لێدانی زیاتر لە ئابووری ئێران چی دەقەومێنێت؟
سلێمانی زەرەرمەندی یەکەم دەبێت لە هەرێمی کوردستان
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوابەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئەمریکا قۆناغی یەکەمی ئابڵۆقە ئابورییەکانی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند و بڕیارە پێنجی ئەم مانگە قۆناغی دووەمی ئابڵۆقەکان بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێندرێت، لێرەدا باس لە وردەکاریی قۆناغی دووەمی ئابڵۆقەکە دەکەین و دەرهاوێژەکانی لەسەر ئێران و وڵاتانی ناوچەکە و بازاڕی نەوت و بە تایبەتتریش هەرێمی کوردستان دەخەینە ڕوو.
ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ لەگەڵ ئێران چیە؟
ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ڕێکەوتنێکی ١٥٩ لاپەڕەییە کە لە ١٤/٧/٢٠١٥ دا لە لایەن پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش (بەریتانیا، چین، فەرەنسا، ڕوسیا، ئەمریکا) و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێراندا واژۆکرا، تیایدا ئەو وڵاتانە بڕیاریاندا ئابڵۆقە ئابوریەکانیان لەسەر ئێران هەڵبگرن گەر ئەو وڵاتە ڕازیبێت بە سنوردارکردنی پرۆگرامە ئەتۆمیەکەی. ڕێکەوتنەکە لە ١٦/١/٢٠١٦دا چوە بواری جێبەجێکردنەوە.
(دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆکی ئەمریکا لە هەشتی ئازاری ئەمساڵدا کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێکەوتنەکە ڕاگەیاند بە تۆمەتی پابەندنەبوونی ئێران بە ڕێکەوتنەکە و بڕیاریدا تاکلایەنە هەموو ئابڵۆقەکان بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنەێتەوە لە دوو قۆناغدا.
لە یەکەم قۆناغدا چ ئابڵۆقەیەکی ئابوری بەسەر ئێراندا سەپێندرا؟
لە ٦ی ئابی ئەمساڵدا یەکەم قۆناغی ئابڵۆقە ئابوریەکە بەسەر ئێراندا سەپێندرا کە مامەڵەکردن بە دراوی دۆلاری ئەمریکی لە لایەن ئێرانەوە قەدەغەکرا کە کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ کارکردنی کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان هەبوو لەو وڵاتە و زیاد لە ١٢ کۆمپانیای گەورە لە کۆمپانیاکان لە ئێران کشانەوە لە ترسی شکاندنی ئابڵۆقەکەی ئەمریکا. ئەو کۆمپانیانەش هەر یەکێک لە بۆینگ و جێنراڵ ئیلیکتریک و بیجۆ و سیمنس و تۆتاڵ و چەند کۆمپایەکی تر لە خۆ دەگرن.
هەر لە میانەی یەکەم قۆناغدا بازرگانی ئەلمنیۆم و ستیل و خەڵوز و چەند بەرهەمێکی تری پیشەسازی قەدەغەکرا لەسەر ئێران .
قۆناغی دوەمی ئابڵۆقەکە بڕیارە چی لە خۆ بگرێت؟
بە پێی دەقێکی وەزارەتی ئابوری ئەمریکا ئابڵۆقە ئابوریەکە بەم شێوەیە دەبێت:
«ئابڵۆقەی ئابوری دەخرێتە سەر بەندەرەکانی ئێران و گواستنەوەی دەریایی و دروستکردنی کەشتی دەریایی. کڕینی نەوت و بەرهەمەکانی نەوت و هەموو بەرهەمێکی پێترۆکیمیاوی لە ئێران قەدەغەدەکرێت. ئابڵۆقە دەخرێتە سەر مامەڵەکردن لەگەڵ بانکی ناوەندی ئێران و هەموو مامەڵەکان لەگەڵ لایەنە دەرەکیەکاندا قەدەغەدەکرێت...».
چ کاریگەرییەک لەسەر ئێران دروست دەکات؟
ئێران کە هاوکات بەدەست گەندەڵی و خراپی حوکمڕانیەوە دەناڵێنێت ئابڵۆقە ئابوریەکان کاریگەریەکی تەواو نەرێنی لەسەر ئابوریی بەجێدێڵێت. دراوی تمەنی ئێرانی لە ئێستادا بە بەراورد بە 10 ساڵ لەمەوپێش 10 هێندە بەهای لەدەستداوە و بەردەوامە لە دابەزین، ئەمە وای کردوە کە گوزەرانی ئێرانیەکان ڕوو لە خراپی بکات.
بە پێی زانیاریەکانی بانکی ناوەندی ئێران، لە سەرەتای ئابڵۆقەکانەوە نرخی شت و مەک ڕووی لە هەڵکشان کردووە و نرخی میوە ٨٥% و بەر و بوومەکانی شیر ٢٨% هەڵکشانیان بەخۆوە دیوە. لەگەڵ سەپاندنی ئابڵۆقەیەکی ئەمریکاشدا بەسەر کۆمپانیایەکی دەرمانی زۆرێک لە دەرمان دێنێتە ئێرانەوە پێشبینیدەکرێت گەلی ئێران ڕووبەڕووی قەیرانی دەرمان ببنەوە.
ئێران چ ڕێگایەک دەگرێتە بەر بۆ خۆلادان لە ئابڵۆقەکان؟
لە ١١ی ئۆکتۆبەردا و لە بڵاوکراوەیەکی وەزارەتی داراییدا ئیدارەی (دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداری دا لەبارەی هەوڵی ئێران بۆ پەنابردنە بەر ساختەکاریی و کاری نایاسایی بۆ کەمکردنەوە و خۆلادان لە زیانەکانی ئابڵوقەکە، بەمەش بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی دارایی تیرۆر.
هەروەها لە بڵاوکراوەکەشدا هاتوە: «لێپرسراوان و بەرپرسانی بانکەکانی ئێران لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکاندا، بەڵگەی ساختە بەکار دەهێنێن بۆ زیادکردنی داهاتی وڵاتەکە بۆ برەودان بە چالاکی تیرۆر، لەگەڵ گرتنە بەری چەند ڕێگەیەکی تری نایاسایی هاوشێوە».
(سیگەل ماندێڵکیر) لە وەزارەتی دارایی ئەمریکا، تایبەتمەند لە تیرۆر و هەواڵگری ئابوریدا، هۆشداری دەدات بە وڵاتانی تر و دەڵێت: «هەر وڵاتێک کە ڕێگە بدات بە بانکی ناوەندی وڵاتەکەی کە تێوەبگلێت لەگەڵ ئێراندا لەو گەندەڵی و خەڵەتاندنانەی کە دەیکات لە پشتگیریکردنی تیرۆردا، ئەوا زۆرترین لێپێچینەوە پێویستە کە لەسەری ئەنجام بدرێت، لە کاتێکدا کە ئێران خۆی پالپشتی تیرۆرە».
هەرێمی کوردستان زەرەرمەند دەبێت؟
هەرێمی کوردستان کە لە ئێستادا لە ماوەی ساڵێکدا بڕی حەوت ملیار دۆلار مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا ئەنجامدەدات پڕیشکی ئابڵۆقە ئابوریەکەی ئەمریکای بۆ سەر ئێران بەردەکەوێت. بە پێی ئامارەکانی یەکێتی وەبەرهێنانی کوردستان ٦٩% کاڵای و خۆراکی پارێزگای سلێمانی ئێرانیە، لە کاتێکدا ٦٥% کاڵا و خۆراکی پارێزگای دهۆک تورکین. ئەمەش بۆ نزیکی ئەو دوو پارێزگایە لەو دوو وڵاتەوە دەگەڕێتەوە. قۆناغی دوەمی ئابڵۆقەکەی سەر ئێران پێشبینی دەکرێت زیانی ئابوری بە سلێمانی بگەیەنێت بە هۆی سنوردارکردنی بازرگانی سلێمانی لەگەڵ ئێران و ڕووکردنە تورکیا، یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان ئەوە دەخەنە ڕوو «بەوپێیەی سلێمانی ناچارە ڕوو لە تورکیا بکات، نرخی کاڵا و خواردن بەهۆی کرێی گواستنەوە ٢٥% بەرز دەبێتەوە.»
لەم کاتەدا ئەمریکا دەیەوێت هەرێمی کوردستان زەرەرمەند نەبێت لە ئابڵۆقەکانی سەر ئێران. شاندێکی بازرگانی ئەمریکی کە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو لەگەڵ یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان و قونسوڵی ئەمریکا کۆبونەوە و بە پێی وتەی (مەلا یاسین)، بەڕێوەبەری یەکیەتیەکە، «ئەمریکا نایەوێت ئابڵۆقەکانی سەر ئێران زیان بە هەرێمی کوردستان بگەیەنێت و پاڵپشتی دامەزراندنی چەندین کارگەی نوێ و بەهێزکردنی کەرتی کشتوکاڵی دەکات لە هەرێمی کوردستان.»