شەڕی هەڕەشەکردن دوای بۆمبایەکانی دۆحەی قەتەری

3 كاتژمێر لەمەوپێش



نووسین: خەبات کوردە

دوای ئەوەی دوێنێ ٩ ی سێبتەمبەر ئیسڕائیل دەستی گەیشتە شوێنی کۆبونەوەی ئەندام و سەرکردەکانی حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەر ، هەر چەندە بە پێی هەواڵی دەزگا سیخوڕیەکان ، تورکیا بە چەند ساتێک پێش بۆردومانەکە سەرکردەکانی حەماسی ئاگادار کردۆتەوە و شوێنەکەیان بە جێهێشتوە و کەسیان بەرنەکەوتون .

ئەو کردە سەربازیەی سوپای ئیسڕائیل یەکەم جارە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی شەڕی ئێران و ئیسڕائیل بەو شێوازە دێت و یەکەم جارەیشە ئیسڕائیل لە ناو دەوڵەتانی کەنداو کاری سەربازی لەو شێوەیە ئەنجام بدات .

هەر چەندە هیچ لە سەرکردەکانی حەماس نەکوژران ، بەڵام چالاکیەکە لە ڕووی سەربازیەوە بۆ سوپای ئیسڕائیل بە چالاکیەکی سەرکەوتوو ئەنجام دەدرێ ، چونکە دووری و پێکانی سەد دەر سەدی نیشانەکە و نەبوونی زیانی مەدەنی بۆ ئیسڕائیلیەکان بە سەرکەوتوو هەژمار دەکرێ .
بەڵام لە ڕووی سیاسیەوە ئیسڕائیل زەرەرێکی گەورە دەکات .

ئێستا و دوای ئەو چالاکیەی سوپای ئیسڕائیلیەکان ، دەوڵەتانی کەنداو و عێڕاق ئێران و تورکیا بە گشتی ترسیان لە ڕەفتارەکانی ئیسڕائیل نیشتوە وەکو ئەوەی کە لەمەودوا هیچ بەربەست و عورف و عاداتێکی نێو دەوڵەتی نەمابێ کە ڕێگر بێ لە دووبارە بوونەوەی هەر کردەیەکی سەربازی چاوەڕوان کراو لە ناوچەکەدا .

هەر چەندە هەندێ لە چاودێران پێیان وایە کە ئیسڕائیل ناتوانێ لە ناو هەر شارێکی تورکیا ئەو کردە سەربازیە ئەنجام بدات ، بەو پێیەی کە هەر دوو لا ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆن ، بەڵام لە ڕابردوو ئەو کردە سەربازیانەش لە نێو دەوڵەتانی ناتۆدا ڕویانداوە و شەڕی یۆنانی و تورکەکانیش نمونەیەکی زەقە و تا ئێستاش ترسی هەڵگیرسانەوەی هەر هەیە .

ئیسڕائیل لەو شەڕەیدا کە لە گەڵ حەماس خەریکە دوو ساڵ تەواو دەکات و تا ئێستاش زەرەری چەندین ملیار دۆلاری بەرکەوتووە و ڕێژەی کوژراو و بریندارەکانی چەند هەزارێکی تێپەڕاندوە ، ئەگەر ئەو چەند دیلە ئیسڕائیلەی لای حەماس لە ناو تونێلەکانی شاری غەززە شاردراونەتەوە ، نەبوایا دەمێ بوو بە یەکجاری غەززەی تەخت کرد بوو .

ئێستاش ئەو خاوەخاوە و خۆدزینەوەیەیی حەماس دەیکات بۆ ئازاد کردنیان هۆکارە بۆ درێژ بوونەوەی شەڕەکە و برسی بوونی زیاتری خەڵکەکەی کەرتی غەززە و سەبری ئیسڕائیلیەکانی سفر کردۆتەوە و دەیەوێ بەر هەر شێوازێک بێت ، ئەو عینادیەی حەماسیەکان بپچڕێنێ و هەراسانیان بکات تا هەرچی زووە کۆتایی بە ڕوخانی حەماس بهێندرێت و دیل و لاشەی سەربازە مردوەکانی دەستکەوێتەوە .
هەر چەندە لە دوێنێوە چەندین سەرکردەی دەوڵەتانی کەنداو و تورکیا و ئێران و عێڕاق و ئوردن ئیدانەی ئەو هێرشەیان کردوە بە سەرکردەکانی هەرێمیشەوە ، بەڵام چاوەڕێ دەکرێ لە داهاتودا ئیسڕائیل و سوپاکەی و دەزگا جاسوسیەکەی بە هۆی پێشکەوتوویی و بونی ساڕوخە کاریگەریەکانیان قەت سڵ لەو هەڕەشانە نەکاتەوە و چی بووێ و لە چ شوێنێک بێت لە ناوچەکە ئەنجامی دەدات و لە هیچیشیان نەترسێ و قەتیش گوێ نەداتە ئیدانەی دەوڵەتانی دونیا .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار