پرۆژەی رووناکی لە 50 رۆژدا پارە نەدەیت کارەباکەت دەبڕدرێت
.png)
2 ڕۆژ لەمەوپێش
پرۆژەی رووناکی دەستیکردووە بە بڕیینی کارەبای ئەو هاوبەشانەی پارەیان نەداوە، هەر هاوبەشێکی پرۆژەی رووناکی لە 50 رۆژدا پارە نەدات کارەباکەی دەبڕدرێت.
بەپێى بەدواداچونێکى ڕۆژنامەوانى لە گەڕەکی بەهاری نوێ لە شاری هەولێر کە کارەبای 24 کاتژمێریان هەیە، ماوەی دوو بۆ سێ رۆژە کارەباکەیان بە بیانووی نەدانی پارە بڕدراوە، بەشێک لەوانەی کارەباکەیان بڕاوە، ئەوان دەڵێن، بڕینی کارەباکەیان پەیوەندی بە نەدانی پارەی کارەبای مانگەکانی 4 و 5ـەوە هەیە.
ئەردەڵان دۆسکی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان راگەیاند، بڕینی کارەبای ئەو هاوبەشانەی گەڕەکی بەهاری نوێ راستە و هەر هاوبەشێکی پرۆژەکە لە ماوەی 50 رۆژدا پارەی کارەبا نەدات سەرەتا بە کورتە نامە یان پەیوەندی تەلەفونی ئاگادار دەکرێتەوە، ئەگەر دواتریش پارەکەی نەدا ئەوا سیستمەکە خۆی راستەوخۆ کارەبا لەسەر هاوبەشەکان دەکوژێنێتەوە.
بۆ دووبارە پێدانەوەی کارەبا، پێویستە ئەو هاوبەشانە تەواوی قەرزەکانیان بدەنەوە.
بەپێى بەدوادچوونێکى زیاتر لەوبارەیەوە جگە لە بەشدارانی گەڕەکی بەهاری نوێ، لە گەڕەکی شادی کە کارەباکەیان 24 کاتژمێرییە، بەشێک لە هاوبەشەکان کارەبایان بڕاوە.
دانیشتوویەکی ئەو گەڕەکە وتی، هاوبەش هەیە پەیوەندی پێوەکراوە قەرزەکەی بدات، بەڵام تا گەیشتووەتە فەرمانگە، کارەبای ماڵەکەی بڕدراوە.
بەگوێرەی سەرچاوةیەک ئەو ماڵانەی کارەبایان بڕدراوە "سێ مانگ و زیاتر لەوەشیان تێدایە کە پارەی کرێی کارەبایان نەداوە و پێش بڕینیش هۆشدارییان پێدراوە".
خاوەن موەلیدەی یەکێک لەو گەڕەکانەی کارەبای چەند ماڵێکی تێدا بڕاوە ئەمڕۆ وتى، "لە گەڕەکێک دوو بۆ سێ ماڵ کارەبای ببڕدرێت ناتوانین موەلیدە کار پێبکەین، چونکە موەلیدەکە تێکدەچێت".
تاوەکو ئەمڕۆ پڕۆژەی رووناکی بە فەرمی روونی نەکردووەتەوە، کە تاوەکو چەند مانگ لەسەر بەشداربووانی پڕۆژەکە دەوەستن بۆ پارەنەدان.
بەگوێرەی پڕۆژەی رووناکی، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 500 هەزار هاوبەش، کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دەبن، لە پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری سوودمەند بوون.
