جەنگی ڕوسیا-ئۆکرانیا؛ ڕیشەی مێژوویی هەرێمی دونباس و نیمچە دوورگەی کریمیا

3 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ
ئامادەکردن: هاوڵاتی
ڕاپۆرتێک لەبارەی ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی هەرێمی دۆنباس و نیمچە دوورگەی کریمیا لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیادا:
هەردوو هەرێمی دۆنباس و کریمیا پرسیاری قووڵتر بەرجەستە دەکەن لە قووڵایی هۆکارەکانی جەنگی ڕوسیا-ئۆکرانیادا: کێ سنوورەکانی ئۆکرانیا دیاری دەکات؟ بۆ ڕووسیا ئەو دوو هەرێمە وەک خاکی مێژوویی ڕووسی دادەنێت؟
تێگەیشتن لە جەنگی ئۆکرانیا بەبێ شوێنپێهەڵگرتنی ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی بۆ هەرێمی دۆنباس و نیمچە دوورگەی کریمیا ڕەنگە ئاسان نەبێت. دونباس و کریمیا دوو ناوچەی ناوەندیین لە ململانێ و جەنگی نێوان کیێڤ و مۆسکۆدا. هەردوو هەرێمەکە و بە خاک خەڵکەکانیانەوە، کەڵەکەبوونی مێژوویی سیاسیی و نەتەوەیی و کولتوورییان هەڵگرتووە کە ڕووسیا بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ڕەوایەتی خاوەندارێتیی خاک و خەڵکەکەی دەستێوەردانی سەربازیی بەکاری هێناون.
ڕەهەندی جیۆگرافی:
هەرێمی دونباس هاوسنووری ڕوسیایە و ڕووبەرەکەی زیاتر لە ٥٠ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ڕێژەی دانیشتوانی لە ٦ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس زیاترە، واتا تەنها هەرێمی دونباس ڕووبەرەکەی و ژمارەی دانیشتوانی لە هەرێمی کوردستان زیاترە.
هەروەها نیمچە دوورگەی کریمیا رووبەرەکەی ٢٧ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە و ڕێژەی دانیشتوانی لە ٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس زیاترە.
لە دوایین دەرکەوتنی سیێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕووسیادا بە بلوزێکەوە لە سەر سنگی چوار پیتی CCCP کورتکراوەی یەکێتی سۆڤیێتی پێشوو بە لاتینی، لە لوتکەی ئالاسکا، بەشێوەیەکی سیمبولیک هەندێک لە شیکەرەوەکان بە ئاماژە و مانای خواستی فراوانخوازیی ڕووسیا لێکی دەدەنەوە و هەندێکی تریش تەنها وەکو ئاماژەکردن بۆ ڕیشەی مێژوویی خاوەندارێتییکردنی دونباس و کریمیا لەلایەن ڕوسیاوە لێکیدەدەنەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکێتی سۆڤیێتی پێشوو. ئەمە جگە لەوەی هەندێکی تر وەکو کۆدی سەردەمێک و قۆناغێکی نوێی بەهێزبوونەوەی ڕووسیا و دابەشبوونەوەی دنیا بۆ دوو جەمسەرە بەهێزەکە، ڕوسیا و ئەمریکا، لێکی دەدەنەوە.
هەرێمی دۆنباس بە دڵی پیشەسازیی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا هەژمار دەکرێت.
ڕیشەی مێژوویی:
هەرێمی دونباس لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە ژێر دەستی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیادا بووە و بە خێرایی بە قۆناغی گەشەسەندندا تێپەڕی.
هەریمەکە دەوڵەمەند بوو بە کانەکانی خەڵوز و کارگەکانی ئاسن و پۆڵا کە لە سەرانسەری ئیمپراتۆرێتی ڕووسیاوە کرێکرانی ڕادەکێشا. ئەم پیشەسازییە دانیشتووانێکی بەهێزی چینی کرێکاری ڕووسی زمانی پەروەردە کرد، ئەمەش بوو بە هۆی دروستبوونی مۆزایکێکی دیمۆگرافی جیاواز لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا، کە هێشتاناسنامەی نەتەوەیی و زمانی ئۆکراینی بەهێزتر مابووەوە.
لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا، دۆنباس بوو بە هێمای هێزی کاری سۆڤیەتی، کە بە توندی لەگەڵ ئابووری ناوەندی مۆسکۆدا تێکەڵ و گرێدراو بوو.
دوای ئەوەی ئۆکرانیا لە ساڵی ١٩٩١ سەربەخۆیی بەدەستهێنا، ئەم میراتە مێژووییە بوو بە هۆی دابەشبوونێکی سیاسیی و کولتووریی بۆ دونباس. لە ڕووی کولتوورییەوە گرێدراو بە ڕوسیاوە بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە بەشێک لە ئۆکرانیا. ئەم گرژییانە لە ساڵی ٢٠١٤ سەریان هەڵدا، کاتێک ڕووسیا پشتگیری لە بزووتنەوە جوداخوازەکانی کرد لە دۆنێتسک و لوهانسک دوای ئەوەی کیێڤ لایەنگری ئەوروپای کرد.
لە بەرامبەردا کریمیا هەم گرنگییەکی ستراتیژی و هەم گرنگییەکی ڕەمزی هەیە. لە ڕووی مێژووییەوە کێبڕکێی لەسەر بوو، نیمچە دوورگەکە لە ساڵی ١٧٨٣ دوای جەنگەکانی لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا لکاندی بە خۆیەوە و خستیەە سەر خاکی خۆی. دواتر بوو بە شوێنی بەلەمی دەریای ڕەشی ڕووسیا لە سیڤاستۆپۆل، کە بەردێکی بناغەی دەستی سەربازی مۆسکۆ بوو. لە ساڵی ١٩٥٤دا نیکیتا خرۆشۆڤ سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت کریمیای لە ڕووسیاوە گواستەوە بۆ کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی ئۆکرانیا، ئەمە هەنگاوێک بوو کە لەو کاتەدا وەک نهێنییەک و کۆدێک هەهمار دەکرا بەڵام دواتر لێکەوتەی جیۆپۆلەتیکی گەورەی لێکەوتەوە. دوای سەربەخۆیی ئۆکرانیا، نیمچە دوورگەکە بە زۆرینەی ئاخێوەرانی زمانی ڕوسییەوە شانبەشانی تاتارە ڕەسەنەکانی کریمیا زمان و کولتورەکەی خۆیان پاراست، تاتارەکان کە لە سەردەمی ستالیندا بە زۆرە ملێ ڕاگوێزرابوون، لە ساڵانی نەوەدەکاندا دەستیان بە گەڕانەوە کرد بۆ زێدی خۆیان.
ڕیفراندۆم و ىڕیاری سیاسیی:
لکاندنی کریمیا بە خاکی خۆیەوە لەلایەن ڕووسیاوە لە ساڵی ٢٠١٤، دوای شۆڕشی یۆرۆمەیدان لە ئۆکرانیا، لەلایەن مۆسکۆوە وەک گەڕانەوەی زەوییە مێژووییەکانی خۆی بڕیاری لێدرا، پاڵپشت بە ڕیفراندۆمێک کە گومان و ناکۆکی زۆری لەبارەوە هەبوو.
ئەم کارەی ڕووسیا واتا لکاندنی کریمیا بە خاکی خۆیەوە یان وەک ڕووسیا ڕایگەیاند گەڕاندنەوەی زەوییە مێژوویییەکانی خۆی، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سەرکۆنە کرا و ڕەخنەی توندی لێگیرا. ئەمە بوو بە هۆی جەختکردنەوە لەسەر گرنگی هەمیشەیی کریمیا وەک بەندەرێکی دەریایی و هەم وەک پێگەیەکی کولتوریی بۆ ناسیۆنالیزمی ڕووسیی.
هەردوو هەرێمی دۆنباس و کریمیا بەهۆکاری ناسنامە و بانگەشە مێژووییە کەڵەکەبووەکانیان دەبنە چەق لە نێو جەرگەی هۆکارەکانی جەنگی ڕوسیا-ئۆکرانیادا.
دۆنباس ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە پیشەسازی و کولتوورییەکانیەتی بە ڕوسیاوە و هەروەها بەشێکی زۆری خەڵک و پێکهاتە سیاسییەکەی هەرێمی دونباس کە گوتارێکی لایەنگیرانەیان بۆ مۆسکۆ بەرزکردەوە. لە کاتێکدا کریمیا نیشاندەرەوەی کۆنترۆڵی ستراتیژی و یادەوەری ئیمپراتۆرییە بۆ ڕوسیا هەم لە سەردەمی ئیمپراتۆرێتییدا و هەم دواتریش لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیێتدا.
ئەم هۆکارانە وایانکردووە کریمیا و دونباس پێگەیەکی ناوەندییان هەبیت لە ململانێ و جەنگی ڕوسیا-ئۆکرانیادا.
بەم شێوەیە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی دۆنباس و کریمیا ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی ئەم جەنگە هەڵگیرسا و جەختکردنەوەی ڕوسیا لەسەر خاوەندارێتییکردنی بۆ دوو هەرێمەکە.
ئەم دوو هەرێمە، تەنیا پارچە زەوی نین، بەڵکو گێڕانەوەی ناسنامە و سەربەخۆیی و دەسەڵاتن.

