بەبێ ئەوەى کۆبونەوە بکات پەرلەمانى کوردستان کەوتە پشوەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
هەرچەندە حەوت مانگە بەهۆی دۆخی سیاسییەوە هیچ کۆبوونەوەیەکى نەکردوە، بەڵام لە ئەمڕۆوە پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو مانگ دەکەوێتە پشووی هاوینەوە.
لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو؛ 2-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دیکە نەکراوە.
ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاساییان خواردووەو موچەی مانگانەیان بۆ بەستراوە كە هەر پەرلەمانتارێك موچەیەكی (8 ملیۆن و 180 هەزار) دیناری و شوقە یاخود خانوویەكی لە سیتیەكان پێدەدرێت، بەڵام تا ئێستا لیژنەكانی پەرلەمان پێكنەهاتووەو سەرۆك و جێگرو سكرتێری پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە.
چاوەڕێی كردنەوەی گرێكوێرەی ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی دەكات لەسەر رێككەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان (سەرۆك و جێگر و سكرتێر) و سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی و سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی بەیەك پاكێج كراوە.
ڕووپاک ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، دەلێت: پشووی هاوینەی پەرلەمان لە ئەمڕۆ 01ـی تەمموز دەستپێدەکات و بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت".
ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەدەکات لە کاتی ئاساییدا دەبێت کۆبوونەوەکانی پەرلەمان لە1ـی 9 دەستپێبکەنەوە تاوەکو 31ـی مانگی یەکی ساڵی نوێ و دواتر جارێکی دیکە دەکەونەوە پشووی زستانەوە بۆ ماوەی دوو مانگ.
لەکاتی وەرزەکانی پشووی پەرلەمانی کوردستاندا، لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکانیان دەکەن، بەڵام کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان ناکرێت.
تاوەکو ئەمڕۆ لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ خولی شەشەم پێکنەهێندراون، بۆیە لەم پشووەدا لیژنەکانیش کۆبوونەوەیان نابێت.
لە کاتی ئاساییدا، بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی مادەی 51ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان "رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە تایبەت دەبێت بە دانیشتنی پەرلەمان"، بەڵام لە حەوت مانگی رابردوودا پەرلەمان هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە.
ئەنجامی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان:
- پارتی دیموكراتی كوردستان: 812 هەزارو 794 دەنگ و (39) كوردسی
- یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 409 هەزارو 548 دەنگ و (23) كوردسی
- جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 292 هەزارو 32 دەنگ و (15) كوردسی
- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: 117 هەزارو 444 دەنگ و (7) كوردسی
- كۆمەڵی دادگەری كوردستان: 64 هەزارو 864 دەنگ و (3) كوردسی (بایكۆتی پەرلەمانی كرد)
- رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی: 56 هەزارو 8 دەنگ و (4) كوردسی
- بەرەی گەل: 33 هەزارو 461 دەنگ و (39) كوردسی
- هاوپەیمانی هەرێمی كوردستان: 13 هەزارو 226 دەنگ و (1) كوردسی
- بزووتنەوەی گۆڕان : 11 هەزارو 636 دەنگ و (1) كوردسی
- پێكهاتەكان: 31 هەزارو 188 دەنگ و (5) كوردسی

