شێخ خەزنەوى: حکومەتی دیمشق ڕێگەیدا هێرشبکرێتە سەر دروزو عەلەوییەکان

8 كاتژمێر لەمەوپێش
د. شێخ مورشید خەزنەوى، کەسایەتیی ئاینیی رۆژائاواى کوردستان، لەمیانى بەشداریکردنى لە كۆنفرانسەكەی حەسەكە هێرشى توندى کردە سەر حکومەتى دیمەشق و بەوە تۆمەتبارى کرد کە ڕێگەىداوە هێرش بکرێتە سەر دروزو عەلەوییەکان.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، كۆنفرانسی یەكهەڵوێستیی پێكهاتەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان دەستی بە كارەكانی كرد.
لەبەشێکى قسەکانیدا لە کۆنفرانسەکە خەزنەوی ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە ئێمە داوای دەستوورێک دەکەین کە دان بە گەلەکانماندا بنێت، بەبێ گوێدانە نەتەوە و ئایینەکانیان.
ئەو وتیشى: ئێمە لەپشت هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە وەستاوین، چونکە ئەوان پڕۆژەیەکی تۆکمەی نیشتمانین.
هەروەها ناوبراو ئەوەشى زیادکرد ئەوان لە پێناوی کەرامەتی دزراودا چەکیان هەڵگرت، وتیشى: شەڕمان کرد بۆ شکاندنی سنووری کۆیلایەتی، ئەوانەی هەوڵی چاندنی ناتەبایی دەدەن، وەهم و ئەو پەیوەندییەی ئێمە یەکدەخات، خوێنی شەهیدانە.
شێخ مورشید خەزنەوى جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کە ئێمە عاشقی شەڕ نین، نە بەدوای هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا دەگەڕێین. ئێمە پێمان وایە کە دیالۆگ ڕێگای چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانە.
ئەمڕۆ هەینى هێزەکانی سوریای دیموکرات، کۆنفرانسێکی فراوان لە شاری حەسەکە، لەژێر ناونیشانی کۆنفرانسی یەک هەڵوێستی پێکهاتەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا رێكخست.
بە بەشداری زیاتر لە (400) کەسایەتى لە پێكهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییە جیاوازەکانی ناوچەکە، لە هەنگاوێکدا بە ئامانجی یەکخستنی دیدگاو داواکارییەکان بەرامبەر بە حکومەتی سوریاو، جەختکردنەوە لەسەر پێویستی پیادەكردنی سیستەمێکی نا ناوەندی لە وڵاتەکەدا.
