لەسلێمانى زیاتر لە ١٥ ڕۆژنامەنوس دەستگیراون

6 كاتژمێر لەمەوپێش
هێزەئەمنیەکانى سلێمانى، تا کاتژمێر ١٢ى ئەمرؤ، زیاتر لە ١٥ ڕۆژنامەنوس و وێنەگرى کەناڵەکانى ڕاگەیاندنیان دەستگیرکردوە بەپاساوى ئەوەى ڕوماڵ و بەدواداچوون و وێنەگرتنى شوێنى خۆپیشاندانەکەى سلێمانى.
هەروەها هەریەکە لە عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری پێشووی كۆمەڵ و عەلى حەمەساڵح پەرلەمانتارى کوردستان دەستگیركراون.
سەنتەری میترۆش، ئیدانەی دەستگیرکردنی تیمی رۆژنامەوانیی کەناڵەکان دەکات و داوای دەستبەجێی ئازادکردنی تیمی ڕۆژنامەوانیی ئەو کەناڵانە دەکاتان.
بەپێى زانیاریەکان تائێستا دوو تیمی رۆژنامەوانی کەناڵی زووم بەناوەکانى (شادۆست فەرهاد، محەمەد دڵشاد، سەرکۆ فایەق، سیروان علی، کاروان عمران) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون ئازاد نەکراون.
کەناڵى ئاسمانى پەیامیش ڕایدەگەیەنێت، تیمێکی ڕۆژنامەوانیی کەناڵەکەیان کە پێکهاتوون لە هۆشیار محەمەد و هێمن محەمەد لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکراون لەکاتى گواستنەوەو ڕوماڵى خۆپیشاندانى مامۆستایان.
تیمێکى کەناڵى سپێدەش دەستگیرکران، هەروەها ڕێگری لە هەردوو تیمی مۆجۆ کورد و پرس میدیا کرا کە رووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی بکەن.
هەروەها ڕاگەیاندنکارێکی کەناڵی ئازادی لەشاری سلێمانی دەستگیرکرا، لەگەڵ ژمارەیەک میدیاکاری دیکە و دوای ماوەیەک دەستتگیرکردن ئازاد کراون.
سەرچاوەیەک لەمەڵبەندی سلێمانی حزبی شیوعی کوردستان، بە Azadi TV ی ڕایگەیاندوە، ژمارەیەک لەهاوڕییانمان، بۆ پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتی فەرمانبەران، لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوایی سلیمانی ئامادەبوون و لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی سلێمانیەوە دەستگیرکران و دواتر ئازادکران.
پێشتریش سەرچاوەوەکى ئاگادار ڕایگەیاند کەمێک لەمەوبەر هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتایە سەر بارەگای رەوتی هەڵوێست لە سلێمانی.
بەوتەى ئەو سەرچاوەیە هەریەکە لە عەلی حەمەساڵح و رێبوار کەریم و غالب محەمەد دەستگیرکران.
بڕیارfبوو ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، لەدژی دواکەوتنی مووچە خۆپیشاندان بکەن، بەڵام هێزێکى زۆری ئەمنی بۆ رێگری لە خۆپیشاندانەکە بڵاوەی پێکراو نەیانهێشت هیچ گردبوونەوەیەک بکرێت.
مونیرە عەبدوڵا یەکێک لە ئەندامانى خوپیشاندانەکە بە زوومى گوت، کاتژمێر 10ـى پێش نیوەڕۆ، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دژی دواکەوتنی مووچە لەبەردەم بیناى بەڕێوەبەرایەتیى پەروەردەى رۆژئاواى سلێمانى خۆپیشاندان ئەنجامبدەن.
لاى خۆشیەوە. سەلام عەبدولخالق گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێگەنادەن خۆپیشاندان لە سلێمانی بكرێت، چونکە زانیارییان هەیە چەند دەستێك دەیەوێت خۆپیشاندانەكە تێكبدات و توندوتیژی لێدەکەوێتەوە.

