ئیسڕائیل چۆن بوو بە ژمارە یەک لە ناوچەکە؟

دوێنێ
خەبات کوردە
لەگەڵمان بن بۆ کۆمەڵێک زانیاریی گرنگ و سەرنجڕاکێش بە چەندین دەرئەنجامەوە، لەم ڕاپۆرتەدا:
باڵا دەستی ئیسڕائیل و خەونی جێبەجێ کردنی ڕێڕەوی بازرگانی داود
بە ناچاری دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ٧ ی ئۆکتۆبەری سەرەتای ماڵکاولیی دوو ملیۆن و نیوەکەی خەڵکی غەززە و لێدوان و هەڕەشەکانی ٢٤ کاتژمێریی یەکەمی دوای ڕۆژی کارەساتەکە .!
غەزاویەکان بە شکاندنی دیوارە تەلبەندیە ئەلەکترۆنیەکەی ئەو سنورەی کە ئیسڕائیل بۆی دیاری کردبوون وایان دەزانی ئیسڕائیل دەسڕنەوە .!
دوای دوو ساڵ سەدان هەزار کوژراو و بریندار و پەککەوتە و ونبوو لەناو غەزاویەکان هەیە و حەماسیش تەنها چەند سەد کەسێکی لە ناو تونێلەکاندا ماوە و لە سەدا حەفتای تەواوی کەرتی غەززە کاول بووە و ڕێژەی برسیەتی گەیشتۆتە لوتکە و تەواوی ئەو ڕفێندراوە ئیسڕائیلیانەی کە لە ناو تونێلەکانیشدا دەست بەسەرن بە لاشەی مردوەکانیشەوە لە حەفتا کەس تێپەڕ ناکا و تەواوی سەرکردە باڵا بەرزەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامیش لە ناو کەرتەکە کوژراون .
لە ئێستادا ئیسڕائیل خەریکە لە ڕێی گەیاندنی خۆراکەوە ئەو زەختە نێودەوڵەتیە لە سەر خۆی سوک بکات و کۆتایی بە گەڕانەوەی دیل و لاشەی مردوەکانی بهێنێ و حەماس و جیهادی ئیسلامیش بە یەکجاری لە دەسەڵاتی بەڕێوە بردن و بەشداری کردن لە ناو تەواوی فەڵەستینیەکان بکات بە خەیاڵ .
بەڵێ ئیسڕائیل بە سڕینەوەی وشەی فەڵەستین هەڕەشەی یەکجاری لە هەر دوو کەرتی ڕۆژئاوا و غەززە دەکات و دەیەوێ بیانخاتە سەر دەوڵەتەکەی و تا ماوەیەکیش هیچ حەق و حقوقێکیان پێڕەوا نەبینێ .!
لە لوبنان و سوریاش تەواو دڵنیا بووەتەوە کە جارێکی تر شیعە نابنەوە باڵادەست و نابنەوە مەترسی بۆ سەر خاکەکەی .
ئەوەتا لە سوریاش باڵا دەستی خۆی نیشانداوە و تەواوی ناوچە دروز نشینەکانی بۆ خۆی کردە پەرژین و ترسی نەما و خەریکە ئەو ناوچانەیە کە عەلەوی نشینیشن بە هاوکاری ڕوسیا و ئەمەریکا و فەڕەنسا لە داهاتویەکی نزیکدا بۆ ئەوانیش هەرێمێک پێکبهێنن، هاوشێوەی دروزەکان و دوور لە باڵا دەستی دیمەشق، ئاسایش بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.!
ئیسڕائیل لە دوای ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ وە لە کەرتی غەززە و لوبنان و سوریا و یەمەن و شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێرانیشدا زۆر زیرەکانە و بە هەماهەنگیەکی تەواوی سوپاکەی و دەزگا سیخوڕییە (شاباک) ەکەی نەک هەر سەرکەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە بگرە تورکیا و تەواوی دەوڵەتانی ناوچەکەشی خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە بە هێنانە پێشەوەی بیرۆکەی یەکگرتویی و پێکەوە ژیانی هەر سێ ئاینەکەی ئیبراهیمی، هەموویانی جوجکە ترسێن کردووە چونکە لە ئەو چوار ئەو دەوڵەتەی ( لوبنان و سوریا و یەمەن و ئێران ) کە پەلاماری داون خێرا و زۆر بە شێوەیەکی کاریگەرانە کەوتووەتە کۆتایی هێنان و تەسفیە کردنی سەرکردە سەربازیەکانیان لە پێش هەموو چالاکیەک .
لەو کاتەوەی کە ناتانیاهۆ نەخشە و پلانی ئیسڕائیلی گەورەی کردووەتە دروشم و هەوڵی بۆ دەدا و تەواوی دەوڵەتانی ناوچەکەی پێ جوجکە ترسێن دەکات ، قەت نابینین هیچ دەوڵەتێکی ناوچەکە ورتەیەکیش لە دەمیان بێتە دەرەوە و دژایەتی بکەن .
وەکو چۆن هیچ دەوڵەتێکمان نەبینی دژایەتی خۆی بە ئاشکرا بۆ پەیماننامە ئیبراهیمیەکە دەرببڕێ و بە هەر دە پەنجەیان بۆی ئیمزا نەکەن، بە هەمان شێوە پلانی ڕێڕەوی بازرگانیی داودیش کە هاوتەریب لەگەڵ پەیماننامە ئیبراهیمیەکە بانگەشەی بۆ دەکات، خەریکە دەبێتە ڕاستی و دوور نیە چەند مانگێکی تر تەواوی پڕۆژەکە لە دایک نەبێ. ئەویش لە ڕێی ناچارکردن و باڵادەستیان بە سەر هەر سێ پارێزگای دروزنشینی قونەیتەرە و دەرعا و سوەیداوە و لە ئێستادا تەنها ئەو ناوچەیە ماوە کە لە تەنەفی سێکوچکەی ( ئەردەن عێڕاق سوریا ) تا دەگاتە ئەبو کەمال کۆنتڕۆڵبکرێ و لە ئێستاشدا خەریکی گەیاندنی ئەو سێ پارێزگاییە بە ئیسڕائیلەوە و شەو و ڕۆژ سوپا خەریکی کردنەوەی ڕێگایەکی فراوان و گەورەیە لە جۆلانەوە تا شاری سوەیدا .!
تورکیا و ئیسڕائیل
هەر چەندە لە ڕواڵەتدا وا دەردەکەوێ کە بوونەتە دوژمنی سەر سەختی یەکتری ، بەڵام لە ڕاستیدا ئەردۆگانی سەرۆک کۆماری تورکیا ئەوەندەی خزمەتی پلانەکانی ئیسڕائیل دەکات لە ناوچەکە، ئەوەندە خزمەتی بەرژەوەندیەکانی تورکیا ناکات، چونکە ترسی پارچە پارچە بونی دەوڵەتە لەرزۆکەکەی تورکیا وەکو کێچ کەوتووەتە کەوڵیان و ناوێرن هیچ جوڵەیەکی سیاسی و سەربازی وا گەورە بکەن کە ببێتە مایەی ڕووبەڕوبونەوە لە گەڵ ئیسڕائیلیەکاندا ، ڕۆژانەش هەموو لایەک بە چاوی ڕوون دەیبینین کە چۆن ئەو ئەلغام و تەڵانەی یەکتری پوچەڵ دەکەنەوە و لە دژایەتیان زیاتر ئیسڕائیل باڵا دەست تر دەکەن بە تایبەتیش لە سوریادا چونکە چەندین مانگە بەشار ئەسەد نەماوە و ئەحمەد شەرعێکی لاواز و بودەڵەی بووکەڵە ئاسایان قیت کردووەتەوە و بە کەیفی خۆیان یاری پێدەکەن و گەلی سوریای پێ جەرگ سوتاو تر و پارچە پارچە تر دەکەن .!
تورکیا چەندین مانگ دوای ئەسەد لە ڕێی چەتە بەکرێگیراوەکانیەوە شەڕێکی چوار مانگەی ناڕەوای لە گەڵ هێزەکانی هەسەدە بەرپا کرد و هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێنا ، لەو ماوەیەدا تورکیا نەیتوانی هیچ بنکەیەکی سەربازی لە سوریا ئاوەدان بکاتەوە و تەواوی ئاسمانی سوریا کۆنتڕۆڵ بکات و نە توانی پارێزگای حەڵەب بگەڕێنێتەوە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و هیچ عەقدێکی بازرگانی گەورەشی دەستکەوت نەکەوت لە سوریا ، هەر هیچ نەبێ تۆڵەی ئەو زیانانە بکاتەوە کە چەندین ساڵە سوریای کردووەتە یاریگاکەی خۆی و بە کەیفی خۆی کوشتن و کوشتارگەی تێدا ئەنجام دەدات .!
بیرۆکە و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوە و پارچە پارچە کردنی تورکیا ماخۆلانی مێشکی تەواوی تورکی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردوە ، دەنا قەت نەماندەدیت تورکە بۆرەکی ڕەگەز پەرستی وەکو ( دەوڵەت باخچەلی ) ئاوڕێ لە کوردان بداتەوە و سڵاوێکیان لێبکات و چەندین جاریش بە بەلەمێ بگاتە ئیمڕاڵی و بە چەندین کۆبونەوە و وەعد و وعود قەناعەت بە سەرۆکێکی ٢٦ ساڵ زیندانی کراو بهێنن و چیان بووێ بۆیان جێبەجێ بکەن بەو مەرجەی ئاڵا سورە خوێناویەکەیان تا ماوەیەکی تریش شەکاوە بێت .
هەموو لایەک دەیبینن کە چۆن تۆم باراک دەپاڕێتەوە و داوا لە هەسەدە دەکات هەرچی زووە بە هانای دیمەشقەوە بچن هەتا نەڕوخاوە . یان ئەوەتا دروزەکان ئەوە هەفتەی دووەمە داوای گەیشتنی هێزەکانی هەسەدە دەکەن کە بە هانایانەوە بچن ، دوور نیە ڕۆژانی داهاتووش ڕوسیا و ئەمەریکا و فەڕەنساش بە هەمان شێوە ئەوانیش داوا لە هێزەکانی هەسەدە نەکەن کە ڕوو لە ڕۆئاوای سوریا بکەن و عەلەویەکانیان پێ بپارێزن .
بەڵام هەیهات بۆ ژیری و عاقڵی سەرکردەکانی هەسەدە کە تا ئێستا وەکو کێوێکی بەرز لە ناوچەکەدا خۆیان ڕاگرتووە و بە فیتی هیچ لایەک هەڵناخەڵەتێن هەتا تەواوی مافە ڕەواکانی خۆیان مسۆگەر نەکەن .!
لێرەدا دەردەکەوێت کە بیرۆکەی هەر شەڕ و ئاژاوەیەک ئەگەر لە ناوچەکە ڕوبدات ڕاستی ئەوە ئاشکرا دەکات کە دەرنجامی ئەو کێشمە کێشە و ئاڵۆزیانە پشکی شێر هەر لە قازانجی کورد و کێشە ڕەوایەکەیدا دەبێت
