داعش بۆشاییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپا پڕدەکاتەوە
جەبار یاوەر: سنورەکانی ئێستای نێوان پێشمەرگەو سوپا وەهمین و دەمانەوێت کۆتایی پێبهێنین
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، لەئێستادا ھیچ ھەماھەنگییەک لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا نییە، ئەوەش دەرفەتی بۆ چەکدارانی داعش ڕەخساندووە کە جموجۆڵ و کردەوە توندوتیژییەکانیان لەناوچەکانی عێراق بەتایبەتی ناوچە کێشە لەسەرەکان زیاتر بکەن.
جەبار یاوەر لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتی ئاماژە بەوەدەکات، لە ئێستا نە ڕێککەوتن نە ھەماھەنگی نە دانیشتن ھەیە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ دروستکردنی ئەو ھەماھەنگییەش چاوەڕوانی دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی عێراقن کە ئەگەر حکومەتی ھەرێم بڕیار لەو بارەیەوە بدات دەستدەکەن بە کارەکانیان لەو بارەیەوە و شاندی ھاوبەش پێکدەھێنن و لەگەڵ عێراق دادەنیشن.
وتیشی «داوامان کردووە پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەماھەنگیان ھەبێت، ئێمە پلانەکەمان داڕشتووە کە ئەوە چۆن دەکرێت، باسی ئەوەمان کردووە ھەمان ئەو پڕۆسەی ھەماھەنگییەی ھەبووە لە پێش ساڵی ٢٠١٤ دوبارە درووستبکرێتەوە».
لەتازەترین پێشهاتدا دوێنێ لەسەر رێگەی مەزارگەی باوە مەحمود لە خانەقین بۆمبێکی چێنراو تەقییەوە و بەو هۆیەوە دوو ژن گیانیان لەدەستداو ژمارەیەکی تریش بریندار بوون . بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئەمنیش لەقەزاکە تەقینەوەکە تیرۆرستی بووە و زیارەتکارانی مەزارگەی باوە مەحمود بەهۆی رۆژی عاشوراوە کردۆتە ئامانج، شەوی رابردووش لەنزیک شوێنی ئەو تەقینەوەیە، بۆمبێکی چێنراو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پوچەڵکرایەوە. خانەقین یەکیکە لەو ناوچانەی کە تا پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر لە لایەن هێزەکانی پیشمەرگەوە پاریزراوە، پێشتریش هەماهەنگی هەبوو لە نێوان پیشمەرگەو سوپای عێراق لەو ناوچەیە.
پێش ساڵی ٢٠١٤ و ھێرشەکانی داعش، وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بازگە و خاڵی پشکنینی ھاوبەش و دەوریەی ھاوبەش و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشیان ھەبوو، بەڵام کەوتنی سوپای عێراق لە موسڵ و ناوچە کێشەلەسەرەکان بەرانبەر ئەو رێکخراوە ھەماھەنگییەکەی کۆتایی پێھێنا و پێشمەرگە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان جێگیر بوو، سوپاش کشایەوە.
جەبار یاوەر وتی «ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە دەبینە بەشێک لەو شاندانەی لەداھاتوودا لەلایەن ھەرێمەوە پێکدەھێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق بۆ چارەسەری کێشەکان، لەناویاندا پرسی پێشمەرگە و ھەماھەنگی لەگەڵ سوپای عێراق».
وتیشی «ھاوپەیمانان بەردەوام ھانی ئێمە و سوپای عێراق دەدات کاری ھاوبەش بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین رێگری بکەین لە جموجۆڵی گروپە چەکدارەکان و کۆنتڕۆڵی ئەمنییەتی ناوچە جێناکۆکەکان بکەن».
ماوەی چەند مانگێکە چەکدارانی داعش لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای عێراق بەتایبەتی لەناوچە جێناکۆکەکان کردەوەی توندوتیژی ئەنجام دەدات و بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی ھۆشداریانداوە لە زیادبوونی جموجۆڵی شانە نوستووەکانی ئەو ڕێکخراوە.
جەبار یاوەر دەڵێت «ھێشتا چەکدارانی داعش بونیان ماوە، چونکە ھێشتا ئەو ڕێکخراوە لە عێراق و سوریا کۆتایی نەھاتووە، ھەرچەندە ئیمارەتەکەیان ھەڵوەشاوەتەوە و ھیچ ناوچەیەکی فراوانیان لە ژێر کۆنتڕۆڵدا نییە و ھیچ دام و دەزگایەکیان وەکو پێشتر نەماوە، بەتایبەتی لە عێراق، بەڵام جموجۆڵیان وەک گروپی بچوک لەناوچەکانی چواردەوری کەرکوک و حەمرین و دیالە و نزیک موسڵ ماوە تا سوری سوریا».
جەختیشیکردەوە «ھێشتا مەترسی داعش لەسەر عێراق بەشێوازێکی گشتی و لەسەر ھەرێمی کوردستانیش ھەرماوە، چونکە لەو ناوچانەی لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکاندایە ھێشتا جموجۆڵی ئەو رێکخراوە ماوە، بەتایبەتی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠».
جەبار یاوەر رونیشیکردەوە، مەترسییەکانی داعش چەند شێوازێکی ھەیە، یەکەمیان ئەوەیە ھێشتا ئەو ڕیکخراوە لەرووی ڕاگەیاندنەوە بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و ھێشتا سەرچاوەی داراییان ماوە و بەتەواوی وشکنەکراوە و ھێشتا لەکاری خۆتەقاندنەوە و دانانی بۆمب و دانانی کەمین لەسەر رێگاوبانەکان و ڕفاندنی خەڵک و کوشتنیان و سەندنی پارە لە خەڵک لەچەندین ناوچەی عێراق بەردەوامە، جگە لە سوریا.
سەبارەت بە تواناکانی رێکخراوەکەش وتی «بەڵام تواناکانی ئەو ڕێکخراوە وەکو جاران نییە کە ھێزێکی زەبەلاحی گەورە بوو کۆنتڕۆڵی ناوچەیەکی بەرفراوانی بەدەستەوە بوو، ئێستا بێهێز بوون، بەڵام ھێشتا دەتوانن کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و ببنە مەترسی لەسەر ڕەوشی ئەمنی».
لەبارەی ئەوەی تاچەند نەبوونی ھەماھەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بووەتە ھۆی زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش بەتایبەتی لەناوچە جێناکۆکەکان، جەبار یاوەر وتی «ئەگەر ھەماھەنگی ھەبێت لەنێوان ھێزەکانی حکومەتی فیدراڵی و ھەرێم و ھاوپەیمانان، بێگومان ئەو کاتە دەتوانرێت بەتەواوی ڕەوشی ئەمنی ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکرێت و داعش کۆتایی پێبهێنین».
جەختی لەوەش کردەوە، تاکو ھەماھەنگی نەبێت لە نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق داعش سود لەم ھەلومەرجە وەردەگرێت و دەتوانن ئەو بۆشاییەی کە ھەیە کە لە خانەقینەوە درێژدەبێتەوە تا موسڵ و شەنگال لەنێوان پێشمەرگە سوپا و سودی لێ وەربگرن، جگە لەوەی ئەوان سودیان لە نەمانی پێشمەرگە لەناوچەکانی ماددەی ١٤٠ وەرگرتووە «بێگومان نەبوونی ھەماھەنگی دەبێتە ھۆکارێک بۆ زەمینە خۆشکردن بۆ مانەوەی کاری تیرۆریستی».
لەبارەی سنوری نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە، جەبار یاوەر وتی «سنوری ئێستا سنوری ساڵی ٢٠١٤یە، بەڵام ئێمە ئەو ھێڵانە بە وەھمی دادەنێنین، چونکە دەبێت بەپێی ماددەی ١٤٠ چارەسەری کێشەی ئەو ناوچانە بکرێت و یەکێک لەکارە سەرەکییەکانی کورد لەگەڵ کابینەی نوێی حکومەتی عێراق جێبەجێکردنی ئەو مادەیەیە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو قسانە بھێنرێت کە باسی ئەو جۆرە ھێڵانە دەکەن».
چەکدارانی پاشماوەی داعش لە هەوڵی خۆڕێکخستنەوەدان لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی هەیە، وەکو سنووری نێوان عیراق و سوریاو هەندی ناوچەی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پارێزگاکانی کەرکوک و دیالە بە تایبەتی لەسنووری حەمرین. خانەقین کە یەکێکە لەو ناوچانە لە چەند مانگی رابردوودا شوێنیک بووە کە چەندین کاری توندورتیژی و رفاندن و کوشتنی لە لایەن گروپە جەکدارەکانەوە تیدا ئەنجامدراوە، دواترینینیشیان تەقینەوەکەی دوێنێ بوو کە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێنی کردە ئامانج لەو شارە.
تەقینەوەکە لەڕێگەی بۆمبی چێندراوەوە بووە و بۆمبێکی دیکەی چێنراویش لە شوێنەکە دۆزرایەوە دواتر هێزە ئەمنییەکان کۆنتڕۆڵیان کرد. ئەمەش لەکاتێکدابوو کە شەوی پێشتر هەر لەنزیک دەرگای سەرەکی مەزاری باوە مەحموود لە خانەقین تەقینەوەیەکی دیکە روویدا.