بمان بەن بۆ بەرەکانی جەنگ شەڕ دەکەین .!

5 كاتژمێر لەمەوپێش
خەبات کوردە
چەند مانگێ لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئێران و عێڕاق لە ئەیلولی ١٩٨٠ و بەهۆی زۆری هەڵهاتنی جەنەڕاڵەکانی شای ئێران و بە فتوایەکی ئیمام خومەینی ڕۆژانە سەدان و هەزاران شیعە لە هەموو کوچە و حوسەینیەکانەوە ، گەنج و پیری ئەو وڵاتە خۆیان پڕ چەک دەکرد و ڕەوانەی بەرەکانی جەنگ دەکران و کلیلی دەرگای بەهەشتیان لە مل دەکرا . هەتا دوایی ناویان لێنان سوپای پاسداران .
لە عێڕاقیش بە هەمان شێوە و لە ڕێی بارەگاکانی حیزبی بەعسەوە هەمان کردار دوبارە دەکرایەوە و لە ڕێی ئەندامەکانی حیزبی بەعسەوە ڕاهێنانی سەربازیان پێدەکرا و لە دوایدا ناویان لێنان (جەیشی شەعبی) .
تەنها جیاوازیەک کە بەدی دەکرا لە نێوان ئەو دوو سوپایە ئەوە بوو کە لە عێڕاق سێ بۆ شەش مانگ ڕاهێنانیان پێدەکرا لە سەر چۆنیەتی بەکارهێنانی جۆرەها چەک و لە ئێرانیش ڕاستەوخۆ بۆ بەرەکانی جەنگ ڕەوانە دەکران .
دەگێڕنەوە مامۆستایەکی کورد کە لە دوای نیسکۆی ١٩٧٥ ەوە نەفی دەکرێت بۆ گوندێکی دوورە دەستی ناو زۆنگاوەکانی باشوور ، لە گەڵ شێخی عەشیرەتەکە دۆستاییەک لە نێوانیان دروست دەبێ و زۆر هەوڵ دەدات کە شێخ یارمەتی بدات و بتوانێ بگەڕێتەوە ناو کەسوکاری ، شێخیش هەر دەڵێ دانبەخۆتدا بگرە ، تا ڕۆژێکیان بەرپرسێکی باڵای حیزبی دەچێتە گوندەکە و خەڵکەکە کۆدەکاتەوە و داوایان لێدەکات کە چەک هەڵبگرن و ڕوو لە بەرەکانی جەنگ بکەن .
بەرپرسەکە و یا شێخ هەر چیەکی دەکەن لە هەوڵەکانیان سەرکەوتو نابن ، لەو کاتەدا شێخ هانا بۆ مامۆستا کوردەکە دەهێنێ و پەیمانی پێدەدەن کە بتوانێ بگەڕێتەوە ناو کەسوکاری و بە مامۆستا دایبمەزرێننەوە .
بەڵێ مامۆستا بە دشداشەیەک و عەگالەکەیەوە دەچێتە ناو جەماوەرەکە و دەست بە عەگالەکەیەوە دەگرێ و لە گەڵ هەڵپەڕین هاوار دەکات : بمان بەن بۆ بەرەکانی جەنگ شەڕ دەکەین. ئیتر گەنج و پیاوانی عەشیرەتەکە دەمار دەیانگرێ و خوێنیان دەکوڵێ و دەکەونە جوڵە و بە دوای مامۆستا کوردەکە شیعارەکە دەڵێنەوە و دوایی خەڵکەکە سواری پاسەکان دەکەن و مامۆستاش دەگەڕێننەوە کوردوستان .
حەشدی شەعبی لەو کاتەی کە داعش گەیشتە ناو گەڕەکەکانی بەغدا لە فەلوجەوە ، بە فتوایەکی عەلی سستانی و بە هەمان شێوەی فتوایەکەی خومەینی دەستبەکاربوون و گەورە کران . بڕیاریش وابوو کە لە گەڵ کۆتایی هاتنی داعش ، چەکەکانیان ڕادەستی سوپا بکەنەوە و کۆتایی بە چالاکیەکانیان بهێندرێ . سەرکردەکانی حەشدیش هەمان ئەو پاسدارانە بوون کە تەبەعییەی عێڕاقیان هەبوو و بە ئاوارە عێڕاقیەکان ناوزەند کرابوون لە ئێران و ڕۆژی خۆی چەندین پلەو پۆستی سەربازیان هەبوە لە ناو سوپای پاسداراندا .
حەشدی شەعبی ئێستا و دوای زیاتر لە دە ساڵ خەریکە لە سوپای عێڕاق بەهێز تر دەبن . بۆ نمونە داوایان لە حکومەتی بەغدا کردوە کە کولیە و ئەکادیمیای سەربازی تایبەت بە خۆیان هەبێ و هاوشێوەی سوپا پلەی سەربازیەکانیان لە سەربازەوە هەتا دەگاتە بەرزترین پلە باڵایان هاوشێوەی سوپا لێبکرێ .
لە هەمووشی گرنگتر دەیانەوێ بە یاسایەک لە خۆبەخشەوە بکرێنە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی جەنگاوەی سەربازی و موچەی تایبەتی ساڵانەیان بۆ دابین بکرێ هاوشێوەی سویای عێڕاق .
دوور نیە سبەینێش داوای دروستکردنی وەزارەتێک بکەن .
هەموو ئەو ترسە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە حەشدی شەعبی لە دوا ڕۆژدا زاڵ ببێ بە سەر سوپادا و هیچ جەنەڕاڵ و بەرپرسێکی سوپا نەوێرێ چاو لە چاویشیان بکات و هەر دەم ڕەزیلیش دەرکەون بەرامبەریان .
ئەو هەوڵەی شیعەکان بۆ ئەو ترسە دەگەڕێتەوە کە دور نیە لە داهاتوو دەسەڵات لە دەست بدەن .
بە هەمان شێوە دور نیە عێڕاق بکەنە دەوڵەتێکی ئیسلامی شیعە مەزهەبیش .!
کەواتە کشانەوەی سوپای ئەمەریکا و خۆ بێبەری کردنی لە پاراستنی سیادەی عێڕاقیش بۆ هەمان ترس دەگەڕێتەوە و دەیانەوێ بە هەر دوو حەوزەی شیعەی نەجەف و قومیش بڵێن stop . ئەگەر نا ئەمەریکا ناچار دەبێ فڕۆکە B2 و B52 ەکانی بگەڕێنێتەوە سەر ئاسمانی عێڕاق و هاوشێوەی جەنگی ئازادی کوەیت و ڕوخانی دیکتاتۆرەکەی عۆجە سەربازگە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی و تەخت و تاراجتان تێکوپێک بشکێنین .
