تۆڕی هاوپەیمانی 19: یەكێتی لایەنگرانی بەرەی گەل دەستگیردەکات

8 كاتژمێر لەمەوپێش



لێدوانی رۆژنامەوانی 

دوێنێ، 31ی ئابی 2025، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، هەڵمەتێكی تازەی لە دەستگیركردنی هاوڵاتیان ئەنجامداوە، جارێ نازانین تۆمەتەكانیان چین و گووتەبێژی ئاسایشی سلێمانیش لەبارەی هۆكاری هەڵمەتەكەیان روونكردنەوەمان ناداتێ. 

تۆڕی هاوپەیمانی 19، ناوی سیانی 9 هاوڵاتی بۆ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عیراق (یونامی) ناردوو كە دوو لایەنی خەمخۆرن بۆ چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، بە ئامانجی سۆراغی ئەو دەستگیركراوانە.

تۆڕی هاوپەیمانی 19 نیگەرانە لە داخستنی دەرگای زانیاری لەبارەی كەیسی دەستگیركراوانی شەوی رابردوو بە تایبەت و كەیسی دەستگیركراوانی شەڕە خوێناوییەكەی گردی سەرچناری شاری سلێمانی لە 22ی ئاب.

دوێنێ لە راگەیەندراوێكیاندا، بەرەی گەل ئاماژەی بەوە كردووە، ماوەی 10 ڕۆژە هێزەكانی یەكێتی بەردەوامن لە دەستگیركردنی لایەنگرانی  بەرەی گەل.

 تۆڕی 19 كۆمەڵێك رێكخراو داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دایانمەزراندوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار