بۆ دووەم ڕۆژە بەشێکی فەرمانگەکانی سلێمانی بەردەوامن لە بایکۆت

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

بەهۆی دواکەوتن و دیارنەبوونی وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج، بەشێک لە فەرمانگەکانی پارێزگای سلێمانی دوو رۆژە بایکۆتی دەوامیان کردووە.

پەیامنێرى هاوڵاتى لەسلێمانى ڕایدەگەیەنێت فەرمانبەرانی بەشێک لە فەرمانگەکانی پارێزگای سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کردووە و دەڵێن، دەوام ناکەن، لەبەرئەوەی بەرچاویان روون نییە کەی مووچەکانیان وەردەگرن.

هەروەها وتیشى: فەرمانبەرانى فەرمانگەکانى ئاو و شارەوانى رۆژهەڵات و رۆژئاوا و بەڕێوبەرایەتیى گشتیى شارەوانییەکانى سلێمانى و کارەبا و سەرۆکایەتیى زانکۆى سلێمانى بایکۆتیان کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بەڕێوەبەری فەرمانگەکان باس لەوەدەکەن، بایکۆت نەکراوە و فەرمانبەران بەشێوەی نۆرە، دەوام دەکەن، بەڵام فەرمانبەران ئەو زانیارییە رەتدەکەنەوە و دەڵێن، بایکۆتیان کردووە و ناچنەوە دەوام تا مووچەکانیان وەردەگرن.

ئەمە لەکاتێکدایە چەند رۆژى ڕابردوو سەرچاوەیەك لە هەرێمی كوردستان بە پێگەی (بغداد اليوم)ـی راگەیاندبوو كە حكومەتی عێراق رادەستكردنی تەواوی داهاتەكانی كردوەتە مەرج بەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە و تا ئەوكاتەش ئامادەنییە هیچ دانوستان و گفتوگۆیەك لەبارەی موچەی مانگی ئایار ئەنجام بدرێت.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كردوە كە بەغداد پێشوازیكردنی لە شاندی هەرێمی كوردستان رەت كردوەتەوە لەكاتێكدا چەندین ناكۆكی بونیان هەیە لەبارەی مەلەفی نەوت و داهاتە نانەوتییەكان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار