سەدام حسێن و خەونی هەرەسهێنانی ئابووری ئەمریکا

3 كاتژمێر لەمەوپێش
شارۆ شاهۆ
سالم جومەیلی، بەرپرسی هۆبەی ئەمریکا لە دەزگای هەواڵگری عێراق لە پەرتوکەکەیدا ( المخابرات العراقية 1968-2003: أسوار وأسرار) دەگێرێتەوە: «دوابەدوای هێرشەکانی ١١ سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١دا بۆ سەر ئەمریکا لەلایەن ڕێکخراوی ئەلقاعیدە.(سەدام حسێن) شارەزایانی ئابووری و مامۆستایانی زانکۆی سەر بە دەزگای هەواڵگری ئەکردارکردووە بە ئامادەکردنی دیدگای ستراتیژی خۆیان لەمەڕ داڕمانی ئابووری ئەمریکا. شیکەرەوەکان پێیان وابووە کە ئیدارەی ئەمریکی بەهۆکاری زۆری قەرزەکانی لە نێوان ساڵانی ٢٠٣٥- ٢٠٥٠ بەرەو داڕمانی تەواوەتی دەڕوات لەڕووی ئابووریەوە. خستنەڕووی ئەم دیدگایەش لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکدا (سەدام حسێن)ی نیگەران کردووە. چونکە ئەو پێی وابووە بەر لە ساڵی ٢٠١٢ ئەم هەرەسهێنانە ڕوودەدات ناگاتە ساڵی ٢٠٣٥».
بەگوێرەی گێڕانەوەی جومەیلی ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا هەر لە دامەزراندنی هەتاکو دەستبەکاربوونی بوشی دووەم، قەرزی گشتی ئەمریکا بە نزیکەی ٤ ترلیۆن دۆلار بوو. کاتێکیش بۆشی کوڕ پۆستەکەی جێهێشت لە ساڵی ٢٠٠٨، حکومەتی ئەمریکی ١٤ تریۆن دۆلار قەرزاربوو. بەهۆکاری جەنگ و زیادکردنی بودجەی سەربازی لە جەنگی عێراق و ئەغفانستاندا. هەنوکەش ڕێژەی ئەم قەرزەش گەیشتۆتە ٣٧.٤ تریلۆن دۆلار.
شایەنی باسە هەر ئیمساڵ ڕێژەی وەبەرهێنان لە کەرتی تایبەتی ئەمریکییدا گەیشتووە بە ٤.٢٧ تریلۆن دۆلار! عێراقیش تازە بە تازە بە فرۆشتنی نەوت و تەواوی سەرچاوە نانەوتییەکان لە نێوان کانونی دووەم هەتاکو مانگی تەمووزی ٢٠٢٥ داهاتی بودجەی فیدرالی گەیشتۆتە (٥٠ ملیار دۆلار) کە لە ٪٩٠ سەرچاوەی ئەم داهاتەش لە فرۆشتنی نەوت بووە (بە گوێرەی وەزارەتی دارایی عێراق). ئەوەی جێیگای تێڕامانە ئەو کۆمپانیایەی کە پاڵپشتی (دۆنالد ترامپ)یان کرد لە هەڵبژاردندا رێژەی قازانجیان نا ئاساییان کردووە. بەجۆرێک بەتەنها کۆمپانیای (Black Rock) داهاتی قازانجی ئیمساڵی هەتاکو هەنوکە گەیشتۆتە ٢١.٥٧٣ ملیار دۆلار کە کۆی گشتی سەرمایەی گەیشتۆتە ١٣٨.٦ ملیار دۆلار. کۆمپانیای (شیفرۆن-Chevron)یش بە ڕێژەی ٤٤.٨٢ ملیار دۆلار قازانجی کردووە کە وا پێشبینی دەکرێت داهاتی گشتی لە کۆتایی ئیمساڵدا بگاتە ١٩٥.٣ ملیار دۆلار. هاوتەریب بە زیادبوونی ڕێژەی قازانجی کۆمپانیای ئەمەزۆن کە تەنها لە دەستپێکی ئیمساڵ هەتاکو مانگی ئازار ١٥٥.٥ ملیار دۆلار قازانجی کردووە کە کۆی سەرمایەی کۆمپانیاکە ٣٢٣.٤ ملیار دۆلارە. هەروەتر، کۆی سەرمایەی کۆمپانیای تێسلاش گەیشتۆتە ٩٢.٧٢ ملیار دۆلار. ئەمەی کە ئاماژەمان پێیدا تەنها مشتێکە لە خەروارێک، ئەگەر بڕۆینە ناو داهاتی تەواوی کۆمپانیا ئەمریکییەکان تووشی سەرەوگێژهاتن دێین لە زۆری و ئاڵۆزی ئەو سەرمایەی و قەواڵە داراییانەی کە لەبازاڕە داراییەکانیان ئاڵوگۆڕ و مامەڵەی پێ دەکەن. ئەمەش سەرباری ئەوەی حکومەتی ئەمریکی لەم دواییانەدا داخراوە (shutdown)ە، بەهۆکاری تێنەپەراندنی بودجە لەلایەن کۆنگرێسەوە. کەچی دەبینین ئەم داخستنە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی دروست نەکردووە لەسەر بازاڕ و سەرمایەگوزاری ئەم کۆمپانیایانەی کە ئاماژەمان پێیاندا، کە ڕۆڵی گرنگ دەبینن لە فەراهەمکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ ئەو کەسەی کە دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا.
ئا لێرەدایە کە دیکتاتۆرەکان هەمویان لەیەک دەچن چونکە لەناو دونیایەکی پچوکراوەی پڕ لە پیاهەڵداندا دەژین، ناتوانن جیاوازی بکەن لەنێوان خەون و واقعدا. بەتایبەتی ئەو کاتەی کە دەبەزن بەرامبەر بە هێزێکی باڵاتر لە خۆیان. (سەدام حسێن) کە خەونی یەکخستنی هەمو ئومەی عەرەبی هەبوو لە دواساتەکانی دەسەڵاتییدا دڵنەوایی خۆی ئەدایەوە بەوەی کە ئەمریکا بەڵکو رۆژێک بێت بەهۆی زۆری قەرزەکانی هەرەس بێنێت! بەبڕوای من لەهەمو ترسناکتر مانەوەی ئەم میراتەیە بۆ دەسەڵاتدارانی کوردی کە پێیان وایە بە مۆڵکردنی چەند ملیۆن دۆلارێک دەتوانن خۆیان بسەپێنن و نازیان هەڵبگیرێت لەلایەن ئەوانەی کە ئەم شەیتان بازاڕە بەڕێوەدەبەن. یاخود پێیان وایە بە هەڵگرتنی گوتاری ناسیۆنالیستی و گەڕانەوە بۆ کلتووری کوردەواری دەتوانرێت دۆزی کورد لەناو هاوکێشە جیهانییەکاندا پاوەجێ بکرێت.
لەکاتێکدا بازاڕی جیهانی و ئەو ڕامیارییەی کە گرەنتی پاراستنی دەکات ناچارنیە ئەو نازە بەبێ بەرامبەر ڕەچاوبکات. ئەگەر بیشیکات بۆ ماوەیەکی کاتییە. بەڵام بۆ بێبەختی تاکی کورد جارێ سەرکردە گەندەڵەکانمان پارەی خۆیان دەدەن بۆ زامنکردنی مانەوەیان وەک بوکەڵەیەک. لەئاستە کولتووریەکەشدا، دونیابینی تاکی ئێمە هێشتا لەناو بەستێنی فۆلکلۆر و دابونەریتی کوردەوارییدا کوێرانە قەتیسبووە. پێی نەنگییە خۆی لێ ڕاپسکێنێت وەک ئەوەی ئەمە چارەنووسێکی ئەبەدی بێت!
