لە سلێمانی بایکۆت دەستیپێکرد

19 كاتژمێر لەمەوپێش



 

بەهۆی دواکەوتن و دیارنەبوونی وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج، بەشێک لە فەرمانگەکانی پارێزگای سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد.

پەیامنێرى هاوڵاتى لە سلێمانی گواستییەوە، فەرمانبەرانی بەشێک لە فەرمانگەکانی پارێزگای سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کردووە و دەڵێن، دەوام ناکەن، لەبەرئەوەی بەرچاویان روون نییە کەی مووچەکانیان وەردەگرن.

بەگوێرەی زانیارییەکانى پەیامنێرى هاوڵاتى لەسلێمانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەکان باس لەوەدەکەن، بایکۆت نەکراوە و فەرمانبەران بە شێوەی تەناوب، واتە بە نۆرە دەوام دەکەن، بەڵام فەرمانبەران ئەو زانیارییە رەتدەکەنەوە و دەڵێن، بایکۆتیان کردووە و ناچنەوە دەوام.

ئەمە لەکاتێکدایە چەند رۆژى ڕابردوو سەرچاوەیەك لە هەرێمی كوردستان بە پێگەی (بغداد اليوم)ـی راگەیاندبوو كە حكومەتی عێراق رادەستكردنی تەواوی داهاتەكانی كردوەتە مەرج بەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە و تا ئەوكاتەش ئامادەنییە هیچ دانوستان و گفتوگۆیەك لەبارەی موچەی مانگی ئایار ئەنجام بدرێت.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كردوە كە بەغداد پێشوازیكردنی لە شاندی هەرێمی كوردستان رەت كردوەتەوە لەكاتێكدا چەندین ناكۆكی بونیان هەیە لەبارەی مەلەفی نەوت و داهاتە نانەوتییەكان.

رۆژی چوارشەممەی رابردو ئەنجومەنی نوێنەرانی  عێراق نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند، ئەو رێکارە زیان بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار