ئەمەریکا: سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان دەکەین

4 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمەریکا لەسەر ئاستی حکوومەت و کۆنگرێس، هۆشداری لەبارەی هێرشە درۆنیەکان بۆسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەدات، دەڵێن؛ ئەگەر سنوورێک بۆ هێرشەکان دانەنرێت، حکوومەتی عێراق ڕووبەڕووی دەرئەنجامی توند دەبێتەوە.
لە بەردەوامی کاردانەوەی هێرشە درۆنیەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی کێڵگە نەوتییەکانی، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی: "بەتوندی سەرکۆنەی هێرشکردنەسەر کێڵگە نەوتییەکان دەکەین، چونکە سەقامگیری عێراق و داهاتووی رووبەڕووی مەترسی دەکەنەوە."
بروس دەشڵێت: "هێرشەکان ئەو کۆمپانیا ئەمەریکییانەیا کردووەتە ئامانج کە وەبەرهێنان لە داهاتوو و وزەی عێراق دەکەن، پێویستە حکوومەتی عێراق بە ئەرکی خۆی هەستێت و کۆنترۆڵی تەواوی خاکەکەی بکات."
جەختیشی کردەوە، "ئەمەریکا عێراقێکی خاوەن سەروەری و فیدراڵ و سەقامگریی بەلاوە مەبەستە."
لەلایەکی دیکەوە، جۆو ویڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمەریکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە هەمان پرس نووسیویەتی: هێرش بۆسەر کۆمپانیا ئەمەریکییەکان و کێڵگەکانی نەوت لە هەرێم قبوڵ ناکرێت، پێویستە حکوومەتی عێراق هەنگاوی ڕژد بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە بنێت، بەپێچەوانەوە با خۆی بۆ دەرئەنجامێکی توند ئامادە بکات.
لای خۆیەوە عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕاگەیاند، عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش دەزانن سەرچاوەی هێرشەکان کوێیە و بکەرەکان کێن، بەڵام عێراق دەسەڵاتی بەسەر تەواوی خاکەکەیدا ناشکێت. تەڵعەت گووتیشی؛ دروستکردنی لیژنە لە ڕابردوودا بێ ئەنجام بووە و ئەمجارەش بێ ئەنجام دەبێت، چونکە حکوومەتی عێراق توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەندێک لایەنی نییە.
