کێشە بۆ ناردنی موچە و ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا دروست دەبێت

17 كاتژمێر لەمەوپێش
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەدوو سەرچاوەى ئاگادارەوە دەستکەوتوون، کارەکانی ئەو چوار لیژنە هاوبەشەی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا لەسەر دۆسیەکانی (نەوت، داهاتی ناوخۆ، بودجە، و پرۆژەی هەژماری من) پێکهێنرابوون، ڕووبەڕووی سستی و وەستان بوونەتەوە.
بەوتەى سەرچاوەکان یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکان، پەیوەستە بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی. بڕیاربوو لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و عێراق، سەردانی کوردستان بکەن بۆ هەڵسەنگاندنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم ئامانجی لیژنەکە دیاریکردنی داهاتەکان و جیاکردنەوەی داهاتە سیادی و ناسیادییەکان بوو، تا بزانرێت کام بەشەی پێویستە لەگەڵ بەغدا بەپێی ڕێژەی ٥٠٪ دابەش بکرێت.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەى دوو هەفتە بەسەر ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، جارێکی دیکە ئاڵۆزی و سستیی لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەدا سەریهەڵداوەتەوە.
سەرچاوەکان ئەوەیان خستوتەڕوو تا ئێستا شاندی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق سەردانی هەولێری نەکردووە، لە کاتێکدا ماوەی دیاریکراو بۆ کارەکانی لیژنەکە خەریکە کۆتایی دێت. بەپێی زانیارییەکان، ئەندامانی عێراقی لە لیژنەکەدا بەبێ سەردانکردنی هەرێم، ڕاپۆرتێکیان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە و تێیدا گلەییان لە "هاوکارینەکردنی" شاندی هەرێمی کوردستان کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاگادارکراوەتەوە لەو ڕاپۆرتە و بڕیارە وەڵامی فەرمی بداتەوە و هەموو زانیارییەکی پێویست لەبارەی داهاتی ناوخۆوە بخاتەڕوو.
بەپێی یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دەبوو حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی 120 ملیار دینار وەک بەشێک لە داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا بکات. هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی پێنج پابەندی ئەم خاڵە بوو، بەڵام بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاندووە کە ئەو بڕە پارەیە داهاتی یەک مانگ نەبووە، بەڵکو هی چەند مانگێک بووە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشکردووە کە بۆ مانگی شەشیش توانای ناردنی 120 ملیار دیناریان هەیە، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو داهاتی ناوخۆ بەشی ئەوە ناکات و لە باشترین حاڵەتدا دەتوانن مانگانە 60 ملیار دینار ڕادەستی بەغدا بکەن.
سەرەڕای ئەم کێشانە، لیستی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و وردبینی بۆ کراوە و هیچ کێشەیەکی نییە. بەڵام ناکۆکییەکانی سەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، بەتایبەت لەسەر پرسی داهاتی ناوخۆ، بووەتە هۆی دواکەوتنی ناردنی پارەکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە.
هاوکات، لیژنەی تایبەت بە دۆسیەی نەوت هێشتا ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی تەواو نەکردووە و وادەی کارەکانی لەم یەکشەممەیەدا کۆتایی دێت.

