لەیادی مامجەلال-دا

3 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرتیپ جەوهەر

جگە سازانی بارودۆخ و زەمینەیەكی تایبەت، هاوكات سەركردە رۆڵی هەرە سەرەكی دەبینێت لەگۆڕینی رێڕەوی مێژوو. دەگوترێت سەركردە هەیە مێژوو دروستدەكات، هەیشە مێژوو دروستی دەكات. 

لەمێژووی نوێی گەلان، زۆر سەركردە هەبوون رۆڵیكی ئێجگار گەورەیان لەمێژووی میللەتەكەیان یان گەلەكەیان بینیوە. ئەوانە قوربانییەكی زۆریانداوە تا بوونەتە سەركردە، بەڵام لەهەمووی گرنگتر واقعبین بوون و لەپێداویستی قۆناغەكەی خۆیان تێگەیشتوون.

من پێموایە بەڕەحمەتێ‌ بی (مامجەلال) هەڵكەوتەی سەردەمی خۆی بوو، واقع بین بوو هەروەك لەپێداویستی قۆناغەكەو توانای میللەتەكەی خۆی گەیشتبوو، بۆیە زۆرباشتر لەهەمووان دەیزانی سیاسەت بكات، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە هەڵەو كەموكوڕیی نەبووبێت. لەدوای نەمانی ئەو، راستەوخۆ بارودۆخی هەرێم و ژیانی خەڵكی كوردستان خراپ بوو.

من كتێبی (كورد لەبەغدا)م نوسی. بۆ ئەو مەبەستە لەبەهاری 2017 واتە بەر لەریفراندۆمی ئەیلول سەردانێكی بەغدامكردو هەفتەیەك مامەوە، خەڵكێكی زۆرم بینی لەكوردو عەرەب، ئەنجام ئەوەی لێی تێگەیشتم ئەگەر مامجەلال لەبەغدا نەبووایە، بەدڵنیاییەوە ئەوەی لە ئەیلولی 2017 بەسەر كورددا هات زۆر زووتر روویدەدا، بەڵام مامجەلال قەڵغانێكی كاریگەر بوو لەبەغدا، هەمیشە رێگری دەكرد لەپەلاماری شۆڤینیەكان.

بەهۆی مامجەلالەوە پۆستی سەرۆك كۆمار زۆر كاریگەر بوو، لەدوای ئەو كاریگەری ئەو پۆستە بۆ كورد لاوازبوو، دواتر كاریگەری نەما.
بەرێككەوتن لەگەڵ كاك مەسعود لەبەغدا نوێنەرایەتی هەموو خەڵكی كوردستانی دەكرد، بەناوی كورد موخاتەبەی هەموو عەرەبی دەكرد، رەنگو رووی كورد بوو لەبەغدا، لەباتی هەموو حزبەكانی كوردستان بەپارتیشەوە رووبەرووی هەموو ئەو گرێ و گارانە دەبویەوە كە بۆ هەرێمی كوردستان دروستدەكرا. تائەو لەبەغدابوو سازانیی لایەنەكوردستانیەكان زۆر باش بوو، لەپەرلەمانی عیراق یەك فراكسیۆنی كوردستانیی هەبوو، ترس لەسەر 17%ی بودجەی هەرێم نەبوو. مامەڵە لەگەڵ كورد لەبەغدا لەسەر بنەمای تەوافوق بوو. بەڵام لەدوای ئەو هیچ شتێك لەجێگەی خۆیدا نەماو هەموو ئەوانەی باسمكردن تێكچوون و نەمان.

پێموایە بەڕەحمەتێ‌ بی (مامجەلال) خوێندەوارترین و واقعبینترین سەركردەی كورد بووە لەمێژووی نوێ ، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە تێبینی و سەرنج لەسەر ژیانی سیاسی و ئەنجامی كاری سیاسی نییە. بەدڵنیاییەوە لەپاڵ ئەوانەی باسمكردوون، ژیانی حزبیی و كاری سیاسی مامجەلالیش پرسیاری زۆر هەڵدەگریت وڵاممان دەستناكەوێ‌ ئەمەش جێدەهێڵین بۆ مێژوو، مێژوونوسان، بەڵام لەدوای خۆیشی میراتێكی گەورەی فەرهەنگیی سیاسی جێهێشت رەنگە سودی زۆری لێ ببینرێت.

مامجەلال لەرۆژێكدا وەفاتی كرد، كورد لەهەمووكات زیاتر پێویستی بەو بوو، بەدڵنیاییەوە ئەوەی لە 2017 روویدا،  
رووینەدەدا.
دروود بۆ گیانی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار