ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لێكتێگەیشتنی هەولێرو بەغدا تاوتوێ دەکات

8 كاتژمێر لەمەوپێش
بەپێى راگەیەندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەكات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ی تەمووزی 2025، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، كۆ دەبێتەوە و دوو بڕگە تاووتوێ دەكات.
لە بڕگەی یەكەمدا پێشهاتەكانی ئەمدواییەی تایبەت بە جێبەجێكردنی دواڕێككەوتن و لەیەكترگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵیی پەسندكراو بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا سەبارەت بە دۆسیەی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم و دۆسیەی نەوت و داهاتی نانەوتی تاووتوێ دەكرێ.
لە بڕگەی دووەمدا كۆنووسی كۆبوونەوەی تایبەت بە جێبەجێكردنی دەقی ڕێككەوتننامەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی بە مەبەستی دانانی میكانیزمی ڕێكخستنی كارەكانی دەستەی پێوانەسازی و كۆنترۆڵی جۆریی هەرێم تاووتوێ دەكرێ.
ئەمەش لەکاتێکدایە سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، چاوەڕوانن ئەمڕۆ چوارشەممە پارەى مووچەى مانگى پێنج لە لقى هەولێرى بانکى ناوەندیی عێراقەوە بخرێتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایی و راستەوخۆ خشتەى مووچەش رابگەیەندرێت.
سەرچاوەکە نەیویست ناوى ئاشکرا بکرێت، وت "بەغداد رێکارەکانى ناردنى مووچەى مانگى پێنجى تەواوکردووەو لەسەدا سەد ئەمڕۆ پارەى مووچەى دەخرێتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایى".
وتیشى "هەر رۆژى چوارشەممە، خشتەى مووچەى مانگى پێنج رادەگەیەندرێت و هەوڵى تەواو دەدرێت لەماوەى چەند رۆژێکدا مووچەى سەرجەم فەرمانبەر و خانەنشینان دابەشبکرێت".
