کورد لە سوریادا؛ یارییكردن لەسەر تەنافێکی باریک لەنێوان بەرژەوەندیی زلهێزەکاندا

2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوە: میدیای پهنجهره
چارەنووسی کورد لە سوریا، لە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە مەترسیدایە. هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی دیمەنی سیاسیی ناوخۆیی و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان لە دەسەڵاتی دیمەشق، کورد خۆی لەنێو گەمەیەکی ئاڵۆزی بەرژەوەندییەکانی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکاندا دەبینێتەوە. هەرچەندە ئەم دۆخە پڕە لە هەڕەشە، بەڵام هاوکات دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساندووە کە ببێتە یاریزانێکی سەرەکی کە هیچ لایەنێک ناتوانێت بە ئاسانی فەرامۆشی بکات.
ململانێی تورکیا، ئیسرائیل و کەنداو: سێگۆشەی بەرژەوەندییە دژبەیەکەکان
گۆڕەپانی سوریا بووەتە شانۆی ململانێیەکی قووڵی نێوان تورکیا و ئیسرائیل، کە هەریەکەیان دیدگایەکی تەواو جیاوازیان بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە هەیە.
تورکیا، کە خاوەنی درێژترین سنوورە لەگەڵ سوریادا، بوونی هەر قەوارەیەکی کوردیی خۆبەڕێوەبەر و چەکدار لە باشووری سنوورەکانی بە "هێڵی سوور" و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.
ئەنقەرە بەردەوام ترسی لەوە هەبووە کە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان ببێتە ئیلهامبەخش بۆ کوردەکانی باکوور و پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بەهێز بکات. لەم ڕوانگەیەوە، تورکیا پاڵپشتی لە دروستبوونی حکومەتێکی ناوەندیی سوننەی بەهێز لە دیمەشق دەکات، کە بتوانێت کۆنترۆڵی تەواوی خاکەکەی بکاتەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی کورد بهێنێت.
لەم هەوڵەیدا، وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت سعودیە و قەتەر، هاوڕان لەگەڵیدا و پشتیوانی لەو هێزە عەرەبییە عەشایەرییانە دەکەن کە دژایەتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن و کار بۆ دەرکردنیان لە ناوچە عەرەبنشینەکانی وەک دێرەزوور و ڕەققە دەکەن.
لەسەنگەری بەرامبەردا، ئیسرائیل بە تەواوی پێچەوانەی تورکیا بیردەکاتەوە. لە دیدی تەلئەبیبەوە، دروستبوونی حکومەتێکی ناوەندیی بەهێز و یەکگرتوو لە سوریا، بەتایبەت ئەگەر بکەوێتە ژێر هەژموونی ئیسلامیی سوننە یان بمێنێتەوە لە بەرەی ئێراندا، مەترسییەکی ستراتیژیی گەورەیە.
ئیسرائیل شەڕ لەسەر کورد ناکات، بهڵكو سوریایەکی بەهێزی ناوێت.
ئیسرائیل سوریایەکی لاواز و پارچەپارچەکراوی پێ باشترە. هەر بۆیە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پاڵپشتیی لە مانەوەی هێزە لۆکاڵییەکانی وەک درووزەکان لە باشوور دەکات و نایەوێت هێزە ئیسلامییەکان بگەنە سنوورەکانی.
لێرەدایە کە بەرژەوەندیی کورد و ئیسرائیل، بەبێ ئەوەی هاوپەیمانییەکی ڕاستەوخۆ لە ئارادا بێت، یەکدەگرێتەوە. وەک دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، ئاماژەی پێدەدات: "ئیسرائیل شەڕ لەسەر کورد ناکات و کێشەی ئەو ئەوە نییە باوەڕی بە دۆزی کورد هەبێت، بەڵکو مەسەلەکە ئەوەیە سوریایەکی بەهێزی ناوێت و کورد گەر مافی هەبێت، لە بەرژەوەندیی ئەودایە."
فەرەنسا و پارێزگاریکردن لە پێگەی مێژوویی
فەرەنسا، کە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ وەک "دروستکەری" سوریای مۆدێرن سەیر دەکرێت، نایەوێت بە ئاسانی دەستبەرداری پێگە و نفوزی مێژوویی خۆی لەو وڵاتە ببێت. پاریس هەست دەکات کە لە گۆڕەپانی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەریکە پەراوێز دەخرێت، بۆیە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دوو کارتی گرنگەوە لە گەمەکەدا بمێنێتەوە: کورد لە سوریا و مەسیحییەکان لە لوبنان.
پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ هەسەدە و باڵی سیاسییەکەی (مەسەدە) لە ئاستێکی باشدایە. پاریس چەندین جار میوانداریی شاندە کوردییەکانی کردووە و هەوڵی داوە ڕۆڵی نێوەندگیری لەنێوان کورد و لایەنەکانی دیکەدا ببینێت. هەوڵی سازکردنی کۆبوونەوە لەنێوان نوێنەرانی کورد و حکومەتی سوریا لە پاریس، کە بەهۆی فشاری توندی تورکیاوە شکستی هێنا، باشترین بەڵگەی ئەم ڕۆڵەیە. تورکیا نەک هەر لەبەرئەوەی بانگهێشت نەکرابوو دژی کۆبوونەوەکە وەستایەوە، بەڵکو لەوەش دڵنیا بوو کە فەرەنسا بە ئاشکرا پشتیوانی لە مافەکانی کورد دەکات.
ئەمریکا و هاوپەیمانێتییەکی ناڕوون
لە ساڵی 2014ـەوە، ئەمریکا وەک هاوپەیمانی سەرەکیی هەسەدە لە شەڕی دژی داعشدا دەرکەوت. ئەم هاوپەیمانییە بووە هۆی ئەوەی کورد ناوچەیەکی بەرفراوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای لەژێر دەستدا بێت، بەڵام سیاسەتی واشنتۆن بەرامبەر بە هاوپەیمانە کوردەکانی هەمیشە ناجێگیر و پڕ لە هەڵبەز و دابەز بووە.
وهكو كورد هاوبەشیمان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە و هاوکارییەکان بەردەوامن
سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، بە سیاسەتە چاوەڕواننەکراو و بازرگانییەکانییەوە، گەورەترین گورزی لە متمانەی کورد دا، کاتێک لە ساڵی 2019ـدا ڕێگەی بە تورکیا دا هێرش بکاتە سەر سەرێ کانی و گرێ سپی.
هەرچەندە ئیدارەی ئێستای ئەمریکا تا ڕادەیەک سیاسەتێکی جێگیرتری هەیە، بەڵام هێشتا ستراتیژێکی ڕوونی بۆ داهاتووی کورد و چارەسەری سیاسی لە سوریا نییە. واشنتۆن لەنێوان ڕازیکردنی تورکیای هاوپەیمانی لە ناتۆ و پاراستنی هەسەدە وەک هێزێکی کاریگەر بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و بەرەنگاربوونەوەی نفوزی ئێراندا، بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە.
ساڵح موسلیم، سەرکردەی دیاری کورد لە سوریا، له لێدوانێكیدا پێش دوو ڕۆژ بۆ پهنجهره، جەخت لەوە دەکاتەوە کە: "هاوبەشیمان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە و هاوکارییەکان بەردەوامن،" بەڵام هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات کە "ئامادەن بۆ هەموو ئەگەر و پێشهاتێک،" کە ئەمەش رهنگه نیشانەی ئەوە بێت كه کورد ناتوانێت بە تەواوی پشت بە بەڵێنەکانی ئەمریکا ببەستێت.
ڕوسیا و گەمەی مانەوە
ڕوسیا کە گەورەترین پاڵپشتی ڕژێمی ئەسەد بوو و بگره له دواى 2012ـدا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لە مانەوەیدا گێڕا، ئێستا بە شێوازێکی پراگماتیانە مامەڵە لەگەڵ دۆخە نوێیەکەدا دەکات.
مۆسکۆ دەزانێت کە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی لە سوریا گرنگترن لە مانەوەی تاکە کەسێک. ئامانجی سەرەکیی ڕوسیا پاراستنی دوو بنکە سەربازییە گرنگەکەیەتی لەسەر دەریای ناوەڕاست: بنکەی دەریایی تەرتوس و بنکەی ئاسمانیی حمێمیم.
قەرزێکی زۆری سوریا لەسەر ڕوسیایە و دهستبهرداربوونى ئاسان نییه
هەر حکومەتێکی نوێ لە دیمەشق بێتە سەرکار، ناتوانێت بە ئاسانی ڕوسیا فەرامۆش بکات، چونکە چەندین کارتی فشاری بەدەستەوەیە:
ڤیتۆی ئەنجومەنی ئاسایش: ڕوسیا دەتوانێت ڕێگر بێت لە دەرکردنی هەر بڕیارێکی نێودەوڵەتی دژی سوریا.
پڕچەککردن: زۆربەی سیستمی سەربازیی سوپای سوریا ڕوسییە و پێویستی بە چاککردنەوە و ڕاهێنانی ڕوسی هەیە.
قەرز و ئابووری: قەرزێکی زۆری سوریا لەسەر ڕوسیایە و پاڵپشتێكى زۆری ئهو وڵاته بووه به درێژایی دهیان ساڵ، بۆیه دهستلێبهردانى ڕهنگه ههروا ئاسان نهبێت.
ئاڵنگاریی و ئاسۆ
کورد لە سوریا لەبەردەم هەستیارترین وەرچەرخانی مێژوویی خۆیدایە. لە لایەکەوە لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی تورکیا و سیاسەتی ناڕوونی ئەمریکادایە. لە لایەکی دیکەشەوە دژایەتیی ئیسرائیل بۆ سوریایەکی بەهێز و هەوڵەکانی فەرەنسا بۆ مانەوە لە گۆڕەپانەکە و سیاسەتی پراگماتیانەی ڕوسیا، دەرفەتی مانۆڕی سیاسی بۆ کورد ڕەخساندووە.
سەرکەوتنی کورد لەم قۆناغەدا تەنها بەند نییە بە هێزی سەربازییەوە، بەڵکو زیاتر پەیوەستە بە توانای دیپلۆماسی و خوێندنەوەی وردی هاوکێشەکان و یاریکردن لەسەر ناکۆکیی نێوان
زلهێزەکان.
وهك ههمیشه چارەنووسی كورد لەسەر مێزی قوماری گەورەکاندایە، بەڵام جیاوازییهكه ئهوهیه ئەمجارە کوردیش کارتی گرنگی بەدەستەوەیە.

