پڕۆسەی ئاشتیی و چارەسەریی؛ کۆمیسیۆنی هاودەنگیی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی

3 كاتژمێر لەمەوپێش



  ئامادەکردن: هاوڵاتی
کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەریی لەگەڵ کورد: 
پێکهاتە، ئەرک و گرەوە سیاسییەکان:

لە هەنگاوێکی مێژووییدا کە ئامانج لێی کۆتایی هێنان بە چوار دەیەی شەڕی چەکداری بوو، ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا، پەرلەمانی تورکیا، لە مانگی ئابی ٢٠٢٥ یەک کۆمیسیۆنێکی فرەلایەنی دامەزراند بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکە، و پرسی کورد بە گستی لە تورکیا. ئەم دەزگایە بە فەرمی ناوی "کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی" یە و ئەرکی داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسیی پێسپێردراوە بۆ ئاسانکاری بۆ داماڵینی چەک و تێکەڵبوونەوەی پەکەکە لە ژیانی مەدەنیدا.

پێشتر لە ساڵی ٢٠١٣ دەزگایەکی لێکۆڵینەوە بە ناوی "لێکۆڵینەوە لە ڕێگاکانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی چارەسەریی"  کە زۆرجار بە "کۆمیسیۆنی چۆزوم سورێچی" ناودەبرا، لە ماوەی پرۆسەی چارەسەریی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ دا کاریکرد و ڕاپۆرتێکی درێژخایەنی بەرهەمهێنا، بەڵام دواتر کارەکان وەستان و پڕۆسەکە پەکی کەوت و شکستی هێنا.

کۆمیسیۆنی هاودەنگی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی لە ٥١ ئەندام پێکدێت و نوێنەری ١١ پارتی سیاسی لەخۆدەگرێت، کە لە  دیاریکردنی ئەندامەکانی ئەو کۆمیسیۆنە بە گوێرەی ژمارەی کورسییەکانی فراکسۆنە پەرلەمانییەکانە بەم شێوەیە:
-   ٢١ ئەندام لە پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان (ئەکەپە)
-  ١٠ ئەندام لە پارتی کۆماریخوازی گەلی ئۆپۆزسیۆن (جەهەپە) 
-  ٥ ئەندام لە پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی)
-  ٤ ئەندام لە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕاستڕەوی توندڕەو (مەهەپە). 

-  پارتە بچووکەکان ئەو کورسییانەی کە ماونەتەوە پڕدەکەنەوە. 
لە کاتێکدا پارتی باشی سەروو نەتەوەپەرست ناسراو بە (IYI) بەشداریکردنی لە کۆمیسیۆنەکەدا ڕەتکردەوە.

سەرەڕای پێکهاتە فراوانەکەی، بەشێکی زۆری کارەکانی کۆمسیۆنەکە بە نهێنی بەڕێوەدەچێت. بە دەنگیی زۆرینە،  تۆمارەکانی بۆ ماوەی دە ساڵ مۆر کردووە کە ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی زانیارییەکانی بە ڕای گشتی کرد. ئەم بڕیارە جەخت لەسەر هەستیاری سیاسی و دەستپێشخەریی ئاشتی دەکاتەوە، کە ئەمەش لە دوای مەراسیمێکی سیمبولیکی چەکدانان لەلایەن ٣٠ چەکداری پەکەکەوە دێت لە وەڵامی بانگەوازێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.

کۆمیسیۆنەکە هەفتانە لە ئەنقەرە کۆدەبێتەوە و بڕیارە تا پاییز ڕەشنووسی پێشنیارەکانی یاسادانان پێشکەش بکات. ئەرکەکەی بریتییە لە پێشنیارکردنی چاکسازی لە یاسای سزادانی تورکیا، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یاسای جێبەجێکردنی سزاکان. لە کاتێکدا دەسەڵاتی یاسایی فەرمی نییە، بەڵام پێشنیارەکانی بە مەبەستی ڕێنماییکردنی کاری پەرلەمان و پەروەردەکردنی کۆدەنگی نیشتمانییە.

وەزارەتە سەرەکییەکانی بەشدار لە کارەکانی کۆمسیۆنەکەدا بریتین لە وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی بەرگری نیشتمانی و ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانی ناسراو بە میت. کە نوێنەرانیان بریتین لە وەزیری ناوخۆ (عەلی یەرلیکایا)، وەزیری بەرگری (یەشار گولەر) و سەرۆکی میت (ئیبراهیم کاڵن) لە دانیشتنی دووەمی کۆمسیۆنەکەدا بەشدارییان کرد کە کۆبوونەوەیەکی داخراو بوو.

نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمان کۆمسیۆنەکەی بە "شاندێک و دەستەیەکی مێژوویی" و "وتاری شەرعی بۆ چارەسەری بەردەوام" وەسفکرد، جەختی لەسەر ڕۆڵی ئەو کۆمسیۆنە کردەوە کە دەتوانێت بگات بە جێگرتنەوەی "چەک و جەنگ و ململانێ" بە "ئاشتی و برایەتی و خۆشگوزەرانی".

لە کاتێکدا تورکیا ئەم قۆناغە ناسکەی گواستنەوە بەڕێوەدەبات، سەرکەوتنی کۆمیسیۆنەکە بەندە بە توانای هاوسەنگی شەفافیەت و گشتگیری و ئیرادەی سیاسییەوە لە بەرامبەر دابەشبوونی قووڵی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و دەیان ساڵ بێمتمانەیی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار