تیۆری حەوکەمەی چینی

3 كاتژمێر لەمەوپێش
مەشخەڵ کەوڵۆسی
هەمووان ئەو ڕاستییە باش دەزانین كە هۆكار و ئامانجی دروستكردنی ڕێكخراوی "كۆمەڵەی گەلان" و دواتریش "نەتەوە یەكگرتووەكان" چی بوون؟ دواتر بەچی گەیشتن؟.
پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە: ئایا نەتەوە یەكگرتووەكان دەتوانێت بەم پێكهاتە و حزورەی ئێستایەوە، بەم توانا و میكانیزمەی كاركردنەوە، حوكمڕانی جیهان بكات؟ ئایا تا چەندە وڵاتانی ئەندام لەو ڕێكخراوە، پابەندی پرۆتۆكۆل و بڕوانامەی دامەزراندنی ڕێكخراوەكە بوون؟ ئایا لەسەدەی نوێدا، ئەو ڕێكخراوە دەتوانێت مرۆڤایەتی بپارێزێت و، چارەسەر بۆ ئاڵنگارییە چارەنوسسازەكان بدۆزێتەوە؟.
ئەمانە ئەو پرسیار و گومانانەن كە لەمێژە سەریان هەڵداوە، بە واتایەكی كردەیی ماناو پاساوێكیان بۆ بەردەوامی كاركردنی نەتەوە یەكگرتووەكان نەهێشتۆتەوە.
زۆرێك لەوانەی لەخەمی نەزمی ژیانی مرۆڤدان لەسەرزەویدا، كێشە و ئاریشە گەورەكانی ئەو ڕێكخراوەیان دیاری كردووەو، بەشێك لەچارەسەریشیان بۆ داناوە.
سەرۆككۆماری میللی چین " شی جین بینگ" كەلە بنەڕەتدا بیرمەندێكی ستراتیژی و نوسەرێكی خاوەن تێزی خۆیەتی، لەم میانەیەدا ڕەخنەی جیدی لە نەتەوە یەكگرتووەكان هەبووەو، دواجار نوێترین تێز بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بەرهەمهات و، لەدوایەمین كۆنگرەی " لوتكەی ڕێكخراوی شەنگهای لە9/2025" بەفەرمی پێشكەش كرا.
لەئێستادا گرنگترین ڕەخنەكانی چین لە سیستەمی كاركردنی نەتەوە یەكگرتووەكان، وەك لەتیۆری حەوكەمە" فەرمانڕەوایی جیهانی"یشدا، ئاماژەیان پێدراوە، بەكورتی ئەمانەی لای خوارەوەن:
یەكەم: ناهاوسەنگی كوشندە هەیە لە شێواز و ئاستی نوێنەرایەتی وڵاتانی باشوری زەوی لەگەڵ وڵاتانی باكور لەو ڕێكخراوەدا.
دووەم: بابەتی گەشەپێدان و گەشەپێدانی بەردەوام.
سێیەم:داخوران و داڕزانی دەستەڵاتەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان، بەجۆرێك لەئیستادا كەمترین ڕەچاوی دەستەڵاتەكانی ئەو ڕێكخراوە دەكرێت. بەتەنها لەبابەتی مافی ڤیتۆ و لێكەوتەكانیدا، ئەم مەسەلەیە ڕوونتر دەبێتەوە. لەئێستادا دەستەڵات لەناو ئەنجومەنی ئاسایش و كۆی ئۆرگانەكانی تری ڕێكخراوەكەدا لارە سەنگە و، هەموو بەرژەوەندییەكانی لایەك لەسەر حسابی لایەنەكانی تر، مسۆگەر دەكات و، ئەوەش متمانە و ڕۆڵی ڕێكخراوەكەی بەتەواوی لەناو بردووە.
چوارەم: لەكاتێكدا مرۆڤایەتی پێویستی بەوە هەیە پەلە بكرێت لە كۆمەڵێك دۆسیە، كەچی پلانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدان 2030 بەهیچ شێوەیەك كاری تێدانەكراوە، ئەوەش كێشە و ئاریشەی یەكجار زۆر قووڵی دروستكردووە، وەك كێشەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، سەرهەڵدانی كەلێنی دیجیتاڵی لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، كە ئەمە خۆی بۆخۆی پێویستی بەڕوونكردنەوەی زیاترە.
لەئێستادا كۆماری میللی چین چوار دەستپێشخەری گرنگی بۆ داڕشتنەوەی سیستەمی جیهانی لەسەدەی نوێدا هەیە: دەستپێشخەریی حەوكەمەی جیهانی، دەستپێشخەری شارستانیەتی هاوبەشی مرۆڤایەتی، دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهان، دەستپێشخەری ئاسایشی هاوبەشی جیهان.
پسپۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی چین دەڵێن: ئێمە بەو دەستپێشخەرییە نامانەوێت نەتەوە یەكگرتووەكان هەڵبوەشێتەوە یاخود ئەلتەرناتیڤی بۆ دروست بكەین، بەڵكو دەمانەوێت كارەكانی ڕێكبخرێنەوە بەگوێرەی ئەوەی لەگەڵ ئاریشە چارەنووسسازەكانی بەردەمی مرۆڤایەتی لەسەدەی تازەدا بگونجێن.
ئەگەر بەوردی سەرنجی ئەم تیۆرە یان ئەم دەستپێشخەرییە بدەین، تێبینی دەكەین لەسەر بنەمای پێنج تەوەر داڕێژراوە كە پێكەوە جەستەیەكی پتەو بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان دروست دەكەن. ڕووخساری گشتی تیۆرەكەش دەتوانین بە " یەكسانی لەسەروەری" و " گونجاندن لە هەمەچەشنیدا" بۆ ڕێكخستنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەقەڵەم بدەین.
