سزادانی مانگرتوو نەریتێكی نا دیمۆكراتییە

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

سلێمانی، 10ی حوزەیرانی 2025: بڕیارەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لەگەڵ حوكمــەكانی یاسای ژمارە )11(ی ساڵی) 2010 (یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان، و پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكاندا ناكۆكە و نەریتێكی نادێمۆكراتییە، داوا دەكەین هەڵبوەشێتەوە.

دوای راگەیاندنی بایكۆتی چەند رۆژی رابردووی پزیشكانی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانەكانی هەولێر، سلێمانی، كۆیە، راپەڕین، گەرمیان و سۆران، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، نووسراوێكی بڵاوكردەوە، ئیمزای بەڕێوەبەری گشتی لەسەرە، چەند پزیشكێكی لەسەر پابەندنەبوون بە كاتی دەوامەوە سزاداوە.

نووسراوەكە پاش سەردانی بەڕێوەبەری گشتی بووە بۆ نەخۆشخانەی رزگاری فێركاری لە رۆژی دووەمی جەژنی قوربان، بڕیاردراوە بە سزادانی ئەو پزیشكانەی كە لە شوێنی خۆیان ئامادە نەبوون، بە ‌بڕینی مووچە و بەنەهاتوو هەژماركردنیان. بڕیارەكە 13 پزیشكی نیشتەجێی خولاوی گرتۆتەوە، هەروەها لە نوسراوێكی هاوشێوەدا، حەوت پزیشك، لە نەخۆشخانەی راپەڕینی فێركاری بەهەمان هۆكار سزادراون.

یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان، پێناسەی چالاكییە مەدەنییەكانی كردوە كە (گردبوونەوەی گشتی بە مەبەستی خۆپیشاندان، مانگرتن، پەناگیری) لە خۆ دەگرێت.

باشتر بوو بەرێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، داوای پزیشكە ناڕازییەكان وەربگرێت، پاشان لەگەڵ لیژنەكەیاندا كۆ ببێتەوە بە مەبەستی چارەسەری گونجاو  لە ماوەیەكی دیاری كراوی گونجاودا، نەك پەنا بۆ سزادانیان ببات.

یاسای ژمارە )11(ی ساڵی) 2010 (یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان- عێراق، مادەی هەشتەمی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكان كە عێراق پەسەندی كرد، مافی مانگرتن پارێزراوە.

تۆڕی هاوپەیمانی 19  نیگەرانە كە سزای پزیشكانی هەولێر بكرێتە پێشینەیەك بۆ سزادانی ئەو چین و توێژانەی لە رێی چالاكی مەدەنییەوە داوای مافی خۆیان دەكەن، لە بری پەنابردن بۆ بڕیارێك كە  پێچەوانەی حوكمــەكانی یاسای ژمارە )11(ی ساڵی) 2010 (یاسای رێكخستنی خۆپیشاندانە، كە داوا رەواكانیان كە داوای 1600 پزیشكە، جێبەجێبكەن.

لە ماددەی چواردەهەمی یاسەكە هاتووە "كار بە هیچ دەقێكی یاسـایی یان بڕیارێك ناكرێت، كە لەگەڵ حوكمــەكانی ئەم یاسـایەدا نـاكۆك بێت"

تۆڕی هاوپەیمانی19، لە كۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، پێكهاتووە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار