لەپێناو مووچەی خەڵک سازشی زۆرمان کردووە

دوێنێ



سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت بەغدا مەرجێکى دیکەی بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا زیادکردووە؛ دەڵێت، بەغدا پێیان وتووین، تاوەکو 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەست نەکەن، مووچە نانێرین.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،  قۆناخی یەکەمی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر؛ کردەوەو وتارێکى پێشکەشکرد.

ناوبراو لەوتارەکەیدا وتى: ئەم جۆرە پرۆژانە وەڵامی ئێمەن بۆ ئەوانەی دەڵێن داهاتی ناوخۆ چی لێدێت، چاوەڕوانی ئەوە بووین دەستخۆشی لەكارەكانمان بكرێت بەڵام قەیران لە دوای قەیران بۆمان دروستكراوە. 

مەسرور بارزانى ئەوەشى وت: ئێستا بەغدا خاڵێکی دیکەی زیادکردووە، دەڵێن تاوەکو ئەو بڕە نەوتە ڕادەست نەکرێت مووچە نانێردرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێرشە تیرۆریستییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو کاریگەری هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت. 

ئاماژەى بۆ ئەوەکرد هەرلایەنی ناوخۆیی لێرە داوایان دەكرد بەغداد راستەوخۆ دەستبخاتە ناو بودجەو مووچەی هەرێمی كوردستان. کە لەچەندین بۆنە باسیان لە وەكردووە ئەگەر مووچە بگەڕێتەوە بۆ بەغداد بەردەوام لەكاتی خۆیدا دەدرێت، بەڵام نازانین ئێستا ئەو دەنگانە لە كوێن.

لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا مەسرور بارزانى وتى: لەپێناو مووچەی خەڵک سازشی زۆرمان کردووە، رازی بووین بەوەی 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بکرێت، رازی بووین بەوەی 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغداد بکەین، مەسرور هیوادارم بەغداد بیانووی دیکە نەدۆزێتەوە بۆ نەناردنی مووچە.

وتیشى: ئامادەین ئەزموونی خۆمان بخەینە خزمەتی هەموو عێراق، سەرکەوتنی ئێمە بۆ خۆڕاگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسى لەوەکرد کە بەغداد جیاكاری دەكات لەگەڵ خەڵكی كوردستان، لەم ساڵانەی دوایدا زیاتر لە سێ‌ ملیۆن و نیو كەس دامەزراون، یەك كەس بۆ هەرێم دانەمەزراندووە.

وتیشى: حەوت ملیۆن كەس لە عێراق لە چاودێری كۆمەڵایەتی پارە وەردەگرن، تەنیا (72) هەزاریان لە كوردستانە، كە دەكاتە یەك لەسەد، كە دەبوو (14%)ی بۆ هەرێمی كوردستان بێت.

لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتى: بڕی (50) ملیار دۆلار قەرزی نێودەوڵەتی لە عێراق وەرگیراوە، بە حساب بۆ پرۆژەكان، هیچی هەرێم لێی سومەند نییە، بەڵام لە دانەوەی قەرزەكاندا لە پارەی هەرێم دەبڕدرێت.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد هەرجارەو بە بیانویەك رێگری لە بەربومی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان دەكرێت بۆ رەوانەكردنى  شارەكانی تری عێراق، بڕیاری دروستكردنی دوو هەزار قوتابخانە و (150) نەخۆشخانە لە عێراق دراوە، یەك دانەیان بۆ هەرێمی كوردستان تەرخاننەكراوە.

وتى: رێگەش نادەن هیچ داهاتێكمان هەبێت، ئەوانیش هیچمان بۆ نەكەن و خۆشمان هیچ نەكەین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار