بارزانی: لە هەلومەرجێکی گونجاودا سەردانى ئـ.ـۆجـ.ـەلان دەکەم
.jpg)
16 كاتژمێر لەمەوپێش
بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و شاندی باڵای دەم پارتی باسی لە پرۆسەی ئاشتی کرد و شاندەکە داوایان لە بارزانی کرد، لە پاڵپشتیکردنی ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت و سەردانی ئۆجەلان بکات.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ هەینی 11ـی تەممووزی ،2025 لە سەڵاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و شاندی باڵای دەم پارتی کرد کە پێکهاتبوو لە، ئەحمەد تورک، لەیلا زانا، سری ساکێک، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، چیدەم قلێچگون ئوچار، هاوسەرۆکی هەرێمەکانی دیموکرات، مەڕال دانشبەشتاش پهرلەمانتاری دەم پارتی و بەردان ئوزتورک، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی.
لە دیدارەکەدا شاندی میوان دەستخۆشییان لە بارزانی کرد بۆ ڕۆڵی بەهێز و نەتەوەیی و ستراتیژی لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
هاوکات لەگەڵ گەیاندنی پەیام و داواکارییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، شاندەکە بە فەرمی داوایان لە بارزانی کردووە سەردانی ئیمراڵی بکات و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە.
لەلایەن خۆیەوە، بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی کردەوە و بە "هەنگاوی گرنگ بە ئاراستەی دروست" وەسفی کردن. هەروەها دووپاتیکردەوە کە "10 ساڵ گفتوگۆ باشترە لە یەک کاژێر شەڕ" و رایگەیاند، کێشەکان بە شەڕ و تووندوتیژی چارەسەر ناکرێن، بەڵکو پێویستە پشت بە دیالۆگ و خەباتی سیاسی ببەسترێت.
سەبارەت بە داواکاریی سەردانیکردنی ئۆجەلان، بارزانی رایگەیاند: "لە هەلومەرجێکی گونجاودا سەردانەکە ئەنجام دەدرێت" و بەڵێنی دا ئەوەی لە توانایدا بێت، بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی درێخی نەکات.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بارزانی داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد پاڵپشتیی پڕۆسەی چارەسەریی ئاشتییانە لە تورکیا بکەن.
