عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێکى نوێى بڵاوکردەوە

10 كاتژمێر لەمەوپێش
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی راگەیێندراوێکی لەبارەی دوایین سەردانی بۆلای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئۆجەلان گوتوویەتی، "شێوازی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە و ئەو ئیرادە و باوەڕ و سووربوونە لەسەر ئاشتی کە نیشاندراون، بە زۆر بەبایەخ دەزانێت."
لە راگەیێندراوەکەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتیدا ئاماژە بەوە کراوە، دیدارەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان سێ کاژێر و نیوی خایاندووە.
شاندەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان "بیروبۆچوونمان لەبارەی ئەو دیدارانەوە ئاڵوگۆڕکرد کە لە رۆژانی رابردوودا وەکو شاند لەگەڵ بەڕێزان سەرۆککۆمار، وەزیری داد و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان ئەنجاممان دابوو."
کۆمیسیۆنێکیش بۆ پرسی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، بەپێی راگەیێندراوەکەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، ئۆجەلان "چاوەڕوانە، کاری ئەو کۆمیسیۆنەی لە رۆژەڤی پەرلەمانی تورکیادایە، بە رێبازێکی گشتگیر و هەمەلایەنە، لەپێناو ئاشتی و دیموکراسیدا بەشداریی گرنگی هەبێت."
دەقی راگەیێندراوەکەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی:
بۆ راگەیاندنەکان و رای گشتی
وەک شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، رۆژی 25ـی تەممووزی 2025 لە گرتووخانەی ئیمراڵی، دیدارێکی سێ کاژێر و نیویمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدا.
بیروبۆچوونمان لەبارەی ئەو دیدارانەوە ئاڵوگۆڕکرد کە لە رۆژانی رابردوودا وەک شاند لەگەڵ بەڕێزان سەرۆککۆمار، وەزیری داد و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان ئەنجامماندابوو.
زانیاری لەبارەی سەرنج و کاردانەوەکانی رێوڕەسمی لەنێوبردنی چەکەکانەوە خرایەڕوو، کە رۆژی 11ـی تەممووز بەڕێوەچووبوو. بەڕێز ئۆجەلانیش رایگەیاند، شێوازی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە و ئەو ئیرادە و باوەڕ و سووربوونە لەسەر ئاشتی کە نیشاندراون، بە زۆر بەبایەخ دەزانێت.
جەختیشی لەوە کردەوە کە چاوەڕوانە، کاری ئەو کۆمیسیۆنەی لە رۆژەڤی پەرلەمانی تورکیادایە، بە رێبازێکی گشتگیر و هەمەلایەنە، لەپێناو ئاشتی و دیموکراسیدا بەشداریی گرنگی هەبێت.
گەرمترین سڵاو و هیوای باشی خۆی ئاراستەی گەل و هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان کرد.
لەگەڵ سڵاو و رێزدا.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی
26ـی تەممووزی 2025
