هەڵوەرینی سیستماتیکییانەی ماف لە هەرێمی کوردستان

23 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردنی هاوڵاتی
بۆ ئەم ڕاپۆرتە پانۆڕاماییە لەگەڵمان بن:
حوکمڕانێتیی لە هەرێمی کوردستان وەکو بانگەشە، سیستمێکی دیموکراسییە بە هەموو پێکهێنەرەکانییەوە. پێکهێنەرەکانی سیستمی دیموکراسیی لە هەڵبژاردنی پاک و ئازادانە، مافی دەربڕینی بیروڕا، سەربەخۆیی و سەروەری یاسا و دەزگاکانی قەزا و یەکسانبوونی هاونیشتمانیان، تڕانسپارێنسیی، مافی گردبوونەوە و خۆپیشاندان و مافی مرۆڤ، دادپەروەریی لە بەشکردنی سامان و داهات، ماف و ئەرکی ڕوون و دیاریکراو لە هەر ناوەند و دەزگایەکدا، ... هتد پێکدێن.
پێکهاتەی دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێمی کوردستان، بەسەر دوالیزمێکی تونددا دابەش بووە. ڕووخسارێکی دیموکراتیک و ناوەڕۆکێکی دژە دیموکراسی. دەسەڵاتداران سیستمەکەیان بەجۆرێک لێکردووە کە ناوەند و ڕێکخراوەکان لە ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی کە داکۆکیکارن لە هەر یەکێک لە پێکهێنەرەکانی سیستمێکی دیموکراسیی، هەردەم لە ڕێگەی ئەو نامە ڕاستەوخۆیانەی بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیان ناردووە و هەروەها هەموو ئەو بەیاننامە و ڕاپۆرتانەی بڵاویان کردوونەتەوە، ڕەخنەگرتن و ئاگادارکردنەوەی وورد و هەندیجار توند بوون لە شێوازی حوکمڕانێتیی هەرێم، کە دژایەتیکردنە بە بنەما و پێکهێنەرەکانی سیستمی دیموکراسیی و تابێت نیشانەی پرسیاری ڕەوایەتیی لەسەر سیستمەکە تۆخ کردووەتەوە.
لانیکەم لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، چەندین ناوەندی سیاسیی نێودەوڵەتیی و چەندین ڕێکخراوی جیهانیی لە نموونەی ئەمنستی ئینتەرناسیۆنال، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پەرلەمانی ئەوروپا و چەندین دەزگای دیکەی کاریگەر لەسەر سیاسەت و ڕای گشتیی جیهان، چەندین ڕاپۆرت، بەیاننامە و نووسراویان دەرکردووە و بڵاوکردووەتەوە لەبارەی پێشکارییە یاسایی، سیاسیی و مەدەنییەکانەوە لەلایەن دەسەڵاتداریتیەوە لە هەرێمی کوردستان.
لە کاتێکدا ئەو ڕێکخراو و دامەزراوانە، خۆیان لە سەردەمێکدا هێزی پالپشتییکار و یارمەتیدەری دروستبوون و سەرپێکەوتنی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارێتیی بوون لە کوردستان. بەڵام حکومەتی هەرێم بەجێی بەدەمەوەچوون و پیشاندانی پێشوازیی و کرانەوە بۆ راپۆرت و بەیاننامەکان و لە ئەنجامیشدا بەخۆداچوونەوە و خۆ باشتر کردن، هەستا بە دروستکردنی دەستەیەک بە ناوی دەستەی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرت و بەیاننامە نێودەوڵەتییەکان. هەموو جارێکیش سەرۆکی ئەو دەستەیە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکانیدا، وەڵامی ئەو ڕاپۆرت و بەیاننامانەی دەدایەوە بەوەی کە گوایا ئەوانە هەمووی ناراستین و درۆی هەڵبەستراون و چەواشەکاریین.
سەرکوت و پێشێلکارییەکان لەسەر ئاستە جۆراوجۆرەکان ڕوخساری دەسەڵاتداریتییەکەیان داپۆشیوە. لە توندوتیژیی و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانەوە تا دەگات بە تیرۆر کردنیان. لە توندوتیژیی و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و چالاکوانانی مەدەنییەوە بیگرە تا دەگات بە تیرۆرکردنیان. ئەمە بۆ هەندێک لە نووسەران، ڕۆشنبیران و تەنانەت تا دەگات بە مامۆستایانی زانکۆ و ئەکادیمیستەکانیش ڕاستە.
سەرباری ناهاوسەنگیی لە دابەشکردنی سامان و داهاتی هەرێمەکە و گەندەڵییەکی زۆر و ناروونی لە سروشت و پێکهاتەی سیستمەکە و دەسەڵاتدارێتییەکەدا. هەروەها پاشەکشەی تەواوەتی مافی مرۆڤ و مافی هاوڵاتییان و یەکسانیی و دادپەروەریی لە ناو کۆمەڵگادا.
شێوازە سەرەکییەکانی سەرکوتکردن
- بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکان بەشێوەیەکی توندوتیژانە: خۆپیشاندانی ئاشتیانە، بەتایبەتی لەلایەن مامۆستایانەوە کە داوای مووچە نەدراو و دواخراوەکانیان دەکەن، بە هێز و زیادەڕۆییکردنەوە لە توندوتیژییدا، لەنێویاندا گازی فرمێسکڕێژ و ئازاردانی جەستەیی و دەستگیرکردنیش.
- بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان: ئازاردان، دەستگیرکردنی پەیامنێران لەکاتی ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتییەکان یان هەڕەشەلێکردنیان و شکاندن یان دەستگرتن بەسەر کەلوپەلی ڕۆژنامەوانییدا. هەندێکیان ئاگادارکرانەوە کە واز لە ڕەخنەگرتن لە حکومەت بهێنن یان ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە.
- هەڕەشەلێکردن، ئازاردان و دەستگیرکردنی نووسەران و چالاکوانانی مەدەنیی و مافەکانی مرۆڤ، لەسەر نووسین، پۆست و کۆمێنت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە ڕوانگەیەکی ڕەخنەییان هەبووبێت لەبارەی دەسەڵاتدارانەوە.
- هەراسانکردنی یاسایی: یاسای ناڕوون سەبارەت بە ناوزڕاندن و خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، بەکارهێنراوە بۆ دادگاییکردنی کەسانی ناڕازیی و سەپاندنی سزای توند بەسەریاندا.
پرسە سیستمییەکان
- بێ سزایی: زۆرێک لە ئەنجامدەرانی توندوتیژیی دژی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بە بێ ناسنامە و ئاشکراکردن و بێ سزا، ماونەتەوە.
- دادپەروەری سیاسی: زۆرجار ڕێڕەوە یاساییەکان خزمەت بە ئامانجە سیاسییەکانی دەسەڵاتداران دەکەن، لەبەرئەوەی ڕەخنەگران بێدەنگ دەکەن نەک دادپەروەری بپارێزن.
- سەرکوتکردنی میدیا: دەزگا مێدیاییە سەربەخۆکان زۆر جار ڕووبەڕووی سەرکوتکردن بوونەتەوە و ڕۆژنامەنووسان بە شێوەیەکی ڕۆتینی ڕێگرییان لێدەکرێت لە کارکردنی ئازادانە. ئەمە سەڕەڕای ئەوەی هەڵاواردکردنێکی گەورەی هاوکاریی مادیی و دەستگیرۆییکردنی هەمەلایەنە دەکرێت لە نێوان میدیا سەربەخۆکان و میدیا حزبییەکان و نزیکەکان لە دەسەڵاتدارانەوە.
ئەم ڕاپۆرتە پیشاندانی چەند گۆشەیەکی هەڵوەرینی سیستماتیکیانەی مافە مەدەنییەکان و ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەریی بوو لە هەرێمی کوردستان.
ئایا تۆ پێت وایە بەردەوامبوونی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەسەر هەمان ڕێڕەوی حوکمڕانیی، چی لێدەکەوێتەوە و خۆیان و خەڵکیش دەگەیەنێت بە کوێ؟
بەدەر لەو پرسانە، بۆچوونی تۆ چییە، لەسەر هەر پرسێکی دیکەی پەیوەندیدار بە شێوازی حوکمڕانێتییەوە لە هەرێمی کوردستان؟
