گۆڵێک پێش کۆبوونەوەکەی ئالاسکا .!

6 كاتژمێر لەمەوپێش
خەبات کوردە
بە پێی ئەوەی ئەرمینیا لە ڕۆژئاواوە دەوڵەتی ئازەربایجانی کردوە بە دوو پارچە و لە کۆندا تەواوی خاکی ئەو دوو دەوڵەتە کورد نشین بوون بە پێویستمان زانی کوردانی خۆشمان زانیاری زیاتریان هەبێ لە سەر ئەو ڕێککەوتنەی کە هەفتەی پێشوو لە واشنتۆن بە نێوەندگیری دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی ئەو دوو دەوڵەتە باوەشیان بە یەکدا کرد و ناخۆشی ٣٥ ساڵەی خۆیان کۆتایی پێهێنا .
بەڵێ ئەو دوو دەوڵەتە لە ئێستا بەدواوە پارێزراوی ئەمەریکیەکانن و لە ڕێی ڕێککەوتنێکەوە لەمەو بەدوا ئەمەریکیەکان پارێزگاری ( ڕێڕەوی بازرگانی زەنگەزور ) ئەو ڕێگایە دەکەن بۆ ماوەی سەدەیەک ، دوور دەخرێنەوە لە ژێر چەپۆکی ڕوسیا و تورکیادا .
کردنەوەی ڕێگایەکی بازرگانی لە خواروی هەر دوو وڵات و هاوسنوری دەوڵەتی ئێران بە درێژی ٤٥ کیلۆمەتر ، هەر دوو پارچەکەی ئازەربایجان بە یەک دەگەیەنێتەوە و بوژانەوەیەکی ئابوری بەرچاو بە هەر دوو وڵات دەگەیەنێ و بە سەرکەوتن و دەستکەوتێکی بە هێزیش بۆ ئەمەریکا دادەنرێت لە ناوچەکە .
شایانی باسە و نابێ لە بیری بکەین لە ٣٥ ساڵی ڕابردوو دوو شەڕی گەورە و خوێناوی بە فیتی تورکیا لە سەر ناوچەی ( ناگۆڕنۆ قەرەباغ )ی کە نیشتیمانی یەکەم دەوڵەتی کوردی بە ناوی ( کوردوستانی سور ) بووە و زۆرینەی هەرە زۆری کورد نشین و ئازەری بوون ڕویداوە.
ئەو ڕێگایەی کە باسمان کرد و کۆمپانیا ئەمەریکیەکان دروستی دەکەن و دەیپارێزن بۆ سەدەیەک پێکدێت لە ڕێگایەکی وشکایی مۆدێرنی نێودەوڵەتی و هێڵی شەمەندەفەر و بۆڕی گواستنەوەی نەوت و غازی ئازەری لە سەردەریای خەزەر ( قەزوین )وە تا ئەو ٤٥ کیلۆمەترەی کە بە ناو خاکی ئەرمینیادا گوزەر دەکات لەو شوێنەی ئەرمینیا هاوسنورە لە گەڵ ئێران و بەشی ڕۆژئاوای ئازەربایجان و تورکیا .!
ڕێککەوتنەکە بۆ گرینگە .!
* گەڕانەوەی ئەمەریکایە بۆ ناوچەکە بە تایبەتیش دژ بە ڕوسیا و ئێران ،
* بڕینی دەستی ڕوسیا و ئێران و تورکیایە لە کاروباری هەر دوو دەوڵەتەکە بە تایبەتی و ناوچەکەش بە گشتی .
* نزیکبونەوەی ئەمەریکاشە لە ئێران و دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست .
بە درێژایی سنوری هەر دوو دەوڵەت لە گەڵ ئێران ، ئەمەریکا وەکو چاودێر زاڵبونی خۆی لە سەر ئێران و ناوچەکە فەرز دەکات .
ناوچەکە دەبێتە هاوسنوری کوردانی ڕۆژهەڵات و باکوریش بە گشتی لە داهاتوو .
کەواتە دەبێ ڕوسەکان باش بزانن کە بوونی ئەمەریکیەکان لەو دوو دەوڵەتە نزیکبونەوەیانە لە گۆڕانکاری گەورە لەناو ئەو دەوڵەتانەی کە مۆسکۆ وەکو پەرژینێنک بۆ خواروی ڕوسیا سەیریان دەکات .
لە هەمووشی گرنگتر گەورەترین ترس دەدات بە تورکیا و کەم جوڵە تری دەکات و ناهێڵێ زیاتر سەرە ڕۆیی بکات و کارتەکانی لە ئاسیای ناوەڕاست دەسوتێنێ و زیاتر پەیوەستی دەکات وەکو داردەستێکی ترسنۆک و خزمەتکار بۆ ئەمەریکا لە ناوچەکە دەرکەوێ .!
کەواتە دەبێ ڕوسیا و تورکیا و هەموو دەوڵەتانی جیهانیش تێبگەن ، بۆ پێش گەیشتنی تڕەمپ و پۆتین لە ئالاسکا ئەو ڕێککەوتنە کرا و ئەو پەلهاویشتنەی ئەمەریکا لەو کاتەدا چ پەیامێک بوو و بۆ لەو کاتەدا ئەو تیرە تیژەیان ئاراستەی سەر دڵی پۆتینی سەرۆکی ڕوسیا کرد .
شایانی باسە دەبێ لە بیرمان نەچێ لە سەدەی بیستەم ، هەر ڕوسەکان بوون کۆماری کوردوستانی سور یان ڕوخاند و هۆکارێکی سەرەکیش بوون بۆ ڕوخانی کۆماری مهاباد و هەر لەو ناوچانەشەوە بوو لە جەنگی جیهانی یەکەم ڕووەو کوردوستانی باشوور کشان و دار و بەردیان دەسوتاند لە گەڵ خۆیاندا .
