێرەى خشتەکەى کۆمیسیۆن، لە پارێزگاى سلێمانى شەش هەزار و 20 کەس و لە هەولێر پێنج هەزار و 412 کەس و لە دهۆکیش چوار هەزار و 228 کەس داواکارییان بۆ بوون بە کارمەندى سەر سندوق تۆمارکردووە.
رۆژى 5ـى حوزەیران، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ژمارەى ئەو کەسانەی لە تەواوی عێراقدا تۆماری بایۆمەترییان نوێکردووەتەوە، گەیشتووەتە زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار دەنگدەر.
ئامادەکارییەکانى کۆمیسیۆن لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت.
