شاندێکی تەکنیکی بەدواداچون بۆ بڕی ڕاستەقینەی نەوتی هەرێم دەکات

دوێنێ



ئەمڕۆ شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، بە یاوەری نوێنەری كۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی نیشتمانی (سۆمۆ)، سەردانێکی فەرمی بۆ هەولێر ئەنجام دەدات، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە.

كەناڵی "العهد" لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە: شاندەکە زنجیرەیەک کۆبونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێم ئەنجام دەدەن، بۆ دڵنیابون لە بڕی ڕاستەقینەی نەوتی بەرهەم هێنراو و، پێداچونەوە بەو داهاتانەی لێیەوە بەدەستدێت، وێڕای هەڵسەنگاندن بۆ ئامادەیی ژێرخانی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە رێگەی بۆرییەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە: ئەنجامی سەردانەکە بەشێوەی راپۆرتێکی ورد پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێت، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار کۆتایی سەبارەت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگەکانی حوزەیران و تەمموز دەدرێت.

رونیشیکردووەتەوە: ئەم سەردانە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی ئەم دواییەی نێوان بەغداد و هەولێر دێت، کە تیایدا مەرجی رادەستکردنی نزیکەی (230) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە رادەستی بەغداد دەكرێت، جگە لە داهاتی دارایی مانگانەى  (120) ملیار دینار، لە بەرامبەر پابەندبونی حکومەتی فیدراڵی بە دەستەبەرکردنی مووچە و تەرخانکردنی دارایی بۆ هەرێم لە چوارچێوەی یاسای بودجە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار