ئەو پاکەتە خۆراکیانەى دەخرێنە خوارەوە بۆ غەززە چی تێدایە؟
.png)
دوێنێ
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی لە غەززە ڕووبەڕووی قەیرانی برسێتی و بەدخۆراکى بوونەتەوەو ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بەدخۆراکییەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە.
دامەزراوەی مرۆیی غەززە کە گرووپێکە و لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، لە کۆتایی مانگی ئایارەوە لە غەززە کاردەکات. دەڵێت تا ئێستا 91 ملیۆن ژەم و ژەمە خۆراکی دابەشکردووە بەسەر هاوڵاتیانى غەززەدا، کە زۆربەیان لە شێوەی سندوقی خۆراکدان.
کەناڵى بی بی سی ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەى خستوەتەڕوو بەهۆی قەدەغەکردنی چوونە ناو غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە پەیامنێرو ڕۆژنامەنوسەکانیان نەیانتوانی ئەو سندوقانە ڕاستەوخۆ ببینێت، بەڵام بەشی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی کەناڵەکە پێداچوونەوەی بە وێنە و زانیارییەکانی دەزگای مرۆیی غەززە کرد و قسەی لەگەڵ پسپۆڕانی هاوکاری کرد کە نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە بەهای خۆراکیی ئەو پاکێجانەى دەخرێنە خوارەوە.
ڤیدیۆی فەلەستینیەکان کە ناوەڕۆکی ئەو سندوقانە پیشان دەدەن لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بڵاوبوونەتەوە، بەڵام دامەزراوەی مرۆیی غەززە هەفتەی ڕابردوو وێنەی ئەو خواردنەی بڵاوکردەوە.
دوو وێنە کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، زۆرتر ئەو خۆراکە وشکانە دەردەخەن کە پێویستیان بە ئاو و سووتەمەنی هەیە بۆ چێشت لێنان، لەوانە مەعکەرۆنی، نۆک، نیسک، و ئاردی گەنم. هەروەها زەیتی چێشت لێنان و خوێ و هەویری کونجی لە پاکەتەکاندا دەبینرێت.
دەزگای مرۆیی غەززە ڕایگەیاندووە، ئەو سندوقانە هەندێک خواردنی ئامادەکراویشیان تێدابووە، وەک حەلوا، ڕێکخراوەکە لیستێکی بۆ دابین کردووە کە وردەکارییەکانی شتەکانی ناو هەر سندوقێک و ژمارەی کالۆریەکانیان دەخاتە ڕوو، بە "لیستی پێوەر" وەسفی کردووە.
بەپێی ئەم خشتەیە، سندوقێکی ئاسایی 42500 کالۆری تێدایە و "هەر سندوقێک بەسە بۆ خۆراکدانی 5.5 کەس بۆ ماوەی 3 ڕۆژ و نیو".
بەگوێرەی ئاماری دەزگای مرۆیی غەززە، هەندێکجار بابەتی بەدیل وەک چا و بسکیت و شوکولاتەیشی تێدایە، هەروەها پەتاتە و پیازیش دابەشدەکرێت، بەڵام ئەو ماددانە لە حیساباتی خۆراکیدا جێگیر نین.
پرۆفیسۆرێکی پەرەپێدانی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان لە قوتابخانەی ئابووری لەندەن شیکاری بۆ ئەو لیستە کردووە کە لەلایەن دامەزراوەی مرۆیی غەززەوە بۆ خزمەتگوزاری دۆزینەوەی ڕاستییەکانی بی بی سی دابینکراوە و ڕایگەیاندووە، لەکاتێکدا پاکەتەکە ڕەنگە کالۆری پێویست بۆ مانەوە دابین بکات، بەڵام هێشتا ئەوە کەمەو بڕێکى زیاتریان پێویستە.
ستوارت گۆردۆن، مامۆستای زانکۆکە دەڵێت: "لە بنەڕەتدا ئەم سەبەتە خۆراکیە گەدە پڕدەکات، بەڵام بەهای خۆراکی کەمی هەیە". ئاماژەی بەوەشکرد: ڕێجیمێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی 'برسییەتی شاراوە' بەدرێژایی چەند هەفتەیەک و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک کەمخوێنی و کەمی توندی ڤیتامین سی زیاد دەکات".
ئەندرۆ سیل، مامۆستای یاریدەدەری خۆراکی نێودەوڵەتی لە زانکۆی کۆلێژی لەندەن ڕایگەیاند، سندوقی خۆراک کەمی کالیسیۆم و ئاسن و زینک و ڤیتامینەکانی سی و دی و بی ١٢ و کەی تێدایە، هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەم پاکەتانە ئەو خۆراکانەیان تێدا نییە کە بۆ منداڵانی بچووک گونجاو بێت.
وتیشی: "بەکارهێنانی درێژخایەنی ئەم جۆرە خۆراکانە، تەنانەت ئەگەر بە بڕی پێویست بەردەست بێت، دەبێتە هۆی کۆمەڵێک کەمی خۆراکی و کێشەی تەندروستی جددی".
ئاماژەی بەوەشکرد، بە پێچەوانەی دامەزراوەی مرۆیی غەززە، دامەزراوەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان بەزۆری خۆراک بەکۆمەڵ دابەش دەکەن و تەواوکەری خۆراکی ئامانجدار بۆ گروپە لاوازەکان دابین دەکەن.
هەروەها بەرنامەی خۆراکی جیهانی ڕایگەیاندووە کە ئامانجیان گەیاندنی هاوکاری بەپەلەیە بۆ منداڵانی بچووک و ژنانی دووگیان.
تەنانەت ئەوانەی توانیویانە ئەم سندوقانە وەربگرن پێویستیان بە ئاو و سووتەمەنی هەیە بۆ لێنانی ژەمە وشکەکان، لە کاتێکدا غەززە ڕووبەڕووی قەیرانی ئاوی سەخت و کەمیی سووتەمەنی جددی بووەتەوە.
نووسینگەی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم هەفتەیەدا هۆشداری دا کە قەیرانی ئاو لە غەززە بە خێرایی خراپتر دەبێت و خێزانەکان ناچار دەکرێن پەنا بۆ شێوازی ناپارێزراو و ناتەندروستی چێشت لێنان ببەن، وەک سووتاندنی زبڵ و خاشاک.
بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە مانگی ئایاردا ڕایگەیاندبوو کە دابینکردنی ڕەسمی غازی چێشت لێنان پچڕاوە و لە بازاڕی ڕەشدا دەفرۆشرێت بە نرخێکی تا ٤ هەزار لەسەد زیاتر لە نرخی پێش جەنگ.
