تۆڕی هاوپەیمانی 19: عوسمان گوڵپی و دڵشاد میرانی ئازا بكەن

3 كاتژمێر لەمەوپێش
تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوا دەكات، ئەندامانی دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، (عوسمان گوڵپی و دڵشاد میرانی) ئازاد بكەن و لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی، لە رێگەی رێوشوێنی ئەمنی گونجاو، رێكخەران و بەشداربووانی خۆپیشاندانەكە بپارێزێت.
شەوی رابردوو، لە رێی پەیوەندی تەلەفونی بەجیا داوا لە هەردوو رێكخەری خۆپیشاندانەكە، عوسمان گوڵپی و دڵشاد میرانی دەكرێت بچن سەردانی ئاسایش بكەن، پاش ئەوەی دەچن، ئیتر سۆراغیان نامێنێت.
عادل حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە تۆڕی 19ی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ خانەوادەی دەستگیركراوان چوون بۆ سۆراغیان لە ئاسایشی گشتی سلێمانی، پێیان وتوون، "لای ئێمەن سبەینێ ئازادیان دەكەین، بەڵام تا ئێستا هەر لەوێ ماونەتەوە".
رۆژی شەممە، 21ی حوزەیران، دەستەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوایان لە چین و توێژەكان كرد: ڕۆژی پێنجشەممە بێنە سەر شەقام و دژی گەندەڵی و نادادی و دواكەوتنی مووچە داوای مافی خۆیان بكەن.
ئەمەو دوێنێ 24ی حوزەیران، لەكاتی ئامادەكردنی راپۆرتێك لە ناو بازاڕی شاری سلێمانی تیمێكی ئێن ئارتی، (عەلی ساڵح، میر سەركەوت) لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركران و پاش چەند كاتژمێرێك ئازاد كران.
دەستگیركردنی تیمەكەی ئێن ئارتی هاوكات بوو لەگەڵ راگەیاندراوێكی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی كە وتبووی، "ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەكەی پێدا تێپەڕدەبێت گونجاو نییە".
داوا دەكەن، "خۆپیشاندانەكە بۆ كاتێكی سەقامگیرتر دوابخەن تا هاوكار و هەماهەنگ بین لەگەیاندنی پەیامەكانیان بەشێوەیەكی شارستانیانە و دوور لەهەر ئەگەرێكی توندوتیژی و ڕووداوی نەخوازراو".
لە بەرانبەردا، مامۆستایان و فەرمانبەران داواكەی لیژنەی ئەمنییان رەتكردەوە و رایانگەیاند راگەیاندراوەكەیان بۆ خۆپیشاندان ئاشتیانە وەك خۆیەتی.
تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوا دەكات، ئەندامانی دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، (عوسمان گوڵپی و دڵشاد میرانی) ئازاد بكەن و لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، لە رێگەی رێوشوێنی ئەمنیی گونجاو، رێكخەران و بەشداربووانی خۆپیشاندانەكە بپارێزن.
بە پێی پێودانگی مافەكانی مرۆڤ، یاسای ناوخۆی و دەستور، ئەو مافەی بە هاووڵاتیان داوە كە بەبێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە و دوور لە سانسۆر، بتوانن گوزارشت بە لە بیروڕای خۆیان بكەن حكومەت رێز لەمافی ئازادی گردبوونەوەی ئاشتیانە و ئازادی ڕادەربڕینیان بگرن، ئەمەش نیشاندەری ئەدای ئەو كۆمەڵگایە پیشان دەدات لە بواری مافەكانی مرۆڤدا بە گشتی.

